کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

بۆ یەكەمجار لە كێڵگەیەكی هەرێم دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت كرا

.

06:44 PM - 28/11/2020

لە كێڵگەی نەوتی سەرتە كە دەكەوێتە سنوری پارێزگای هەولێر، بۆ یەكەمجار دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت كرا، بەوهۆیەشەوە رۆژانە 5 هەزار بەرمیل نەوت بۆ سەر ئاستی بەرهەمی هەرێمی كوردستان زیادكرا.
كۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی توركی كە پشكی لەسەدا 30ی كێڵگەی سەرتەی هەیە رایگەیاند، خۆشحاڵین كە یەكەم بەرهەمی نەوتی كێڵگەی سەرتە ڕابگەیەنین، ئەمەش لەدوای 21 مانگ دێت لەوەی كۆمپانیاكە پشكی كێڵگەكەی كڕیووە‌و دەستی بەكاركردن لەو كێڵگەیەدا كردووە.
بەپێی راگەیەندراوێكی كۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی، بەرهەمهێنانی نەوت لە بیری سەرتە-3 دەستیپێكردوە‌و كاركردنیش لە بیری سەرتە-2 بەردەوامە‌و چاوەڕوان دەكرێت لە مانگی داهاتوودا تەواو بكرێت‌و لەمانگی كانونی دووەمی 2021دا لەو بیرەش دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت بكرێت.
هەرچەندە كۆمپانیاكە بەرهەمی كێڵگەی سەرتەی رانەگەیاندوە، بەڵام بەپێی گرێبەستەكان‌و یاسای نەوت‌و گازی هەرێم، كاتێك بەرهەمی كێڵگەیەك دەگاتە 5 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە بەرهەمی بازرگانی هەژمار دەكرێت، بەوپێیەش كێڵگەی سەرتە 5 هەزار بەرمیلی رۆژانە بۆ سەر ئاستی بەرهەمی نەوتی هەرێمی كوردستان زیاد دەكات.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە