کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

خاتوو شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د پێشوازی له‌ وه‌فدێكی نوێنه‌رانی ئایین و ئاینزا‌ جیاجیاكانی عیراق و كوردستان ده‌كات

.

06:55 PM - 01/12/2020

ئەمڕۆ 1-12-2020، له‌ ده‌باشان، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشوازیكرد له‌وه‌فدێكی نوێنه‌رانی ئایین و ‌ئاینزا جیاجیاكانی عیراق و كوردستان، كه‌ به‌مه‌به‌ستی ده‌ربڕینی پشتیوانی بۆ په‌ره‌پێدانی زیاتری پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ و دووپاتكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی پته‌وی نێوان ئایین و پێكهاته‌كان سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه‌.  

وه‌فدی میوان كه‌ له‌ نوێنه‌رانی مسوڵمانی سوننه‌ و شیعه‌، و مه‌سیحی و كلدان و ئێزدی و شه‌به‌ك و كاكه‌یی و سابئه‌ و زه‌رده‌شتی و به‌هایی و باڵیۆزانی ئاشتی پارێزگاكانی عیراق پێكهاتبوو، ستایشی پێكه‌وه‌ژیانی پێكهاته‌ و ئایینه‌ جیاجیاكانیان كرد له‌ هه‌رێمی كوردستان و هیوایان خواست نمونه‌ی ئه‌و شێوازه‌ له‌ ناوچه‌كانی دیكه‌ی عیراق په‌یڕه‌وبكرێت.

له‌دیداره‌كه‌دا، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان وێڕای به‌خێرهێنانی گه‌رمی وه‌فده‌كه‌، دیدی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانی بۆ روونكردنه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ رێزگرتن و ئازادی سه‌رجه‌م بیروباوه‌ڕه‌ ئایینیه‌كان و كاركردن بۆ پته‌وكردنی پێكه‌وه‌ژیانی ئایین و ئاینزا و پێكهاته‌ جیاجیاكان، وتیشی: رێبازی سه‌رۆك مام جه‌لال پشتیوانیكردنی سه‌رجه‌م ئایین و پێكهاته‌كان بووه‌ له‌پێناو پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ و برایانه‌، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیش به‌رده‌وام ده‌بێت له‌و رێبازه‌ و لێی لانادات.

له‌به‌رامبه‌ردا وه‌فدی میوان، سوپاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیان كرد كه‌ هه‌میشه‌ پاڵپشتی ئایین و كه‌مینه‌ ئایینیه‌كانی كردووه‌ و رۆڵی سه‌رۆك مام جه‌لال-یشیان به‌رزنرخاند له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م پێكهاته‌ و ئایینه‌كان و رێزگرتنیان به‌بێ جیاوازی.

داواشیان كرد كه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رۆڵێكی كاراتر بگێڕێت له‌ په‌رله‌مانی عیراق و كوردستان بۆ ده‌ركردنی ئه‌و یاسایانه‌ی ئازادی ئایینی و مافی ئایین و پێكهاته‌كان ده‌پارێزن.

دواتر، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د به‌هاوڕێیه‌تی وه‌فدی نوێنه‌رانی ئایینه‌ جیاجیاكانی عیراق وكوردستان سه‌ردانی مه‌زاری سه‌رۆك مام جه‌لال-یان كردو سه‌رباری بەرزنرخاندن و ستایشكردنی هه‌ڵوێسته‌ دیار و به‌رچاوه‌كانی سه‌رۆك مام جه‌لال له‌به‌رامبه‌ر ئایین و پێكهاته‌ جیاجیاكان، درود و سڵاویان بۆ گیانی پاكی سه‌رۆك مام جه‌لال نارد و به‌ سروتی جیاجیا نزایان بۆ كرد.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە