.
09:52 - 14/12/2020
سه‌ره‌تای پایزی ساڵی (١٩٨٣) بوو، ماوه‌یه‌ك له قه‌راغ لای مامۆستا موحسن گیرسابوومه‌وه، رۆژێك به بێته‌لی تیپی 57 ی سه‌گرمه، مه‌لا به‌ختیار داوای كردبوو بۆ لای ئه‌و بچم له شارباژێر، ئیتر منیش بڕیارمدا بچم و كه‌وتمه خۆ ئاماده‌كردن، سه‌ره‌نجام له‌گه‌ڵ كاك عه‌لی شامار وكاك سه‌لام كوێخا عه‌زیز و كاك حه‌مه قاشتی رێكه‌وتین به‌یه‌كه‌وه بڕۆین، سه‌ره‌تا بڕیارماندا له دیوی قه‌راغه‌وه بۆ مه‌ڵبه‌ندی یه‌ك له حاجی مامه‌ند برۆین، به‌ڵام به هۆی سه‌ختی شه‌ڕی ئێران ـ عیراق په‌ڕینه‌وه له شاره‌زوور بۆ شارباژێر قورس بوو، بۆیه ناچاربووین رێگه‌ی بازیان و پیره‌مه‌گرون و قزله‌ر و قه‌یوان و سیته‌ك بگرینه‌به‌ر، به‌ڵام كاك سه‌لام مایه‌وه چونكه ده‌یویست به‌هه‌مان رێگا بروات.
له‌و جه‌وله‌یه زۆر هیلاك و ماندوو بووم، فێری ئه‌و رۆشتنه زۆره و په‌ڕینه‌وه له جاده و سه‌ركه‌وتن به هه‌وراز و دابه‌زین نه‌بووم، هه‌رچۆنێك بێت رێگه‌مان بڕی له سه‌ر شاخی پیره‌مه‌گرون پیڵاوه‌كه‌م كه‌ڵكی نه‌ما و بەڵام باش بوو لە دێی (قزله‌ر )كاك هادی غوڵام، پێلاوێكی ئه‌دیداسی بۆ په‌یداكردم.
له دێی( باراو )به دیداری مه‌لا به‌ختیار شاد بوومه‌وه، دوای نزیكه‌ی حه‌وت ساڵ چاومان به‌یه‌ك كه‌وته‌وه‌و به گه‌رمی باوه‌شی بۆ كردمه‌وه، وه‌ك ئه‌وی به‌دوای بۆنی شه‌هیدان جوامێر وسه‌لام و سه‌لمان بگه‌رێ.! دوایی منی له‌گه‌ڵ خۆی سه‌رخست و به سه‌یاره رۆشتین بۆ ماڵیان له دێی( چنگیان ) له وێ یه‌كه‌مجار بوو چاوم به كاك سالار عه‌زیز و كاك دلێر سه‌ید مه‌جید بكه‌وێ چاویشم به رووناك شێخ جه‌ناب كه‌وته‌وه، كه‌له په‌یمانگای ته‌كنولۆجیای به‌غدا به یه‌كه‌وه‌بووین.
به‌نده تازه نه‌فه‌س بووم، زۆر له‌و دنیا تازه‌یه‌ی پێشمه‌رگایه‌تی شاره‌زا نه‌بووم، كاك سالار جاروبار توانجی لێده‌دام و ده‌یوت: گیانه وه‌ره‌پێشه‌وه وه‌كوو زۆپه كه‌مێك گه‌رمانكه‌ره‌وه.....!!!
دوای حه‌فته‌یه‌ك تارای هاوسه‌ریشم هات و له (چنگیان )هه‌وارمان هه‌ڵدا، خانویه‌كمان لە سه‌رووی ماڵی كاك به‌كر حاجی سه‌فه‌رمان ده‌سكه‌وت.
كاك به‌كری حاجی سه‌فه‌ر لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی یه‌ك بوو، ئای پیاوێكی چه‌ند سه‌نگین و نه‌جیب ودڵسۆز بوو، رۆژێك تارا سۆنده‌ی ئاوی ماڵی كاك به‌كر لێده‌كاته‌وه، سه‌تڵێك ئاو پر ده‌كات له‌و ئانه‌دا پێشمه‌رگه‌یه‌كی لای كاك به‌كر ئه‌یبینێت و ده‌ڵیت : نازانیت ئه‌م سۆنده ئاوه هی ماڵی كاك به‌كره، ئێوه پێشمه‌رگه‌ی كێن..؟ تاراش پێ ده‌ڵێت ئێمه پێشمه‌رگه‌ی كه‌س نین، ئه‌گه‌ر زۆریشت پێ ناخۆشه، سۆنده‌كه‌تان له‌به‌ره‌دم ماڵی ئیمه لابه‌ن، بیبه‌نه شوێنیكیتر. دوایی كاك به‌كر به‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی زانیبوو، له ماڵی مه‌لا به‌ختیار به‌یه‌كه‌وه بووین ،وتی:تارا قسه‌كانت له جێی خۆی بووه، له مه‌ودوا نه‌ك سه‌تڵی ئاو سۆنده‌كه‌ش به‌رن بۆ خۆتان ،دیاره پێشمه‌رگه‌كه ئێوه‌ی نه‌ناسیوه، به‌مه زانیم ئه‌م زاته چه‌ند سه‌خی ته‌بیعه‌ت و ره‌وشت به‌رزه، چونكه زۆر جار له‌شته بچووكه‌كانه‌وه ئه‌توانین خوێندنه‌وه بۆ شته گه‌وره‌كان بكه‌ین، ئیتر هه‌رواش ده‌رچوو، به‌درێژایی زه‌مه‌ن تێگه‌یشتم كه هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كه‌م بۆ ئه‌و پیاوه له‌جێی خۆیبوو.
به‌هۆی شه‌ری عیراق ـ ئێران ئه‌و كات ژیان له‌ناوچه‌ی شارباژێر سەخت بوو به تایبه‌تی له سنووری مه‌ڵبه‌ندی یه‌ك ،به‌رده‌وام تۆپباران و قه‌سفی ته‌یاره‌و هێرشی هه‌ردوولا به‌رامبه‌ر یه‌ك هه‌بوو، ئه‌مه ژیانی له‌و سنووره تاڵ كردبوو، هه‌ر به‌م هۆیشه‌وه چالاكی عه‌سكه‌ری پێشمه‌رگه تاراده‌یه‌ك راگیرابوو.
له‌و كاته‌دا ده‌نگوباسی گفتوگۆی نێوان رژێم و یه‌كێتی له ئارادابوو، كه له رێگای دكتۆر عه‌بدولره‌حمان قاسملۆوه رێكخرابوو و كاك فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادریش رۆشتبوو بۆ به‌غدا، هه‌ڤاڵانی لای من به گله‌یی و ره‌خنه بوون له شێوه‌و جۆر و ناوه‌رۆكی گفتوگۆكه له لایه‌ك و له لایه‌كی تره‌وه هه‌ڵوێستی توندیان له سه‌ر كوشتنی ووریا ره‌ش هه‌بوو، مامجه‌لال بۆ ئاگاداركردنه‌وه و به‌رچاو روونی هه‌ڤاڵان سه‌باره‌ت به گفتوگۆكه و چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌كی تر ملازم عومه‌ر عه‌بدوڵا‌ی ناردبوو.
چه‌ند رۆژێك مولازم عومه‌ر له ماڵی مه‌لا به‌ختیار مایه‌وه و دوایی گه‌رایه‌وه (مه‌رگه )دیار بوو مامجه‌لال، به بێته‌ل داوای كرد ئه‌و هه‌ڤالانه سه‌ردانی سه‌ركردایه‌تی بكه‌ن، ئیتر كه‌وتینه خۆ و كاك به‌ختیار كلاشنكۆفێكی قۆناغدار و شه‌س مه‌خزه‌ن و قه‌مسه‌له‌یه‌كی شینی نیو کۆتی دامێ ،كاك دلێریش كراسێكی شینی كالی تازەی دامێ کە له شاره‌وه بۆ هاتبوو ،ده‌یوت: به‌م باڵا و قه‌ڵافه‌ت و قه‌مسه‌ڵه شینه‌وه له ناو هه‌موو پێشمه‌رگه‌كان دیاریت.
له گه‌ڵ مه‌لا به‌ختیار و كاك دلیری سه‌ید مه‌جید وعه‌لی شامار، له چنگیانه‌وه به رێكه‌وتین له رێگاش له (بزه‌ینان) شێخ عه‌لی له گه‌ڵمان هات كه پیاوێكی سپی و هه‌ناری و لێو به خه‌نده و رێزدار و به جم‌وجۆل بوو ،وشه‌ی (لگفا")ی زۆر به‌كار دەهێنا، هه‌رچۆنێك بێت گه‌یشتینه (مه‌رگه) و بۆ لای مولازم عومه‌ر چوین، دوای رۆژێك مانه‌وه، ئه‌ویش هاوسه‌فه‌رمان بوو، له‌وێوه سه‌فه‌ره‌كه‌مان خۆشیه‌كی زۆری تێكه‌وت ملازم عومه‌ر به نوكته وقسه‌ی خۆش جه‌وله‌كه‌ی پركرد له خۆشی، ئێواره‌كه‌ی بۆ په‌ڕینه‌وه‌ی له‌ده‌ریاچه‌ی (دوكان ) به چه‌ند به‌له‌مێك كه‌وتینه‌ڕێ له به‌ر تاریكی شه‌و و ته‌مومژێكی زۆر وەکوە ئەوەی کەوتبینە ناو پەڵە هەورێکی قوڵ و بەرفرەوان،بە ئەستەم بەرچاوی خۆمان دەبینی و له یه‌ك دابڕاین، به‌هه‌زار حاڵ یه‌كترمان دۆزیه‌وه و به سه‌ر دێهاته‌كانی (هه‌نجیره )و( ته‌نگه‌زه )و( بێ مووشه ) دابه‌ش بووین ، به‌یانیه‌كه‌ی جارێکی‌تر یه‌كتریمان گرتەوە و ئێواره‌ی دواتر په‌ڕینه‌وه بۆ ئه‌وبه‌ر، ئه‌و شه‌وه له بناری شاخی كۆسره‌ت له دێی (تۆربە ) ماینه‌وه بۆ ئێواره‌كه‌ی به تراكتۆر و عه‌ره‌بانه به دۆڵی (هیران ـ نازه‌نین)دا رۆشتین بۆ گوندی (كونه فلوسه )ئه‌و شه‌وه له‌وێ ماینه‌وه، به‌یانیه‌كه‌ی زوو به سه‌ر شاخی (هه‌ورێ)دا سه‌ركه‌وتین، زۆر سه‌خت و ناره‌حه‌ت و بێ ئاو بوو، پێش نیوه‌رۆكه‌ی گه‌یشتینه دێی( چیوه‌ی سه‌روو )له‌وێ چه‌ند سه‌عاتێك حه‌ساینه‌وه بۆ عه‌سره‌كه‌ی به تراكتۆر و عه‌ره‌بانه به‌ره‌و خواره‌وه بۆ (زیخان) رۆشتین.
كاك نه‌وشیروان له سه‌ر رێی( زیخان ) چاوه‌ڕوانی هه‌ڤاڵانی ده‌كرد، ئێستاش بیرمه كڵاوێكی قه‌فقازی له سه‌ر بوو ،به‌گه‌رمی پێشوازی و به‌خێرهاتنی هه‌ڤاڵانیكرد، دوایی به‌یه‌كه‌وه بۆ لای مامجه‌لال چووین، كه له ته‌كیه‌كه‌ی زیخان چاوه‌ڕێی ئێمه‌ی ده‌كرد، ته‌كیه‌كه به بلۆك و چیمه‌نتۆ دروستكرابوو، كه دوو یان سێ ژوور به ته‌نشت یه‌كه‌وه بوون به‌بێ دیواری حه‌وشه. مامجه‌لال زۆر به گه‌رمی و (باڵاحچان والقبل )پێشوازی لێ‌كردن، به‌كه‌یف بوو، جامانه‌یه‌كی كۆییانه‌ی بەستبوو، یه‌كه‌م جار بوو مامجه‌لال و كاك نه‌وشیروان ببینم، مه‌لا به‌ختیار له‌و دانشتنه‌دا منی به مامجه‌لال وكاك نه‌وشیروان ناساند ، كاك نه‌وشیروان زۆر پێی خۆش بوو ،ئه‌ویش به چه‌ند وشه‌یه‌كی رێز‌و پێ‌زانین منی به مه‌جلسه‌كه ناساند دوایی گوتی: عیماد پێم باشه بتبینم ،منیش كۆلێك پێم خۆش بوو.
مام جه‌لال زۆر به بێزارییه‌وه باسی شه‌ڕی بێتواته‌ی ده‌كرد، زووخاو له دڵ و ده‌رونی ده‌تكا، باسی راوڕوتی هه‌ندێ لێپرسراوی عه‌سكه‌ری و پێشمه‌رگه‌ی ده‌كرد، یه‌كه‌م جار بوو گوێم له وشه‌ی( ئار ئار )بێت، ئه‌یوت: له ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیم شتی له‌م جۆره‌م نه‌بینیووه و نه‌بیستووه، ئه‌مه تۆوی فاشییه‌ته ئه‌گه‌ر زوو فریای نه‌كه‌وین سه‌ری خۆمان و شۆرشه‌كه‌شمان ئه‌خوات ...!!
زۆر به كورتیش باسی گفتوگۆكه‌ی كرد و وتی: پێم باشه مولازم عومه‌ر و مه‌لا به‌ختیار لامان بمێننه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر قسه‌بكه‌ین وبه‌یانیش بریاره كۆپته‌ر بێت و برۆین بۆ به‌غدا.
ئه‌وان مانه‌وه، كاك عه‌لی شامار و من بۆ دێی (بالیسان) چووین بۆ رۆژی دوایی كۆپته‌ر له ئاسمانی بالیسان فڕه‌فڕی دەهات له نزیك ته‌كیه‌كه، نیشته‌وه. حاجی مه‌مۆ و كاك عه‌لی شامار به‌نده‌و ژماره‌یه‌ك له كادر و پێشمه‌رگه له‌و ده‌وروبه‌ره‌بووین، مام جه‌لال و كاك عومه‌ر و مه‌لابه‌ختیار و كاك قادری حاجی عه‌لی و كاك رێكه‌وت عوسمان، خه‌ریكی چوونه‌ناو كۆپته‌ره‌كه بوون ،مه‌لا به‌ختیار هات بۆ لای حاجی مه‌مۆ و من یه‌كسه‌ر حاجی پێی وت : تۆش ده‌چیت ؟ مه‌لا به‌ختیار سه‌ری هێنایه پێشه‌وه و وتی : مه‌سه‌له‌كه حه‌ساسه و ئه‌بێت ئێمه‌ش ئاگامان لێ بێت. ئیتر هه‌موویان سه‌ركه‌وتن و له دواییدا مه‌لا به‌ختیار ئیشاره‌تی بۆ كاك دلێر كرد، كه ئه‌ویش سه‌ركه‌وێت دوای ره‌زامه‌ندی مامجه‌لال، كۆپته‌ر فڕی بۆ كەركوك ئینجا بۆ به‌غدا.
بۆ عه‌سره‌كه‌ی من بۆ لای كاك نه‌وشیروان رۆیشتم له‌هه‌مان شوێن، به لوتف و ئیحترام بوو له‌گه‌ڵم، پرسیاری بارودۆخی به‌غدا و خانه‌قین و رێكخستنی كرد، هه‌ر له پرسیاره‌كانی بۆم ده‌ركه‌وت ئه‌م پیاوه چه‌ند سه‌نگین و وورد و شاره‌زایه، دوای مامجه‌لال كه‌س نه‌بوو شان له شانی بدات. ھەر لەدرێژەی دانیشتنەکەماندا کاک نەوشیروان ووتی:عیماد بۆ ئیوه‌ی خانه‌قینی ئه‌وه‌نده‌ی لێپرسراوتان له ناو شۆرش هه‌یه ئه‌وه‌نده پێشمه‌رگه‌تان نییه. ؟ له وەڵامدا ووتم : له به‌رئه‌وه‌ی چالاكی پێشمه‌رگایه‌تی تائێستا نه‌گه‌یشتووته سنوری خانه‌قین تا خه‌ڵكه‌كه زیاتر په‌یوه‌ندی به شۆرشه‌وه بكات، سه‌باره‌ت به‌زۆری لێپرسراوه‌كانیش هۆیه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك له كادره پێشكه‌وتووكانی خانه‌قین، رۆڵیان هه‌بووه له دروستكردنی كۆمه‌ڵه و یه‌كێتی و هه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ی شۆرشی نوێ‌دا دوای ووتی: تۆ ئه‌ته‌وێ چی بكه‌ی ؟ منیش ووتم ئه‌مرتان به چییه و چی به‌باش ده‌زانن من رهنی ئیشاره‌تی ئێوه‌م، لەوکاتەدا یه‌كسه‌ر بیرم له دروستكردنی كۆمیته‌ی رێكخستنی خانه‌قین كرده‌و وتم:پێت چۆنه كۆمیته‌یه‌كی رێكخستن بۆ خانه‌قین درووست بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه پڕبكه‌ینه‌وه؟ فكره‌كه‌ی زۆر پێ باش بوو و گوتی: منیش هاوكار و پشتیوان ده‌بم، دوایی له گه‌ڵ كاك ئازاد هه‌ورامی بڕیاری كردنه‌وه‌ی كۆمیته‌ی رێكخستنی خانه‌قینیاندا، كاك نه‌وشیروان كاك مه‌لا ئیبراهیم و كاك جه‌بار یاوه‌ر و مامۆستا كاوه‌ی بۆ ئه‌ندامی كۆمیته‌كه ده‌ستنیشانكرد،
به ماوه‌یه‌كی كه‌م بێ ئه‌و سێ هه‌ڤاڵه‌ی كه ده‌ستنیشان كرابوون، له‌گه‌ڵ مامۆستا سۆران و مامۆستا نه‌جم و كاك كامه‌ران و مامۆستا دڵشاد كۆمیته‌كه‌مان دامه‌زراند، سه‌ره‌تا باره‌گای كۆمیته‌كه له دێی( حه‌سه‌ن مه‌حه) بوو له گه‌رمییان، دوایی گواستمانه‌وه بۆ دێی (ژاڵه‌ی سه‌فه‌ر)
له‌و ماوه‌یه خه‌ریكی به‌هێزكردنی رێكخستن و په‌یوه‌ندی كردن به جه‌ماوه‌ر و كردنه‌وه‌ی خولی رۆشنبیری بووین،
بۆ مێژوو كاك عه‌لی شامار ده‌ورێكی باڵای هه‌بوو له‌م مه‌سه‌له‌یه، هێزێكی پێشمه‌رگه‌ی له‌خانه‌قین دروست كرد و دوایی له‌گه‌ڵ هێزێكی تر له گه‌رمیان تیپی (٥١) گه‌رمیان دروستكرا، كاك مه‌حمود سه‌نگاوی بوو به سه‌رتیپ و كاك عه‌لی شاماریش بوو به جێگری.
له‌و سه‌رده‌مه‌دا ململانێ له ناو كۆمه‌ڵه‌دا رۆژ به رۆژ قووڵتر و توونتر ده‌بوو، سه‌ره‌نجام من كه‌وتمه به‌ره‌ی معاره‌زه‌ی ناو شۆڕش و ته‌نانه‌ت یه‌كێك له توندڕه‌وه‌كانی بووم!
ئێستا ده‌زانم چه‌ند به‌دوای خه‌ونی لاساییكره‌وه‌ی ئه‌زموونی چین و كوبا و وشه‌ی بریقه‌داری ناو كتێبه ماركسیه‌كانه‌وه بووم، به‌كه‌م ئه‌زموونی و به خه‌یاڵ پڵاوی ده‌مویست كه‌وڵی مامزی (چین و ماچین )بكه‌مه به‌ر ئاسكی گه‌رمیان!
له‌و سه‌رده‌مه‌شدا هه‌ر باس باسی( عیراقچێتی)بوو ،کە وەکوو تۆمەت دەدرایە پاڵ ئەموو ئەوەوە لە سەر شێوەی (قاچاخچێتی،ساختەچێتی )، له‌و باره‌یه‌وه دۆخه‌كه زیاتر له‌و به‌سه‌رهاته ده‌چوو كه كاك جه‌بار فه‌رمان، فیله‌ته‌نه‌كه‌ی یه‌كێتی و پیاوی به‌وه‌فا وسه‌خی ته‌بیعه‌ت، ده‌یگێرایه‌وه كه بێوه‌ژنێك له دێكه‌یان هه‌بووه زۆر شه‌ڕ فرۆش و ده‌م هه‌راش و نه‌گونجاو بووه ، هه‌موو جارێك كه عه‌باسی كوڕی ده‌گه‌رێته‌وه ماڵ، لێ ده‌پرسێ عه‌باس رۆڵه ده‌نگ وباس چه‌س؟ عه‌باسیش ده‌ڵێت :داكه باس باسی دایك عه‌باسه....!!
به‌ڵام داخه‌كه‌م به ده‌سه‌ڵات و موعاره‌زه‌ی ناو شۆڕش، زه‌ره‌ری گه‌وره و قورس به‌ر یه‌كێتی و شۆرشه‌كه‌مان كه‌وت، له‌كۆتایدا هیوادارم ئه‌و روداوانه به خۆش و ناخۆشیانه‌وه، به باش و خراپیانه‌وه بۆ ئه‌مڕۆمان ببن به په‌ند، نه‌ك بمانكه‌ن به په‌ند!
عیماد ئەحمەد
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە