کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

یاریەكانی جەولەی 19ی خولی باسكەی ئەورویا لیگ كۆتایی هات

.

11:07 AM - 14/01/2021

 بە ئەنجامدانی سێ یاری و دواخستنی یاریەك ركابەریەكانی جەولەی 19ی خولی باسكەی ئەوروپا لیگ كۆتاییان هات.
یانەی سسكا مۆسكۆی روسی لوتكەی ریزبەندی لەیانەی بەرشەلۆنە وەرگرتەوە دوای ئەوەی لەیاریگای خۆی بەئەنجامی 83 خاڵ بەرامبەر بە 73 خاڵ لەیانەی زالگریس كاوناسی لیتوانی بردەوە، یانە روسیەكە بەئاستێكی بەرزەوە دەركەوت و لەنیوەی یەكەمدا بەجیاوازی 13 خاڵ پێشكەوت دوای ئەوەی چارەكی یەكەمی 18 بە 11 خاڵ و چارەكی دووەمی 27 بە 21 خاڵ بردەوە.
لەسەرەتای نیوەی دووەم یانە لیتوانیەكە ریزەكانی رێكخستەوە و لەچارەكی سێیەمدا 20 بە 15خاڵ سەركەوتنی تۆماركرد، بەڵام لەچارەكی چوارەم و كۆتایدا جارێكی تر باڵادەستی بۆ سسكا مۆسكۆ گەرایەوە و 23 بە 21 خاڵ بردنەوەی لەو چارەكە تۆماركرد و یاریەكەی بەجیاوازی 10خاڵ و بەئەنجامی 83 خاڵ بەرامبەر بە 73 خاڵ بەسودی خۆی یەكلایی كردەوە و گەرایەوە لوتكەی ریزبەندی.
لە یاریەكی ترد یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی میوانداری زینیت سان بترسبۆرگی روسی كرد، دور لەچاوەروانی یانەی خاوەن یاریگا یانە روسیەكە لەخاڵ تۆماركردن پێشكەوت و دوو چارەكی یەكەم و دووەمی بە ئەنجامەكانی 19- 13 و 21-19 خاڵ بەسودی خۆی یەكلاییكردەوە و لەنیوەی یەكەمدا 8 خاڵ پێشكەوت، بەڵام لەسەرەتای نیوەی دووەمی یاریەكە یاریزانانی یانە باڤاریەكە گەرانەوە كەشی یاریەكە و لەخاڵ تۆماركردن پێشكەوتن و چارەكی سێیەمییان 24 بە 16 خاڵ بردەوە و ئەنجامەكەیان بە 56 خاڵ یەكسانكردەوە.
چارەكی چوارەم و كۆتایی ركابەریەكی بەهێزی بەخۆوەبینی و ئەنجامەكە تا ساتەكانی كۆتایی یەكلایی نەكرایەوە و سەرەنجام بایرن میونشن توانی 26 بە 24 خاڵ بردنەوە لەو چارەكەش تۆمار بكات و یاریەكە بەجیاوازی 2 خاڵ لە زینیت بباتەوە و بۆ پلەی سێیەمی ریزبەندی سەركەوێت.
لەلایەكی ترەوە یانەی پاناسیناكۆسی یۆنانی شكستی بەیانەی ئاسفیل لیۆن فیلۆریانی فەرەنسی هێنا و یاریەكەی بەئەنجامی 88 خاڵ بەرامبەر بە 71 خاڵ  لێ بردەوە، هەردوو یانە بەبەهێزی دەستیان بەیاری كرد و ركابەری یەكتریان دەكرد، بەڵام چارەكی یەكەم بە سودی یانە یۆنانیەكە بەجیاوازی 4 خاڵ تەواو بوو.
لەچارەكی دووەمدا هەردوو یانە بەدوای یەكدا خاڵیان تۆمار دەكرد، بەڵام یانە فەرەنسییەكە توانی 21 بە 20 خاڵ بردنەوە تۆمار بكات و لەنیوەی یەكەمدا جیاوازیەكە بۆ 3 خاڵ كەم بكاتەوە.
لەنیوەی دووەمدا جارێكی تر پاناسیناكۆس باڵادەستی بۆ گەرایەوە و توانی لەچارەكی سێیەمدا  25بە 18 خاڵ سەركەوتن تۆمار بكات پێش ئەوەی چارەكی چوارەمیش 18 بە 11 خاڵ بباتەوە و یاریەكە بەجیاوازی 17 خاڵ بەسودی خۆی یەكلایی بكاتەوە.
جێی باسە: یاری نێوان ریاڵ مەدریدی ئیسپانی و سرڤینا زڤیزدای سربی لەجەولەی 19ی خولی باسكەی ئەوروپا لیگ دواخرا، بەهۆی ئەوەی یانە سربیەكە لەبەر خراپی كەش و هەواوە نەیتوانی گەشت بۆ مەدرید بكات كە یاری چوونی ناو یاریگای یانە سربیەكە بەسودی ریاڵ مەدرید كۆتایی هات.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە