کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

یەکێتیی و وەفدی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم پرسی لامەرکەزی تاوتوێ دەكەن

.

03:13 PM - 01/12/2020

ئەمرۆ وەفدێکی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان پێشوازیکرد لە لیژنەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بۆ بەرجەستەکردنی پرسی لامەرکەزی لە هەرێمی کوردستان.
لە دیدارێکدا لیژنەکەی یٔەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایانگەیاند: مەبەستی سەردانەکەیان بۆ وەرگرتنی ڕاوبۆچوون و تێروانین و پرۆژە و پەیرەوی لایەنە سیاسیەکانە بە تایبەت (یەکێتیی و پارتی و بزوتنەوەی گۆڕان) بۆ پرسی لامەرکەزی لە هەرێمی کوردستان و لەو چوارچێوەیەشدا یەکەم لایەن سەردانی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستانیان کردوە.
لای خۆیانەوە وەفدی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان جەختیانکردەوە کە پرسی لامەرکەزییەت کە داواکاری یەکێتیی بوە و یەکێکە لە خاڵەکانی رێککەوتنەکەیان بۆ پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، ئامانجەکەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاترە بە میللەتەکەمان، نەک تەنیا لە یەک پارێزگا بەڵکو بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.
وەفدی یەکێتیی دووپاتیانکردەوە کە پێداگرییان لە سەر جێبەجیکردنی پرسی لامەرکەزی، نابێتە مایەی لێکترازان و لاوازی حکومەت، بەڵکو پایەکانی حکومڕانی لەهەرێمی کوردستان بەهێزتر دەکات و قەوارەی هەرێم پارێزراوتر دەبێت.
وەفدەکەی یەکێتیی داوایکرد کە دەبێت هەنگاوەکانی ئەو پرسە خێراتر بکرێن، چونکە زۆر مەسەلەی ستراتیژیی و گرنگتر هەیە کە پێویستە حکومەت و لایەنە سیاسیەکان پێوەی سەرقاڵبن، حکومەتی هەرێم دەبێت متمانە دروست بکاتەوە لەگەڵ هاوڵاتیان، دەبێت ئەولەویەتی یٔێستای حکومەت دابینکردنی موچەی مووچەخۆرانی هەرێم بێت، چونکە هیچ بابەتێک ئەمرۆ لە بابەتی مووچە گرنتر نیە.
وەفدی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، ئامادەیی خۆیان دەربری کە ئەو پەیرەو و پرۆژەیەی کە وەک یەکێتیی ئامادەیان کردووە پێشکەشی حکومەتی بکەن بۆ ئەوەی تا کۆتای یٔەمساڵ پرسی لامەرکەزییەت بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
سەردانەکەی لیژنەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دوای دوو کۆبوونەوەی هاوبەشی رابردووی نێوان یەکێتیی و پارتی بوو کە تیایدا یەکێتیی پرۆژەی لامەرکەزی پێشنیارکردبوو.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە