کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

عیراق دەبێتە چەقی پڕۆژەی رێگای ئاوریشم

.

07:08 PM - 05/12/2020

وەزیری‌ گواستنەوەی‌ عێراق تەئكید دەكاتەوە، عێراق دەبێتە ناوەندی‌ پرۆژەی رێگای‌ نێودەوڵەتی‌ وشكانی‌‌و دەریایی (رێگای‌ ئاوریشم) كە هەردوو كیشوەری‌ ئاسیا و ئەوروپا بە یەكەوە دەبەستێتەوە.
(ناسر حسێن شبلی) وەزیری گواستنەوەی عیراق لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی سەباحی نیمچە رەسمی عیراق رایگەیاند: عیراق دەبێتە چەقی پرۆژەی رێگەی ئاوریشم كە رێگەیەكی بازرگانییە‌و بە زۆر وڵاتدا تێدەپەڕێت، ئەمەش پەیوەستە بە تەواوكردنی بەندەری گەورەی فاو، كە لەرۆژانی داهاتوودا گرێبەستەكەی لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكار ئیمزا دەكرێت.
وتیشی، لە حاڵەتی‌ تەوابوونی‌ بەندەری‌ فاودا عێراق دەبێتە ناوەندی‌ رێگای‌ ئاوریشم، كە چین كاری‌ لەسەر دەكات بۆ ئەوەی‌ ئەوروپا بە ئاسیاوە ببەستێتەوە.
ئاماژەشی‌ بەوەشدا كە دوای‌ تەواوبوونی‌ پرۆژەكە كەناڵی‌ وشكانی‌ جێبەجێ دەكرێت بۆ ئەوەی‌ بەندەری‌ فاو بە توركیاوە ببەسترێتەوە، بەوشێوەیەش هێڵێكی‌ بەستنەوە لەنێوان چین بۆ پاكستان و بەندەری‌ فاو لە رێی‌ دەریاوە دروست دەبێت و لەڕێی‌ هێڵی‌ ئاسنینەوە بە ئەوروپاوە دەبەسترێتەوە.
وەزیری گواستنەوەی عیراق تەئكیدی كردەوە، جێبەجێكردنی‌ رێگای‌ ئاوریشم لەڕێی‌ عێراقەوە هەزاران هەلی‌ كار دەڕەخسێنێت و داهاتێكی‌ گەورەی‌ بۆ وڵات دەبێت، كە هاوشێوەی‌ داهاتی‌ وەزارەتی‌ نەوت دەبێت، ئەمەش پەیوەستە بە تەواوكردنی‌ بەندەری‌ گەورەی فاو.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە