کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

لاهور شێخ جەنگی: یەكێتی سوورە لەسەر گرنگی جێبەجێكردنی سیستمی لامەركەزیی

.

09:26 PM - 17/01/2021

لاهور شێخ جەنگی لە ڕێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە لەگەڵ نوێنەرانی یەکێتیی لە وڵاتانی دەرەوە کۆبووەوە
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٧ـی١ـی٢٠٢١، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە ڕێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە بەشداریی کۆنفرانسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی کرد و لەگەڵ نوێنەرانی یەکێتیی لە وڵاتانی دەرەوە کۆبووەوە.
لەو ڤیدیۆکۆنفرانسەکەدا کە هەریەک لە دکتۆر سۆران جەمال تاهیر لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان و سەرکەوت محەمەد غەفور لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییەکانی دەرەوە و فریاڵ عەبدوڵڵا لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییە هەرێمایەتییەکان و نوێنەرانی یەکێتیی لە وڵاتانی دەرەوە ئامادەیبوون، گفتوگۆ کرا دەربارەی دواین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و ڕۆڵی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە هاوکێشە سیاسییەکاندا.
لە سەرەتای ڤیدیۆکۆنفرانسەکەدا لاهور شێخ جەنگی وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا بەرچاوڕوونیدا بە هەڤاڵانی نوێنەرایەتییەکانی دەرەوە لە بارەی شێوازی کاری حزبی لە دوای کۆنگرەی چوارەم و ڕۆڵ و پێگەی یەکێتیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بۆ دۆخی کۆرۆنا کرد و ڕایگەیاند لە دوای  کۆنگرە کۆرۆنا ڕێگر بووە لە ئەنجامدانی کار و چالاکییە حزببیەکان، بەڵام یەکێتیی لەو دۆخەشدا دەستەوەستان نەبووە و لە سۆنگەی پەرۆشیمان بۆ میللەتەکەمان و لە کاتی کەرەنتینەدا دەستمانکرد بە هاوکاریکردنی نەخۆشخانەکان و پێشکەشکردنی دەرمان و کۆمەکی پزیشکی و دروستکردنی نەخۆشخانە لە چەند شار و شارۆچکەیەکی هەرێمی کوردستان.
لاهور شێخ جەنگی باسی لە هەوڵەکانی یەکێتیی کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر ئاستی هەرێم و عێراق و پێداگریی یەکێتیی دوپاتکردەوە لەسەر گرنگی جێبەجێکردنی سیستمی لامەرکەزیی بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە هاووڵاتییان و ڕایگەیاند لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوانمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان چاوەڕوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانین بۆ جێبەجێکردنی لامەرکەزیی دارایی و کارگێڕیی لە هەموو پارێزگاکانی هەرێم.
ئاماژەشیکرد بە سەردانەکانی بۆ بەغدا و دیدار و کۆبوونەوەکانی وەفدی یەکێتیی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی لایەنەکان و حکومەتی فیدراڵی بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم و تێپەڕاندنی پشکی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١.
لە تەوەرێکی تری وتەکانیدا لاهور شێخ جەنگی پلان و بەرنامەی داهاتووی یەکێتیی بۆ هەڤاڵان لە نوێنەرایەتییەکانی دەرەوە ڕوونکردەوە، هاوکات سوپاسیکردن کە دڵسۆزانە ئەرکەکانیان جێبەجێکردوە و داواشی لێکردن کە خۆیان ساز و ئامادە بکەن بۆ داهاتوو بە گیانێکی یەکێتییانە کار بکەن بۆ خزمەتکردنی ڕەوەندی کوردی لە دەرەوە.
لە کۆتاییدا نوێنەرانی یەکێتیی لە وڵاتانی دەرەوە باسیان لە کار و چالاکییەکانیان کرد و سەرنج و تێبینییەکانی خۆیان خستە ڕوو، سوپاسی لاهور شێخ جەنگییان کرد کە ڕاشکاوانە بابەتەکانی بۆ ڕوونکردنەوە. هاوکات پرسیار و داواکارییەکانیان ئاڕاستە کرد و بە گرنگییەوە لە لایەن هاوسەرۆکەوە وەڵام درانەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە