.
01:07 PM - 26/11/2020
چیرۆکێک له جه‌له‌وه
عیماد ئه‌حمه‌د
بەشی یەكەم
وڵاتەكەم خۆش دەوێ ...
شارەكەم خۆشتر دەوێ ...
شەیدای جەلەوەم ...
جه‌له‌وه گه‌ڕه‌کێکی کۆنی خانه‌قینه و هه‌رچه‌نده زۆربه‌ی خه‌لکه‌که‌شی کورد بوون، به‌ڵام مۆزایكێكه لە كورد و عەرەب و توركمان و سونە و شیعە و كاكەیی، ئەمەش وایكردووە له هه‌موو سه‌رده‌مه‌کان خەڵكەكەی بە ئاسانی بێ ناكۆكی تایفەگەری و نەژادگەری بە یەكەوە بژین.
جه‌له‌وه هه‌ڵکه‌وتێکی سه‌یری هه‌یه، کۆڵان و جاده‌کانی به‌قه‌د نه‌هامه‌تی و کوله‌مه‌رگی ژیانی مرۆڤه‌کانی ته‌سک و پێچاوپێچن، كۆڵانێكی سەرەكی گه‌ڕه‌که‌که قیرتاو بوو، به‌ڵام هێنده ته‌سک بوو بەزەحمەت سەیارە پێدا ئەرۆیشت، سێ كۆڵانی تری هێنده ته‌سک بوون سەیارەی هه‌ر پیا نەئەرۆیشت.
ئەم گەرەکە ئەكەوێتە دەستی چەپی شارەکە و لە نێوان رووباری ئەڵوەن و جۆگە ئاوی عالیاوەیە، لەو بەری ئاوی ئەڵوەنەوە لە سەر رۆخی ئاوەكەوە بە ریز بە یەكەوە، ماڵی قایمقام و قوتابخانەی سەرەتایی كچانی خانەقین و قوتابخانەی ناوەندی كچان و سه‌رای خانەقین و مزگەوتی مەجید بەگ و حەمامی عەبدالله به‌گ ئەكەونە بەرامبەری.
پشت و كەمەری بە باخ تەنرابوو، ئەو باخانەی كە دیمەنێكی رازاوەیان پێ بەخشیبوو دارخورماكان سێبەری فێنك و سەعافه‌کانیش (لقی سەری دارەخورما) باوەشینی قرچەی گەرمای هاوینن.
(كوپری گەورە) كە پردێكی بەردینی كۆنە و لە سەردەمی سەفەویدا دروستكراوە، جەلەوە ئەبەستێتەوە بە بەشەكەی تری خانەقینەوە، لە كۆتایی وەرزی زستاندا بە هۆی لافاوی ئەڵوەنەوە جاروبار رێگای سەرەكی دادەخرا و لە وەرزی بەهاریشدا (قەداح) ی دار پرته‌قاڵەكانی دەوروبەری بۆن و بەرامی خۆشی بەسەردا دەباراند.
زۆربەی هەرە زۆری خانوه‌کانی ئه‌و گه‌ڕه‌که بە قوڕ و دارەرا دروست کرابوون، زۆبەی خانوەكان چەند خێزانێكی تیا ئەژیا، ته‌نانه‌ت خانوی وا هەبوو حەوت خێزانی تێدابووه، به جۆرێک هەر خێزانێك ژوورێكی بە كرێ ئەگرت پێی ئەوترا (نزڵ)خانوەکەش هه‌رچه‌ند خێزانی تیا بووایه یەک حەوز و بەلوعەی ئاو و یەک ئاودەستی هەبوو (پێ ئەوترا عەدەب خانە) و زۆربەی خانوه‌کانش ستارەی سەربانیان نەبوو، هاوینان هەموان لەسەربان ئەخەوتن و تا دره‌نگان خەریکی قسە و باسی رۆژانەی خۆیان بوون.
بەیانیان بە دەنگی بولبول و چریكەی مەل و هاژەی ئەڵوەن و نەرمە تیشكی خۆر خەبەریان ئەبووەوە.
بەهۆی نزیکی باخەكانەوە خەڵكی ئه‌م گه‌ڕه‌که تایبه‌تمه‌ندی خۆیان هه‌بوو، فێری راوی باڵنده و دانانی تەڵە بۆ بەراز و كوشتنی مار بوبوون.
هەر وەها نزیكی ئەڵوەن وایكردبوو زۆربەی خەڵکەكە مەلەوان و فێری راووە ماسی بن
پەیوەندی کۆمەڵایەتی نێوان خەڵکەكە بە هێز بوو به‌جۆرێک هه‌مووان لە خۆشی و ناخۆشێ یه‌کتری به‌شدار بوون.
لە هاویندا ژنان بە هەرەوەرزی خەریكی دروستکردنی دۆشاوی تەماتەی ئاوداری عالیاوە بوون و لە كۆتایی پایزیشدا هه‌مووان بە ژن و پیاو و منداڵەوە بە هەرەوەزی بەشداری (سەرام) بڕینی خوشە خورما ئەكرد و لە دواییا ژنان خەریكی دۆشاوی خورما ئەبوون، هەندێ لە خێزانەكانیش (تەوش)ی میوه‌ی هه‌ڵوه‌ریوی ژێر درخته‌کانیان بەرئەكەوت.
ئەم گەرەکە خاوەنی هەندێ کەسایەتی تایبەت بوو هەر یەکەو لە بواریكدا دیار و به‌رچاو بوون، به‌ڵام داخەکەم بۆ عەزیز نەسینێك بۆ ئەوەی هەریه‌که‌یان بكاتە کاراکته‌ر و پاڵەوانی چیرۆک و رۆمانه‌کانی.
یەکێک لەکاراکته‌ره‌کانی چیرۆکی راسته‌قینه‌ی ژیان له جه‌له‌وه خاڵۆ نەزەر بوو، ئەم زاتە پیاوێكی باڵا بەرز و قیافەت رێک و پێك و گەنم رەنگی مەیلە و سپی و دەم بەپێکەنین بوو، لەبنه‌ڕه‌ته‌وه له‌گوندی عالیاوە و لە دایك بووی ساڵی (١٩٢٨) و زه‌هاوی بوو، خێزاندار بوو و كورێك و شەش كچی هەبو، ئه‌و پیاوه جوتیارێکی دەس بەبەرەکەت بوو.
خاڵۆ نەزەر سه‌ره‌ڕای جوتیاری کەرەستەی تایبەتی خۆی هەبوو بۆ قەبرهەڵکەندن و لە کاتی مردنی کەسێک لە گەرەکەکە ئەو لە گەڵ ژمارەیەک گەنج که منیش یەکێک بووم لەوانە قەبرەکەیان ئامادە ئەکرد و مردوه‌که‌یان بە خاك ئەسپارد.
ئه‌و پیاوه هەموو ساڵێک لە پایزان بە هەرەوەرزی لە گەڵ گەنجانی گەرەکەکە سواقی قوڕی سەربانی خانوه‌کانی ئەکرد، دوای ئەو بۆ ماوەیەك من ئەو ئەركەم گرته‌ئەستۆ.
خاڵۆ نەزەر پیاوێکی موسڵمان و ئیماندار بوو، شانبەشانی ئەمەش پیاوێکی نیشتیمان پەروەر و خاوەن هەڵوێست و له رووی سیاسیشه‌وه كوردپەروەر و پارتی بوو.
دوای هەرەسی شۆرش لە ساڵی (١٩٧٥) خەڵکی خانەقین کەوتەنە بەر شاڵاوێکی بەرفراوانی راگوێزان و ده‌رپه‌ڕاندن بۆ ناوچه‌کانی خواروی عیراق، ته‌نانه‌ت لادێکان و دەوروبەری شارەکەشی گرته‌وه.
ئا لەو سه‌روبه‌نده‌دا خاڵ‌و نەزەر لە ترسی راگوێزانی زۆره‌ملێ، خۆی جەلەوەی جێهێشت و چووه ئەبوغرێب، سەید هاشم کە ئەفسەرێکی خانەنشینی سەردەمی مەلیک و ناسیاوی بوو لەوێ لە باخی ئەفسەرێکی دۆستێكی خۆی دایمەزراند و لەوێ نشتەجێ بوون.
دوای ماوەیەک خاڵۆ نەزەر به‌عەگاڵ و عەبایەكی عەرەبیه‌وه سه‌ردانی جه‌له‌وه‌ی کرده‌وه بۆ ئەحواڵ پرسین و وەکو ئەوەش بڵێت ئەوە من پێشوەخت خۆم نەجاتدا و ئێوەش چاوەروانی رەحمەتی بەعس بن،
رۆژگار رۆیشت و قەدەریش وا بوو جەلەوە بەر راگوێزان نەکەوت.
دوای نزیکەی دوو ساڵ بە هۆی جەور و زوڵمی دامودەزگای ئەمن و ئیستخبارات و بێتاقەتی نەگونجانی و هەستی نامۆیی وای له‌خاڵۆ نەزەر کرد بەناچاری بڕیاری گەڕانەوە بۆ جه‌له‌وه بدات، به‌ڵام سیناریۆیه‌کی سه‌یری بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی خۆی داڕشتبوو، پێشتر ئەندامانی خێزانەكەی ناردەوە و گوایه خۆی دوای ئه‌وان دێته‌وه، به‌ڵام چه‌ند رۆژێک دوای هاتنه‌وه‌ی خێزانه‌که‌ی هەواڵی خۆکوشتنی حاجی نەزەر گەیشت کە بە پەتێک خۆی بە دارە توویەكی باخەکەوە هه‌ڵواسیبو و کۆتایی به‌ژیانی خۆی هێنابوو.
ئیتر قه‌ده‌ر وایکرد له جیاتی خۆی ته‌رمه‌که‌ی بهێندرێته‌وه بۆ جەلەوە و بە هەمان کەرەستەکەی خۆیشی له گۆڕستانی ئیمام عه‌باس به‌خاک بسپێردرێت.
لەو كاتەدا خەڵکی گەڕه‌ک هه‌ندێکیان خەفەتبار بوون بۆ مردنی، ئه‌وانی تریش ره‌خنە و گلەیی گازاندەیان لێی هه‌بوو، من ئه‌وکات لە بەرەی دووەمدا بووم و ره‌فتاره‌که‌ی خاڵۆ نەزەرم به دڵ نه‌بوو، ئه‌مووت چۆن ئه‌بێ که‌سێک به هه‌ر هۆیه‌ک و له ژێر هه‌ر فشارێک بێ ده‌ست له ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ڵبگرێ، به‌ڵام نه‌مئه‌زانی خاڵۆ نەزەر له‌ناخیدا هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ک نه‌شکاوه بگره پته‌وتر بووه.
چیرۆکی خاڵۆ نەزەر و هه‌موو دانیشتوانی ئه‌و گه‌ڕه‌که له دنیایه‌کی ساده و بچووک رویان ئه‌دا، له جوگرافیایه‌کی پڕ له مه‌ینه‌ت و ئازار و کوێره‌وه‌ری هه‌ڵئه‌قوڵان، به‌ڵام به‌یه‌که‌وه زنجیره‌ی هه‌ره گه‌وره‌ی روداو و به‌سه‌رهاته‌کانی کوردستانیان ته‌واو ئه‌کرد، ئه‌و روداوه بچوکانه‌وه به‌یه‌که‌وه ما‌نایان ئه‌دا بە ژیان، دوای جه‌ندین ساڵ له‌و به‌سه‌رهاتانه ،ئێستا به‌ده‌ست خۆم نییه بیرکردنه‌وه و خه‌یاڵم په‌لکێشم ئه‌که‌ن بۆ به‌راوردێکی سه‌یر، به‌خۆم ئه‌ڵێم ئه‌وه‌ی ئه‌وکات ئەو پیاوه کردی ته‌نیا زیانی بۆ خۆی و ناووناوبانگی تاکه‌که‌سی خۆی بوو، به‌ڵام لە بەر پارێزگاری له‌كەرامەت و عیزەتی نەفس وازی لە دین و دونیا هێنا و خۆی كوشت، رووی نه‌هات جارێکی تر ته‌نیا له‌به‌ر راکردن و پۆشینی عه‌گال و عەبای عەرەبی رووبکاته‌وه جه‌له‌وه و سه‌ره‌نجام سزای هه‌ڵواسینی به‌سه‌ر خۆیدا سه‌پاند.
داخەكەم، نازانم چۆن بەراوردی ئیمرۆ بەو رۆژگارە بكەم، بەڵام ئەتوانم بڵێم سەد رەحمەت لە روحی خاڵ‌و نەزەر.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە