کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

میدیای یەكێتی، میدیایەكی بەرپرسە نەك لاواز

.

09:08 PM - 12/12/2020

میدیای یەكێتی، میدیایەكی بەرپرسە نەك لاواز
هەڵگورد جەلال

لێرەو لەوێ، قسەی زۆر لەسەر میدیای یەكێتی دەكرێت و شتی زۆری لەسەر نووسراوەو دەشنوسرێت، هەندێك لەو سەرنجانەی باس دەكرێن، سەرنجی جددین و لەروانگەی دڵسۆزی و پەرۆشییەوەیە، بەڵام زۆرینەی لەسۆنگەی تێنەگەیشتن و بێ ئاگایی و شكاندن و بێ بەهاكردنەوە دەوترێن و دەنووسرێن.
چەندین ساڵە لەنێو میدیای یەكێتیدا كار دەكەم نزیكەی 10 ساڵێكیش دەبێت لەئاستی بەرپرسیارێتیدا بووم و ئاگام لەزۆرینەی بڕیارو وردەكارییەكان هەبووەو هەیە، بۆیە ئەمەش باس دەكەم بۆ ئەوەی پەیامەكەم بگات،
میدیاو میدیاكارانی یەكێتی، هەمیشە باوەڕیان بەپرەنسیپی ئاكاری كاری میدیایی و هەستكردن بەبەرپرسیارێتی هەبووە، نەك هەڵپەكردن بۆ زیادكردنی بینەرو خوێنەرو گوێگرو ئێستاش زیادبوونی لایك و ئەكتیڤبوونی پەیج، هەمیشە میدیاو میدیاكارانی یەكێتی لەسەر ئەوە راهێنراون، بابەتیانە هەواڵ و زانیارییەكان رووماڵ بكەن، نەك ببنە مایەی دروستكردنی كێشەو ئاشوبی گەورە، میدیاو میدیاكارانی یەكێتی، پابەندن بە رەخساندنی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و سیاسی، نەك دروستكردنی فەوزاو پشێوی، میدیاو میدیاكارانی یەكێتی، بەزمانی گوڵ رەخنە دەگرن و كەموكورتییەكان بڵاودەكەنەوەو وەڵام وەردەگرنەوە، نەك بەنووكی چەقۆ رووماڵ بكرێت و تەنهاو تەنها ناشرینییەكان پەحش بكرێت، كەناڵ و میدیاو میدیاكار هەیە، سلێمانی وەك یەمەن دەبینێت و هەولێرو دۆهكیش وەك ڤییەناو رۆما، میدیا و میدیاكاری یەكێتی، دەزانێت دروستكردنی پشێوی و ئاڵۆزی لەهەرێمی كوردستان، چ زیانێكی دەبێت، چ زیانێك بەناوبانگی هەرێم دەگەیەنێت، كۆمپانیاكان دەكشێنەوەو وەبەرهێنەرانیش پرۆژەكانیان رادەگرن.
میدیاو میدیاكارانی یەكێتی، وەك میدیاو میدیاكارە (پرۆفیشناڵ و بێ ركابەرو هاوسەنگ و بێلایەن و سەربەخۆ)كان، دەتوانن، تۆوی فیتنە و ئاژاوە بچێنن، ئاسانە بۆیان ئاشوب و ئاژاوە بخەنە نێو كۆمەڵگەوە، دەتوانن پرۆگرام و دراماو بەرنامەی دژ بەكلترو ئادابی كۆمەڵگەی كوردی پەخش بكەن، بەڵام نایبكەن و نەیانكردووە، چونكە ئەوان بەرپرسیارانە مامەڵە دەكەن و هۆشیاركردنەوەو خزمەتكردنی كۆمەڵگە بەئەركی خۆیان دەزانن، نەك دروستكردنی ئژاوەو بەلاڕێدابردنی رای گشتی.
 ئەو كەناڵانەی ئێن ئارتی كەبەپارە و كارتی چاڤیلاند، مووچەی كارمەندەكانی دابین دەكات، باش لەوە ئاگادارن، ئەگەر میدیاو میدیاكارانی یەكێتی، بەتۆن و نەفەسی ئەوان كاربكەن و بیر بكەنەوەو رووماڵ بكەن، چ ئاشوبێك لەم ناوچەیە دروست دەبێت و هیچ گەشتیارێك روو لەچاڤیلاندەكەیان ناكات و ئەو كات، نەك هەر مووچەكەیان نابێت، مەگەر بەكارتی چاڤیلاند دەوام بكەن، (ئێستاشی لەگەڵدا بێت زۆرینەی كات ئەم سیستمە پەیڕەو دەكرێت و مووچەكانیان پابەندە بەداهاتی چاڤیلاند و بەشێكیشی بەكارتی چاڤیلاند)، زۆر ئاسانە، بۆ میدیاو میدیاكارانی یەكێتی، رۆبچنە نێو وردەكاری ژیانی تایبەتی كەسەكانەوەو بیانگریەنن و بیانكەدە ماتریاڵی میدیایی و ماركیتینی پێوە بكەن، بەڵام ئەوە دوورە لە رەفتارو ئاكارو گووتاری میدیاو میدیاكارانی یەكێتی.
بەراستی ناكرێت، كەناڵی میدیایی هێندە بانگەشەو موزایەدەی دادپەروەری و پابەندبوون بەیاسابكات، زۆرنای جەنگی ئەهلی و وێرانكردنی ئەم وڵاتە بژەنیتَ، بەڵام خۆی هیچ یاسایەكی كاری میدیایی و هیچ ئیتیكێكی رۆژنامەوانی پەیڕەو نەكات، بەڵام خاوەنی ئەم كەناڵە دەیەوێت لەرێگەی دروستكردنی ئەم دۆخەوە، گەندەڵییەكانی خۆی بشارێتەوە، چارنووسی خاوەن پشكەكان ون بكات، قەرزەكانی حكومەت بخوات، گەندەڵی ناو پرۆژەكانی دیزە بەدەرخۆنە بكات.
دۆخی پێشووی یەكێتی، زەمینەی بۆ هەندێك لەو میدیایانە رەخساند، دروستببن و پێ بگەن، چونكە سەرقاڵبوون بەدۆخی یەكێـتی و كێشەكانی یەكێتی و ململانێكانی ئەو دەمەی یەكێتی، بێ ئاگا لەوەی میدیاو میدیاكارانی یەكێتیش، دەتوانن رۆبچنە نێو كێشەی بنەماڵەو ناو حزب و ئۆرگان و پرۆژە تایبەتییەكانی خاوەنی ئەو جۆرە میدیاو میدیاكارانە.
كەم نین، ئەو میدیاكارو رۆژنامەنووسانەی خۆیان بەسەربەخۆو بێ لایەن ناو دەبەن، بەڵام هەمیشە بەرژەوەندییەكیان لەگەڵ یەكێتی هەیە، یان لەسەركردەكانی یەكێتی بەدوای بەدەستخستنی زانیاری و هەواڵەوەن..
لەئاڵۆزییەكاندا، میدیاو میدیاكاری یەكێتی، لەخەمی پاراستنی ئاشتی و ئارامی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی و سیاسیدایە، لەجەنگی دژی داعشدا، دەنگ و رەنگی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەو دژەتیرۆرو پۆلیس بوون، خەمخۆری خانەوادەو سەروەرییەكانی شەهیدانە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرنا، هەموو توانایەكی خستەگەڕ، زۆرترین كارمەندی تووشی كۆرۆنابوو، لەپێناوی ئەوەی زۆرترین زانیاری و هۆشیاری بگەیەنێتە هاووڵاتیان و ئومێدیان لادروست بكات، بەوەی كۆرۆناش تێدەپەڕێت.
لەخۆپیشاندانەكانی ئەم دواییەشدا، میدیاو میدیاكارانی یەكێتی، نە بێ دەنگ بوون نە لاواز بوون، نە بێ ئاگا، بەڵكو بەنەفەسی هێوركردنەوەی دۆخەكە، خستنەرووی مەترسییەكان، هۆشیاری بۆ پاراستنی موڵكی گشتی و دامەزراوەكانی دەوڵەت كاری كرد، بێ ئاگانەبوو لەوەی روو دەدات، بەڵكو بەئاگاترە لەوەی لەدەستدەرچوونی دۆخەكە، هەمووان بەرەو هەڵدێر دەبات، بەوانەشەوە لەسەر میدیاو میدیاكارانی یەكێتی دەنووسن.
بەكوردی و بەكورتی،
ئەو زانیاری و هەواڵ و وێنانەی لای زۆرینەی میدیاكان هەیە،لای میدیاو میدیاكارانی یەكێتیش هەیە، بەڵام میدیاو میدیاكارانی یەكێتی، پەلەیانە لەوەی زۆرترین خزمەت بەخەڵك بگات و گوێ بەوە نادات چەند شوێنی تر پێشتر بڵاوی دەكەنەوە، بەڵام زۆرینەی میدیاكانی تر، پەلەی یەكەمی و بێ ركابەرییانە، بەبێ گوێدانە میزاج و بەرژەوەندی هاووڵاتی. بۆیە، میدیاو میدیاكارانی یەكێتی، نەلاوازن نە بێ ئاگا، بەڵكو بەرپرسیارن و بەئاگا.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە