کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

لاهور شێخ جه‌نگی پێشوازی له عەدنان دەرجال كرد‌

.

12:53 PM - 26/11/2020

ئەمرۆ، پێنج شەممە، ٢٦ ی ١١ ی ٢٠٢٠ ، لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، لە شاری سلێمانی پێشیوازیکرد لە عەدنان دەرجال وەزیری لاوان و وەرزشی عێراق و وەفدێکی هاورێی.
لە دیدارێکدا کە حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێم ئامادەیبوو، گفتوگۆکرا لەبارەی گرنگی هەمئاهەنگی نیوان هەرێم و بەغدا لە بواری وەرزش.
لە دیدارەکەدا لاهور شێخ جەنگی بە ووردی  باسی لە رەوشی وەرزشکرد لە هەرێمی کوردستاندا و پشتیوانی تەواوی خۆشی دووپاتکردەوە بۆ هەر پرۆسەیەکی چاکسازیی و پێشخستن و گۆڕانکاریی وەرزشی کە لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا ئەنجام بدرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: کە سلێمانی شارێکی پر ووزە و جوڵەیە و جیاوازە لە چاو شارەکانی تر لە بواری وەرزشدا بەپێی ئەو گرنگییەی کە پێی دراوە.
وتیشی: وەک یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان هەوڵمانداوە بەپێی توانا هاوکاری وەرزش و وەرزشکاران بکەین لە هەرێمی کوردستان و لەو چوارچێوەیەشدا یاریگایەکی نێودەوڵەتیمان پێشکەش بە شاری سلێمانی کرد.
داواشی لە وەزیری لاوان و وەرزشی عێراق کرد کە هاوکاربێت و گرنگی بدات بە وەرزش لە هەرێمی کوردستاندا، هەوڵبدرێت بەشێک لە خول و چالاکییە وەرزشییەکان بگوازرێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، رێگەش نەدرێت وەرزش تێکەڵ بە ململانێی سیاسی بکرێت.

وەزیری لاوان و وەرزشی عێراقیش سوپاسی لاهور شێخ جەنگی کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە و ئەو ڕوانین و سەرنجانەی کە هەیەتی بۆ پێشخستنی وەرزش لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا.
هاوکات ستایشی رۆڵی حەکیمانەی لاهور شێخ جەنگی کرد بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و  چارەسەرکردنی کێشەکانی نیوان هەردوولا.
خۆشحاڵی خۆشی دەربڕی بۆ دروستکردنی یاریگایەکی نێودەوڵەتی لە سلێمانی و وتیشی: سبەینێ لە نزیکەوە سەردانی ئەو پرۆژە گرنگە دەکات.
راشیگەیاند: وەک وەزیری لاوان و وەرزشی عێراق بە یەک چاو دەڕوانمە هەموو پارێزگاکانی عێراق، دەمانەوێت کاری هاوبەش ئەنجام بدەین لە بواری وەرزش و هەوڵبدەین کەرتی تایبەت بەشدار پێبکەین لە وەبەرهێنانی کەرتی وەرزشی لە هەموو عێراقدا.

rEYlhETOkWA

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە