.
01:42 PM - 26/11/2020
چیرۆکێک لە جەلەوە
عیماد ئەحەد
بەشی دووەم
رەنگە زیادەرەوی نەبێت گەر بڵێم (جەلەوە)رۆڵێکی ئیجگار باشی بینیوە لە پاراستنی رەسەنایەتی و داب نەریتی کوردەواری و کوردایەتی لە خانەقین كە شارێکی یه‌کجار دێرینە و مێژووکەی بۆ سەردەمانی پێش ئیسلام دەگەرێتەوە.
ئەو کاتە، خانەقین بریتی بووە لە دوو گوند، لەم بەر و ئه‌وبەری رووباری ئەڵوەن، بەری رۆژئاوا گوندی خانەقین بووە کە (جەلەوە )بنچینەکەیەتی، بەری رۆژهەڵاتیش گوندی (حاجی قەرە )بوو، کەواتە لە گەڵ بوونی خانەقین جەلەوە هەبووە، ئەگەرچی ئه‌م ناوە رەنگە تازە بێ، بەڵام وەکوو گه‌ڕه‌ک هەبووە و بەشێک بووە لەو گوندە گەورەیەی کە ئێستا پێ دەوترێت (ئاغا و خەلیفە، سەبارەت بە ناوەکەشی قسەی زۆر هەیە، یەکێک لە وانە کە رەنگە لە هەمووی راستر بێت ده‌وترێت لەناوی حاجی جلیلەوە هاتووه، کە پیاوێكی ناودار و دەستی هەبووە لە ئاوەدانکردنەوەی جەلەوە.
بەراستی نازانم بۆ زۆر کات بیر و هۆشم ئۆقرە ناگرێ وەکو باڵندەی لانەواز لە شەقەی باڵ دەدات و لە شاری هەڵمەت و قوربانی و مهرەبانییەوە بەرەو خوار ئەروات و دواجار لە مه‌نزڵگای خۆی لە سەر درەختێکی بێ ناز لە ناو باخێکی جەلەوە دەنیشێتەوە، درەختەکان، ئەم جارە سیس و رەنگ خۆڵەمیشی بوون بە هۆی سیاسەتی (الارچ المحروقە)ی فاشستەكان و بێ ئاوی و خزمه‌تکردن و سوتاندنی باخەکان لە لایەن هەندێ چاو چنۆک و حەرامزادەوه.
یەكێك لەم باخانە باخی قەسرەكە بوو لە بەر ئەوەی قەسرەكەی (مەجید بەگ ) لە تەنشتی بوو پێیدەوترا باخی قەسرەكە، لە ساڵانی پێش نەوەدەكانی سەدەی رابردوو پر بوو لە به‌رهه‌می خورما و پرته‌قال و هەنار، ئەم باخە لە بنەرەتدا هی (مووشیحای): دەوڵەمەندێكی یەهودی بووە لە خانەقین، دوایی بووە بە هی تاهیر عوزێر و غازی ئاغا، تاهیر عوزێر سەرۆکی کاکەیەکانی خانەقین بوو، ساڵانە تاهیر عوزێر به نیوە كرێ و نانەزگی ژمارەیەك كاكەیی دەهێنا بۆ خزمەتکردن و (سەرام و زگار): بڕینی خوشە خورما و کۆکردنەوەیان، سەر دەمانێك خاڵۆ جاسم باخەوانی بوو، لە دایکبووی ساڵی(١٩١٠) بوو ، لە خانەباخی قەسرەكە نشتەجێبوون (ژن و سێکوڕ و سێ کچ).
خاڵۆ جاسم، لە گەڵ خەزوی لە (مەندەلی )ەوە هاتبوون بۆ جەلەوە بۆ کاسبی و باخەوانی، خەزوره‌که‌ی، ناوی شەهاب بوو، پیاوێکی ئەسمەری تۆخ بوو، سمێڵێكی رەش و ئەستوور شۆربوو بە سەر دەمیدا، بەزگماك قاچێکی ئیفلیج و نزیکەی نیو گەز لە وەی تری کورت‌تر بوو و بە دار شەق ئەرۆیشت، ئه‌و پیاوه له‌کاتی هه‌ڵگرتنی خه‌له‌و خه‌رمان بە کەر و شەڵتەوە سەردانی دێهاتی ده‌وروبه‌ری خانەقینی دەكرد بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی و زەکات، جەژنانیش هەلورک و چەرخ و فەلەکی لە (بان جەلەوە ) دادەنا که له‌داری توو دروستی ئه‌کردن و بەپارەیەكی كەم مناڵانی گەرەكەكەی دڵخۆش دەكرد، بان جەلەوە گۆرەپانێکی سەرووی ماڵەکان و نزیک باخی قەسرەکە بوو ،لە جه‌ژن و بۆنه‌کان منداڵان تیای کۆئه‌بوونه‌وه بۆ یاری فوتبۆڵێن و (بلبلان): یاریەك بوو بە دار دەكرا.
خاڵۆ شه‌هاب و هاوسەرەکەی لە یەک ژووری خانوه‌کەی ( مو‌سا دێ‌و) ده‌ژیان کە ئێمەش (بەندە و دایکم و دوو خوشک و برایەک) لەو خانوه بووین کە حەوت خێزانی تیایدا كرێچی بوو و هەر خێزانێك و ژوورێكمان هه‌بوو.
ئەو سەردەمانە، زستانی خانەقین بە تایبەتی مانگی یەک و دوو زۆر سارد بوو، زۆبەی بەیانیان ئەرزەکە ئەیبەست، خاڵۆ شه‌هاب ناچار بوو جار‌و بار گوێدرێژەكەش بێنێتە ژوورەوە و لە گەڵیاندا رۆژ بکاتەوە.
خاڵۆ جاسم، یەکێک لە سێ کورەکەی ،ناوی عیدان بوو، لە دایك بووی ساڵی (١٩٥٢) بوو، عەقڵی لە گەڵ تەمەنیدا گەشەی نەکردبوو، عومری نزیکەی پانزە ساڵ بوو، بەڵام ئەو وەکو منداڵی پێج ساڵە هەڵسوکەوتی دەکرد، بۆیه به شێت ناوه‌زه‌د ده‌کرا، عیدان، شێوه‌ی لە باپیرەی (شهاب شەل ) دەچوو قژ رەش و شێواو، چاو رەش، تۆزێ خێل و برۆ ئەستوور و،برژانگ درێژ و لووت قنج و پان و دەم و لێو ئەستوور و دان سپی و مل بەرز و شان پان و باڵابەرز.
لە گەڵ منداڵانی گەرەک نەدەژیا و پیاوانیش رازی نەدەبوون بێتە ناویان، سه‌ره‌نجام وایلێهاتبوو بە تەنها بژی.
سەردەمانێک لە جەلەوە سێ دوکان هەبوون دوکانی حاجی یاسین و دوکانی سلێمان و دوکانی میر عەلی، ئه‌م سێ دوکانه وه‌کو بازاری (عکاز) یان لێهاتبوو، بە تایبەتی دوکانی سلێمان کە جێی مشتومڕی هەمەجۆر و لێکدانەوەی سیاسی و رۆشنبیری و قسەی خۆش و گاڵتەو گەپ بوو.
زۆر جار، عەسران سلێمان بەردەم دوکانەکەی بە ئاوی ئەڵوەن ئاو رەشە دەكرد و گه‌سکی دەدا، ئێمەمانانیش وەکوو هەرزەکار هاوکاریمان دەکرد بۆ ئەوەی بتوانین لە کاتی مەجلسی شێخ رەشید مەلا ئیبراهیم، ئێمه‌ش دانیشین.
شێخ رەشید کارمەندی کۆمپانیای نەوت بوو و خوێندەوار و لە ئاینیش شارەزا بوو، هەندێ جاریش لە مزگەوتی مەجید بەگ بانگی دەدا و دەنگیشی زۆر خۆش بوو له ده‌نگی سەید عەلی ئەسغەر ئه‌چوو، لەو شوێنەی لە به‌ردەم دوکانی سلێمان، شێخ رەشید کتێبی (قصە الانبیا‌و)ی، بۆ مەجلسەكە دەخوێندەوە و دەیکرد بە کوردی و بۆشی شیدەکردنەوە، جاروباریش عیدان لەو دەورو بەرە دادەنیشت و ئاگای لە قسەكانی شێخ نەدەبوو ، لە گەڵ دونیای خەیاڵ و عەقڵی خۆی سه‌رقاڵ ده‌بوو.
عیدان، بەردەوام بە پێخاوسی لە قەراخی ئاوی ئەڵوەن هاتوچۆی دەکرد تاهیلاک دەبوو، ئینجا دادەنیشت و بەبێ دەنگی سەیری وردە ماسیەکانی ئەڵوەنی دەکرد، جاروبار مناڵ و هەندێ هەرزەكار ئەزیەتی عیدانیان ئەدا، ئەویش تورە و بەڵەسە دەبوو بە كەسیش هێور نەدەبووە تەنیا داكی نەبێت.
رۆژگار هات و چوو، لە کاتی رزگارکردنی خانەقین لە بەهاری ساڵی (١٩٩١)، خەڵکی جەلەوە بەشداری بەرچاویان لە راماڵینی دامودەزگای رژێمی فاشستی بەغدا کرد، به‌ڵام تەواو نەکردنی پرۆسەی رووخاندنی بەعس بووه مایه‌ی ئه‌وه‌ی بەشێکی زۆری خەڵکی خانەقین بەر گرتن و کوشتن بکه‌ون، یەكێك لە وانە (مەخەنی): حەسەن مەهدی بوو که بێ سەروشوێنكرا و، عیدانی بەدبەختیش بێ رەحمانە، زۆر ئەشکەنجە درابوو، که پێشتر هیچی له جەور و ستەمی داگیرکەری بەعس نەدەزانی. عیدانی داماو، دووبارە لە ساڵی (١٩٩٤) لە لایەن دەزگای ئەمنی خانەقینەوە دەگیرێت و رەوانەی ئەمنی عامەی بەغدا دەكرێت بە تۆمه‌تی (مجهول النوایا)، دوو مانگ زیاتر لە ژێر ئەشکەنجەی وەحشیانە ده‌مێنێته‌وه و دواتر رەوانەی شەماعییە دەکرێت و له‌وێ پاش ماوەیەکی کەم، ئه‌م کوڕه به‌دبه‌خته به‌بێ تاوان شەهید دەبێ، له‌وه‌ش خراپتر دەزگای ئەمن، ناهێڵێن كەسوكاره‌که‌ی تەرمەکەی بێننەوە بۆ خانەقین و بە ناچاری لە گۆڕستانێكی دەرەوەی بەغدا بە خاك ئەسپێردرێت.
ئێستاش، من بیری عیدانی بێ تاوان ده‌که‌مه‌وه، ده‌ڵێم، مه‌گه‌ر خوا بزانێت، چۆن به‌رگه‌ی ئەشکەنجە و لێدانی وه‌حشیانه‌ی جەلادەکانی به‌عس و هەڵواسینی گرتبێ، بیر له‌وه ده‌که‌مه‌وه که عیدان ئه‌و کاته چی کردبێ و چی ووتبێت و چۆن رۆحە پاکەکەی لە جەستەی جیابووبێته‌وه، چۆن له غه‌در و ناعه‌داله‌تی، ئه‌م دنیا بێ ره‌حمه گه‌یشتبێت.
عیدان، یه‌کێک بوو له‌و که‌سانه‌ی نه‌هامه‌تیه‌کانی له کۆڵانه ته‌سک و باریکه‌کانی جه‌له‌وه ده‌ستیپێکرد و دواتریش به‌ده‌ستی جه‌لاده‌کانی به‌عس به‌شێوه‌یه‌کی تراژیدی ژیانی کۆتایی پێهات.
ئه‌م چیرۆکه خه‌مگینه‌ی عیدان، من ئه‌باته‌وه سه‌ر خه‌یاڵێک که چۆن عیدانه‌کان ئه‌بن به قوربانی بێ ره‌حمی و بێ به‌زه‌یی زه‌مه‌ن، زه‌مه‌نێک که عیدانی ناکام، تیایدا بووه نێچیری ده‌زگا داپڵۆسێنه‌ره‌کانی به‌عس، بۆیه لێره‌ش دووپاتی ده‌که‌مه‌وه، درێغ بۆ یەشار كەمالێك، ساده‌یی ژیانی جه‌له‌وه و کاراکته‌ره‌کانی به شیله‌ی تراژیدیا بکاته که‌ره‌سته‌ی گێڕانه‌وه‌ی نه‌هامه‌تیه‌کانی ئه‌و گه‌ڕه‌که هه‌ژارنشینه که به به‌ری بست به بستی کوردستانه‌که‌م ته‌واوه، چونکه خه‌می وڵاته‌که‌م له سایه‌ی به‌عس و ده‌زگا داپڵۆسێنه‌ره‌کانی هه‌مووی یه‌ک ره‌نگ و یەك ده‌نگ بوو.
هه‌ر به‌ده‌م خه‌یاڵ و چركە خەوەوە، لە پڕ دەروێش باوەخانی به‌هه‌شتی لە بەرانبەرمدا قوت بووەوە که ئه‌ویش ده‌روێشێکی راسته‌قینه‌ی جه‌له‌وه بوو، پێش پەنچا ساڵ زیاترە مردووە، پێ ووتم (عیدان)م بینیوە، چەپكێك گوڵاڵە سووره‌ی بەدەستەوه‌یه و لە ته‌ک حەزرەتی عیسا و حەمزەی مامی پێغەمبەر و ئیمامی حوسەین و حەلاج و قازی مەحەمەد، دانشتووە بە زەردە خەنە‌ی فرشتە ئاسا، سەیری جەلادەکان ئەكات، چۆن به‌ره‌و دۆزه‌خی ریسوایی و ئەسفەلوسافلین، هاوشانی زوحاک و حەجاج و هیتله‌ر و عەلی كیمیاوی و جه‌لاده‌کانی تر به‌ڕێده‌کرێن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە