کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ئەمریكا ماوەی بەخشینی هاوردەكردنی كارەبای ئێران بۆ عیراق درێژدەكاتەوە

.

05:40 PM - 22/11/2020

ئەمریكا ماوەی بەخشینی هاوردەكردنی كارەبای ئێران بۆ عیراق درێژدەكاتەوە
رۆژنامەی واشنتن پۆست ئاشكرایكرد، ئەمریكا 45 رۆژی تر لێخۆشبوونی لەبارەی كڕینی غاز و كارەبای ئێران بۆ عیراق درێژكردۆتەوە‌و داوایكردووە عیراق هەنگاوی پێویست بگرێتەبەر بۆ ئەوەی كەمتر پشت بە وزەی ئێران ببەستێت.
رۆژنامەی واشنتن پۆست لە زاری وتەبێژەی وەزارەتی دەروەی ئەمریكاوە بڵاویكردۆتەوە، كە (مایك پۆمپیۆ) وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بڕیاریداوە، ماوەی لێخۆشبوونی كڕینی كارەباو غازی ئێران لەلایەن عیراقەوە تاوەكو 45 رۆژی تر درێژبكرێتەوە، ئەو بڕیارەش بۆ ئەوەیە تاوەكو بەغدا پێداویستییەكانی لە وزە بۆ ماوەیەكی كەم لە ئێران دابین بكات‌و پێویستە هەنگاوی پێویست بگرێتەبەر بۆ كەمتر پشتبەستن بە وزەی ئێران و بەدوای سەرچاوەی تردا بگەڕێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ماوەی ئەو لێخۆشبوونە دەكاتە پێنج رۆژ بەر لە كۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ و تاوەكو ئێستاش نازانرێت ئایا ئیدارەی ترەمپ بەر لەو ماوەیە بەخشینەكە درێژ دەكاتەوە یاخود نا، بەڵام پێدەچێت بڕیاری كۆتایی لەوبارەیەوە بۆ رۆژانی دوای 20ی مانگی كانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو هێڵدرابێتەوە.
هەروەها مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا راشیگەیاندوە، سەرجەم مامەڵە داراییەكانی تایبەت بە كڕینی غاز و كارەبا لە نێوان ئێران و عیراق بكرێت.
ئەوەش لە كاتێكدایە عێراق ساڵانێكە بەدەست كەمی كارەباوە دەناڵێنێت‌و بەپێی زانیارییەكان لەساڵی 2003وە زیاتر لە 50 ملیار دۆلار بۆ كەرتی كارەبای عیراق خەرجكراوە، بەڵام تائێستاش پشت بە هاوردەكردنی غازو كارەبای ئێران دەبەستێت.
 

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە