کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ئەتڵەتیك بیلباو نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیای بەدەستهێنا

.

01:04 PM - 18/01/2021

شەوی رابردوو ركابەرییەكانی جامی سوپەری ئیسپانیا كۆتایی پێهات و لە دوا وێستگەی ئەو جامەشدا هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و ئەتڵەتیك بیلباو لە یاریگای لا كارتۆخای شاری سیڤیلیە رووبەرووی یەك بوونەوە   هەر لە سەرەتاوە یاریزانانی هەردوو یانە بە شێوازی هێرشبردن دەستیان پێكرد   تا لە دەقیقەی 40 دا ئەنتوان گریزمانی فەڕەنسی بەربەستی یەكسان بوونی شكاند و گۆڵی پێشكەوتنی یانە كەتەلۆنیەكەی تۆمار كرد   خۆشی ئەو گۆڵەی بەرشەلۆنە زۆری نەخایاند و لە دەقیقەی 42 دا ئۆسكار دی ماركۆس ئەنجامەكەی بۆ یانەی بیلباو هاوسەنگ كردەوە و گێمی یەكەمی یارییەكەش بە گۆڵێك بۆ هەردوو یانە كۆتایی پێهات   لە دەست پێكی گێمی دووەمدا یارییەكە ئاست بەرزییەكی زیاتری بەخۆوە بینی و لە دەقیقەی 57 دا رائول گارسیا گۆڵی دووەمی یانەی ئەتڵەتیك بیلباوی تۆمار كرد   بەڵام ناوبژیوان ئەو گۆڵەی رەتكردەوە   لە ناوەراستی گێمی دووەمدا یاریزانانی بلاوگرانا كۆنترۆڵی نێو یاریگایان گرتە دەست و لە دەقیقەی 77 دا ئەنتوان گریزمان گۆڵی دووەمی خۆی و پێشكەوتنی یانەكەی تۆمار كرد   بەڵام لە دوا دەقیقەی كاتی یاسایی یارییەكەدا ئەسیێر فیلالێبری توانی ئەنجامەكە بۆ یانەی ئەتڵەتیك بیلباو یەكسان بكاتەوە و سەرەنجامیش هەردوولا پەنایان بردە بەر دوو گێمی زیاد كراو   لە سەرەتای گێمی یەكەمی زیادكراودا یاریزانانی بیلباو باشتر دەبیندران و لە دەقیقەی 94 یشدا ئیناكی ویلیامز گۆڵی پێشكەوتنی یانەكەی تۆمار كرد   هەرچەندە دوای ئەو گۆڵە یاریزانانی یانەی بەرشەلۆنە هەوڵی یەكسان كردنەوەی ئەنجامەكەیاندا بەڵام سەركەوتوو نەبوون و لە دوا دەقیقەی یارییەكەشدا ناوبژیوان میسی بە كارتی سوور كردە دەرەەوە   كە ئەوەش یەكەم جار بوو لە ژیانی یاری كردنی لەگەڵ بەرشەلۆنە كارتی سوور وەربگرێت   لە كۆتاییشدا ئەتڵەتیك بیلباو بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ یارییەكەی لە یانەی بەرشەلۆنە بردەوە و بۆ جاری سێیەمیش لە مێژوویدا نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیای بەدەست هێنا

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە