کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

کرێی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بەڕێژەی (١٠بۆ ٢٠%) کەمکرایەوە

.

05:54 PM - 22/11/2020

کرێی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بەڕێژەی (١٠بۆ ٢٠%) کەمکرایەوە

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی وەزارەت

بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی دارایی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بەپێی ئەنجامەکانی ڕێزبەندی نیشتیمانی زانکۆکانی کوردستان، بەڕێژەی (١٠ بۆ ٢٠ %) بۆ سەرجەم قۆناغەکانی خوێندنی ساڵی (٢٠٢٠-٢٠٢١) کەمکردەوە.

ئەمڕۆ یەکشەمە ڕێکەوتی (٢٢/١١/٢٠٢٠) بەسەرپەرشتی د. ئارام محمد قادر سەرۆکی ئەنجومەنی وەزارەت و وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئامادەبونی بریکاری وەزارەت و سەرۆک زانکۆکان و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت، کۆبونەوەی تەواوکاری ژمارە (١٠)ی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچو.

لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا د. ئارام محمد قادر بەناوی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی جارێکی تر پرسەو سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی کۆچکردو د. فەرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر کردو درودو سڵاوی نارد بۆ گیانی پاکی کە لەم قۆناغە هەستیارەدا لەدەستدانی پیاوێکی خەمخۆر و جدی لەبەڕێوەبردنی کار و بەدەمەوە هاتنی داخوازییەکانی خەڵک، خەسارەتێکی گەورەیە بۆ خەڵک و حکومەتی ھەرێمی کوردستان. بۆ ئەمەش وتی: داواکارم لەپەروەردگاری مەزن ئەمە دوا کۆستی خانەوادە بەڕێزەکەیان بێت و سەبرو ئارامیش ببەخشێتە کەسوکارو ھاوڕێکانی.

هەروەها پرسەو سەرەخۆشی ئاراستەی سەرجەم ئەو مامۆستاو فەرمانبەرو خوێندکارو قوتابیانە کرد لەم ماوەیەدا بە هۆی پەتای نەگریسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، بۆ ئەمەش هاوخەمی ئاراستەی کەسوکارو بنەماڵەو هاوڕێکانی کرد و هیوای خواست هەمو لایەک سەلامەت و تەندورست بن و کۆچکردوان بە بەهەشتی بەرین شاد بکات.


سەبارەت بە کەمکردنەوەی کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان، د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاماژەی بە کاری لێژنەی تایبەتمەند لەسەر ئاستی وەزارەت بەم ئەرکە کردو دەستخۆشی لێکردن بۆ کارەکانیان لە ڕابردو.

بۆ ئەمەش وتی: هەرێمی کوردستان بە بارودۆخێکی تایبەت گوزەر دەکات بە شێوەیەک پێویستە هەموان ڕەچاوی بارو گوزەرانی دارایی خەڵکی خۆمان بکەین و لە هەمان کاتیشدا بتوانین هەلی خوێندن بۆ هەموان دەستەبەر بکەین، لەو چوارچێوەیەشدا وتی: بۆ ئەوەی روحیەتی کێبڕکێی زانستی لە دامەزراوە ئەکادیمیەکان بپارێزین و بە لەبەرچاوگرتنی باوردۆخی هاوڵاتیان بڕیارماندا بە کەمکردنەوەی کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٠-٢٠٢١) ئەویش بەپێی ئەنجامەکانی ڕێزبەندی نیشتیمانی زانکۆکانی کوردستان کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاگەیەنراوە بەم شێوەی خوارەوە:

ئەو زانکۆیانەی دەکەونە گروپی B، بەڕێژەی (١٠%) کرێی خوێندن کەمدەکرێتەوە.
ئەو زانکۆیانەی دەکەونە گروپی C، بەڕێژەی (١٥%) کرێی خوێندن کەمدەکرێتەوە.
ئەو زانکۆیانەی دەکەونە گروپی D، بەڕێژەی (٢٠%) کرێی خوێندن کەمدەکرێتەوە.
سەرجەم پەیمانگە تایبەتەکان و کۆلێژە زانکۆییەکان بەڕێژەی (٢٠%) کرێی خوێندنیان کەمدەکرێتەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە