.
09:04 PM - 13/01/2021
پاش كۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە ، ١٣ ی ١ی ٢٠٢١ ی لیژنەی باڵای روبەروبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەسەرپەرشتی بەرێز وەزیری ناوخۆ و ئامادەبوونی بەرێزان: لە وەزیرانی تایبەتمەند و پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان، بریاردرا:
١- رۆژی شەممە ، ١٦ ی ١ ی ٢٠٢١، خوێندن لە قۆناغی ١٢ ی ئامادەیی،بە هەموو بەشەكانیەوە، لە قوتابخانە و خوێندنگە حكومی و ناحكومیەكان دەستپێدەكاتەوە.
٢- پرۆگرامی خوێندن بە ریزبەندی دەخوێندرێت.
رۆژ و كاتی تاقیكردنەوەكانی وەرزی و تاقیكردنەوە گشتییەكان بەگوێرەی ئەو خشتانەی كە بە نوسراوی فەرمی بڵاودەكرێنەوە كاریان پێدەكرێت.
٣- لەسەر ڕاسپاردەی وەزارەتی تەندروستی و بە مەبەستی خۆپارێزیی مامۆستایانی بەرێز تەنها ئەو كاتانە لە قوتابخانە دەبن كە وانەیان هەیە، پاش وتنەوەی وانەكانیان پابەند ناكرێن بە مانەوە لە ناو قوتابخانە.
٤- لە رۆژی شەممە ١٦ی ١ تا ماوەی یەك هەفتە، ئەو بژارەیە دەخرێتە بەردەم بەخێوكاری قوتابیان و خوێندكاران، لە رێگای فۆرمێكەوە كە وەزارەتی پەروەردە ئامادەی كردووە و لە قوتابخانەكان پڕ دەكرێتەوە، كە بەخێوكار سەرپشك دەكات قوتابیەكەی لە ناو پۆل بخوێنێت یان دەتوانێت خوێندنی ئەلیكترۆنی و ئۆنلاین و پاڵپشتی ماڵەوەی بۆ دابین بكات و نەچێتەوە بۆ قوتابخانە، بەڵام تەواوی تاقیكردنەوە نوسینەكیەكانی لە ناو پۆل دەبێت ئەنجام بدات.
٥- رێنماییە خۆپارێزییەكان لە ناوەندەكانی خوێندن جێبەجێ دەكرێت و پێگیریی بە رێنماییەكان زامنكاری بەردەوام بوونی خوێندنە، بۆ ئەو مەبەستە ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان بۆ بابەتی پرۆسەی خوێندن، كە بەسەرپەرشتی بەرێز پارێزگار یان سەرپەرشتیاری ئیدارە و بەرێوەبەرانی گشتی پەروەردە و تەندروستی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان پێكهاتووە ، هەماهەنگی دەكەن بۆ باش بەرێوەچوونی پرۆسەكە.
٦- لەڕووی پرەنسیپەوە، كۆبوونەوە پلانی وەزارەتی پەروەردەی پەسەند كرد بۆ دەستپێكی خوێندنی قۆناغەكانی ١ ی بنەڕەتی تا ١١ ی ئامادەیی و پەیمانگاكان، حكومی و ناحكومی ، كە لە ١ ی ٣ ی ٢٠٢١ دەستپێبكات، لە ٢ ی ٢ ی ٢٠٢١ لیژنەی باڵا كۆدەبێتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەوشی تەندروستی و هەر بریارێكی نوێ كە پێویست بێت بۆ گۆڕانكاری لەو بەروارە (بۆ قۆناغەكانی ١ ی بنەڕەتی تا ١١ ی ئامادەیی) بە گوێرەی بڵاوبوونەوە و كەمبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا. پاشان وەزارەت پلانی پەسەندكراو بە نووسراوی فەرمی گشتاندنی پێدەكات.
پارێزراو تەندروست ساغ بن.
راگەیاندنی وەزارەتی پەروەردە
١٣ ی ١ ی ٢٠٢١
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە