.
03:46 PM - 11/01/2021
لاهور شێخ جەنگی لەگەڵ كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان كۆبۆوە
لاهور شێخ جەنگی لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان و ئەندامانی ئەنجوومەن و سەرجەم لقەکانی کۆمەڵەکە کۆبووەوە
ئەمڕۆ دووشەممە ١١ـی١ـی٢٠٢١، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان سەردانی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستانی کرد و لەگەڵ جەمیل هەورامی سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان و ئەندامانی ئەنجوومەن و سەرجەم لقەکانی کۆمەڵەکە کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا کە بورهان سەعید سۆفی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی شەهیدان و تێکۆشەرانی یەکێتیی ئامادەی بوو، سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان باسی لە کار و چالاکییەکانی کۆمەڵەکەیان کرد و داواکاری و کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی خستە ڕوو داوای کرد کە هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان هاوکاریان بێت لە چارەسەرکردنیان.
دواتر لاهور شێخ جەنگی لە وتەیەکدا ئاماژەی کرد بە ڕۆڵی پێشمەرگە دێرینەکان و ڕایگەیاند؛ بە هۆی خەبات و ماندوبوونی ئەوان و سەرجەم پێشمەرگەکانی ڕێگای ڕزگاری و ئازادی کوردستان ئەو ئەزموونەی ئەمڕۆ بەدەستهاتووە، بۆیە دەبێت هەمیشە مێژووی پرشنگداری پێشمەرگە دێرینەکان بە جوانی و شکۆمەندییەوە بهێڵینەوە، داواشی لێکردن کە پێداچوونەوە بە کۆمەڵەکەیاندا بکەن و چاکسازی و پاکسازی بکەن و لە داهاتوودا کۆنگرەی خۆیان ببەستن.
لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بۆ دۆخی ئێستا کرد و جەختیکردەوە لەسەر یەکهەڵوێستی و بڕیاری سیاسیی لایەنەکان و چڕکردنەوەی هەوڵەکان لە بەغدا بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە کە قۆناغێکی هەستیارە، دووپاتیکردەوە کە بە ڕێککەوتنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ گرفتی مووچە و بودجەی هەرێم و کێشەی ناوچە دابڕێندراوەکان چارەسەر دەبن.
ڕاشیگەیاند؛ وەک یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان جەخت دەکەینەوە لەسەر گرتنەبەری خەباتی پەرلەمانیی بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلەکەمان و بەدەستهێنانی پشتیوانی بۆ پەسەندکردنی ئەو بڕگە یاساییە کە لە پڕۆژەی بودجەی ساڵی ٢٠٢١دا هاتووە و تایبەتە بە پشکی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردن مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
لە کۆتاییدا هەریەک لە ئەندامانی ئەنجوومەن و سەرۆک و جێگری سەرجەم لقەکانی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان سەرنج و پێشنیار و داواکاریی و کێشەکانیان خستە ڕوو.
لای خۆیەوە لاهور شێخ جەنگی بەڵێنی پێدان کە هاوکار و پشتیوانیان بێت و داواکارییەکانیان بۆ جێبەجێ بکات.
هەر ئەمڕۆ لاهور شێخ جەنگی ڕادیۆی دێرینی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کردەوە و پیرۆزبایی دەستپێکردنی پەخشی ئەو کەناڵە نوێیەی لێکردن و هیوای خواست کە ببێتە سەکۆیەک بۆ گەیاندنی دەنگی هەموو پێشمەرگە دێرین و تێکۆشەر و دانەبڕاوەکان بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئاشناکردنی نەوەکانی ئێستا و داهاتوو بە خەبات و مێژوی پرشنگداری پێشمەرگە دێرینەکان و هەموو تێکۆشەران کە ئەم ئەزموونەی ئەمڕۆی لێ بەرهەم هاتووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە