کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

مەڵبەندی 2 ی رێكخستنی كەركوكی ی.ن.ك بەیاننامەیەكی بلاوكردەوە

.

09:52 PM - 04/12/2020

به‌ هۆی به‌شداری نه‌كردنی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی كه‌ركوك و نه‌بوونی هاوسه‌نگی و هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ له‌ دابه‌شكردنی پۆست و ده‌سه‌ڵاته‌كانی ناوخۆیی و دۆسێیه‌ی ئه‌منی له‌ كه‌ركوك و زیاتر كه‌ڵه‌كه‌بوونی كێشه‌كانی ته‌عریب و كێشه‌ی زه‌وی و زاره‌ كشتوكاڵییه‌كان و رێگرییكردن له‌هاتووچۆكردنی هاوڵاتیان له‌ خاڵه‌كانی پشكنین، وه‌فدێكی مه‌ڵبه‌ندی دووی رێكخستنی كه‌ركوكی ی.ن.ك به‌ سه‌رۆكایه‌تی لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ند، له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بی له‌كه‌ركوك، رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو، به‌ئاماده‌بوونی پارێزگاری به‌ وه‌كاله‌تی كه‌ركوك، سه‌ردانی به‌غدایان كرد و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆماری عیراق كۆبوونه‌وه‌.
له‌دیداره‌كه‌دا زۆربه‌ی كێشه‌ و گرفته‌كانی پارێزگای كه‌ركوك خرایه‌ڕوو، ئه‌ویش به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنیان به‌پێی به‌نده‌كانی ده‌ستور، لایه‌نه‌كان هاوڕابوون له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی باشترین رێگه‌چاره‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌ سه‌رپه‌رشتی و پشتیوانی كردنی سه‌رۆك كۆمار.
ئه‌و پرسانه‌ش بریتیی بوون له‌
- پشتیوانی كردنی دۆسێیه‌ی هاوسه‌نگی له‌ئیداره‌ی كه‌ركوك به‌جۆرێك كه‌ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان، نوێنه‌رایه‌تیان تێدا هه‌بێت له ‌كورد و عه‌ره‌ب و توركمان و كلدۆ ئاشوری.
- له‌ گه‌ڵ پێكهێنانی هێزێكی هاوبه‌ش له‌سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی كه‌ركوك به‌شێوه‌یه‌ك به‌رپرسیارێتی مه‌له‌فی ئه‌منی شاره‌كه‌ بگرێته‌ ئه‌ستۆ.
- ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و دابینكردنی خزمه‌تگوزاری بۆ ناوچه‌ زیانلێكه‌وتووه‌كان له‌كه‌ركوك.
- په‌له‌كردن له‌ كردنه‌وه‌ی فرۆكه‌خانه‌ی كه‌ركوكی نێوده‌وڵه‌تی، به‌جۆرێك له‌ ئیداره‌دانیدا هاوسه‌نگی بپارێزرێت.
- پاڵپشتیكردنی لیژنه‌ی په‌رله‌مانی پێكهاتوو له‌ نوێنه‌رانی پێكهاته‌كانی كه‌ركوك به‌سه‌رپه‌رشتی حكومه‌تی ئیتحادی و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان پێكهاته‌كان و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات به‌جۆرێك مافی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی كه‌ركوك زامن بكات له‌پرسی هاوسه‌نگی و شه‌راكه‌ت له‌ به‌رێوه‌بردنی پارێزگاكه‌.
- چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان به‌جۆرێك مافی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان دابین بكات.
- شاره‌وانی كه‌ركوك سه‌رپشك بكرێت بۆ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری پێویست بۆ دانیشتوانی شاره‌كه‌.
مه‌ڵبه‌ندی دووی رێكخستنی كه‌ركوكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان سوپاسی دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عیراق ده‌كات بۆ ئه‌و هه‌وڵ و بێلایه‌نی و نێوه‌ندگیرییه‌ی بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی كه‌ركوك په‌یڕه‌وی ده‌كات.
هه‌روه‌ك مه‌ڵبه‌ندی دووی رێكخستنی كه‌ركوكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، جه‌ختیكردۆته‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی كه‌ركوك له‌كورد و عه‌ره‌ب و توركمان و كلدۆ ئاشوری له‌لایه‌ك و له‌گه‌ڵ حزب و لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كانی دیكه‌ له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ كارده‌كه‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ و دانانی رێگه‌چاره‌ی پێویست بۆ لابردنی ئاسته‌نگه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌پێناو دابین كردنی مافی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی كه‌ركوك له‌پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی شه‌راكه‌ت و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتی له‌ پارێزگاكه‌دا.

مه‌ڵبه‌ندی دووی رێكخستنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان
4/12/2020

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە