کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

وەڵامی ئێزدییەكان بۆ وتەبێژ بەناوی پارتی دیموكراتی كوردستان

.

05:28 PM - 22/11/2020

وەڵامی ئێزدییەكان بۆ وتەبێژ بەناوی پارتی دیموكراتی كوردستان
برایانی ئازیز
وەك دەزانن سەماحەتی بابەشێخ (خرتۆ حەجی ئیسماعیل) سەرۆكی ئەنجومەنی رۆحانی ئێزدییەكان بەر لە دوو مانگ كۆچی دوایی كرد ، وە بەپێی نەریتە ئاینییەكانی ئێزدییەكان ، پێویستە بابا شێخی نوێ لەماوەیەكی كەمدا دیاری بكرێت ، ئەویش بەپێی رێوشوێنە زانراو و روونەكانی ئێزدییەكان و كەسانی پەیوەندیدار بە كاروباری ئێزدییەكان، بەڵام بەداخەوە ، بابەشێخی نوێ دوور لەخواست و ئیرادەی ئێزدییەكان و نەریتە ئاینییەكان و لە كۆبوونەوەیەكی داخراوی نایاسایی دیاریكرا و رێگە بەبەشداریكردنی ئێزدییەكان تێیدا نەدرا ، تەنها كاندیدی داواكراو و ژمارەیەك لە ئێزدییەكانی لایەنگری پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداری كۆبوونەوەكە بوون ، دوور لە هەموو نەریتێك بابە شێخی نوێ لەدەرەوەی خواستی ئێزدییەكانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دیاریكرا ،  تەنانەت شێوازی هەڵبژاردن و رێوشوێنی دیاریكردنی بابەشێخی نوێش بۆیان روون نەبووە ، كە ئەمەش جێگەی قبوڵكردن نییە لەلایەن ئێزدییەكانەوە.
خودی حازەم تەحسین بەگ ، دوور لە خواستی ئێزدییەكان ، كراوەتە میر بەمەرای پارتی دیموكراتی كوردستان ، لای هەموانیش روون و ئاشكرایە كە كەسایەتییەكی شكستخواردووە بۆ بەڕێوەبردنی پۆستی میری ئێزدییان ، ئیتر چۆن مافی ئەوەی هەیە كە وەك سەرۆكی ئەنجومەنی رۆحانی ئێزدییەكان دیاری بكرێت بێ رێزگرتن لەخواستی زۆرینەی ئێزدییەكان.

لەكاتێكدا دژایەتی خۆمان بۆ ئەم پرۆسە نایاسایی و گوماناوییە دووپاتدەكەینەوە ، دڵنیاین لەوەی ئەم بڕیارە بەخواستی ئێزدییەكان نیە ، هەروەها ئێزدییەكان رێگە بەپارتی دیموكراتی كوردستان یان هەر حزبێكی تر نادەن ، كە چارەنووسی ئاینی و سیاسییان دیاری بكات و ببنە قوربانی قۆرغی سیاسی و داهاتوویان بسپێرن بە قەدەر و مامەڵەكردن بەچارەنووسمان ، كە لە ناخۆشی و نەهامەتییەكانیشدا بمانفرۆشن و وازمان لێ بهێنن.
خوشك و برایانی ئازیز
لەكاتێكدا چاوەڕوانی هەڵوێستێكی نوێ لە سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین لەبەرامبەر دەستوەردانی لەكاروباری ناوخۆ و رێزنەگرتن لە پیرۆزییەكانی ئێزدییەكان ، دروستكردنی دووبەرەكی و تێوەگلانی ماڵی ئێزدییەكان لە دووبەرەكی بەپلانی پارتی دیموكراتی كوردستان ، خەڵكی بێتاوانی شنگال دەفرۆشرێن ، بەجێگەی داوای لێبوردن و هەڵگرتن بەرپرسیارێتی سەر شانیان ، وتەبێژی رەسمی پارتی دیموكراتی كوردستان روونكردنەوەیەك دەدات كە چەند وشەیەكی رێكخراون ، بۆ بەیاسایكردنی ئەك كارە نابەجێیە ، بۆیە بەپێویستی دەزانین ئەم روونكردنەوەیە بڵاوبكەینەوە.
وەك پێشتر ئاماژەمان پێكرد ، پارتی و دامەزراوە هەواڵگرییەكەی و لەساتی كۆچی دوایی میر تەحسین و بابەشێخ سەرۆكی ئەنجومەنی رۆحانی ئێزدییەكان ، بەشێوەیەكی راستەوخۆ دەستوەردان لە كاروباری ئاینی ئێزدییەكان و تەواوی نەریتە ئاینییەكانی دەكەن و پشتگوێیان دەخەن ، وە هەروەها دوور لەهەموو بەهایەكی رێنوییەكانی كەسایەتی و پیاوانی ئاینی ئێزدییەكان ، پۆستی میر و بابەشێخیان بەمەرامی تایبەت و بۆگەنی خۆیان پڕدەكەنەوە ، وە هەروەها بەپێچەوانەی تەواوی ئاماژەكانی وتەبێژی رەسمی پارتی دیموكراتی كوردستان ،  چونكە رێزگرتن لە ماف و ئازادی ئێزدییەكان  بەم جۆرە ، تەواوی بەها و بنەماكان دەبەزێندرێت و دووبەرەكی و فیتنە لەماڵەكەیاندا بڵاودەكرێتەوە.
لەكاتێكدا چاوەڕێی رۆڵێكی ئیجابی و هەڵوێستێكی مرۆییمان لەپارتی دیموكراتی كوردستان دەكرد لەبەرامبەر نەهامەتییەكان شنگال و ئێزدییەكان ، بەڵام بەداخەوە قۆرغكردنی ئاینی ئێزدییەكان و دۆزە رەواكەیان بۆ پرۆژەی حزبی بەرتەسك بەردەوامە ، كە ئەوەش بەپێی پیلان و بەرنامەیەكی ئامادەكراوی پێشوەختە ، هەروەها بەمەبەستی سڕینەوەی ناسنامەی رەسەنی ئاینیمانە.
پێدەچێت وتەبێژی رەسمی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاگاداری ئەو پیلان و پرۆژە نهێنییە هەواڵگرییە نییە ، بۆیە روونكردنەوە لەو چوارچێوەیەدا بڵاودەكاتەوە.
لای گەلی هەرێمی كوردستان و عیراق و تەواوی ئێزدییەكان ئاشكرایە كە پارتی دیموكراتی كوردستان و لەدوای پرۆسەی ئازادی عیراق لە ساڵی 2003 ، سیاسەتی ( هەڕەشە و لا شیرنكردن ) بەرامبەر ئێزدییە بێتاوانەكان پەیڕەو دەكات ، بەتایبەت دوای تەسلیمكردنی ئێزدییەكان لە شنگال لە 3/8/2014 و هەروەها تەئكید دەكەینەوە كە دەستوەردانیان لە كاروباری ئاینی و كۆمەڵایەتی ئێزدییەكان و مامەڵەكردن لەگەڵیان بەسیاسەتی ترساندن و برسیكردن ، بەشێكە لە پرۆژە حزبییە بەرتەسك و نانیشتمانییەكەیان.
ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە بۆ ئێمە زۆرینەی راوێژكارەكانیان و جێبەجێكەری پلانەكانیان لە بەرپرسانی مەفرەزەكانی ئەبی فارس ئەلحەمدانی-ن ( مەفرەزەكانی دەزگای هەواڵگری رژێمی بەعسی لەناوچوو) ، و مەرام و پیلانەكانیان بۆ شێواندنی تایبەتمەندییە كۆمەڵایەتی و پیرۆزییە ئاینییەكانمان دەدەن.

خوشك و برا خۆارگرەكانمان لە چیای شنگال
كەسوكارە بێ تاوانەكانمان لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان
خەڵكە سادە و بێ تاوانەكان ، خەڵكانی ناوچەی وڵات شێخ
بەرگریكارانی ئێزدی لە رۆژئاوای و باشووری كوردستان
بەرگریكاران لە جۆرجیا و ئەرمینیا و وڵاتانی یەكێتی سۆڤیەتی جاران
ئێزدییەكانی تاراوگە لەئەوروپا و ئەمریكا و كەنەدا و ئوسترالیا
ناسنامەی ئاینیمان ، شكۆمان ، نیشتیمانمان ، پەرستگاكانمان ، مافە گشتییەكانمان ، بەروونی و بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەژێر مەترسی لەناوچوون و قۆرغكردن و قۆستنەوەدان ، و هەروەها بەرامبەر ئەم هەموو ستەم و دەستدرێژی و رێزنەگرتنە بەرامبەرمان ، بێدەنگی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران ، سەرۆكایەتییەكانی هەرێم و پەرلەمان و حكومەتی هەرێم و پارتە كوردستانییەكان ، رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی ، جێگەی پرسیار و تێڕامانن.  
بۆیە یەكخستنەوەی ریزەكانمان كاتی هاتووە و بەرپرسیارێتكی ئاینی و مێژووی و مرۆییە لەسەر شانمان ، تەنها بەیەكخستنی ریزەكانمان دەتوانین بەرەنگاری تەواوی ئاڵنگارییەكانی قۆناغی داهاتوو ببینەوە و بەرگری لە مافە رەواكانمان بكەین و دووبارە تەبایی و ئاشتی بنیات بنێینەوە ، رۆحی پێكەوە ژیان قوڵبكەینەوە لەنێوان تەواوی پێكهاتە رەسەنەكانی وڵاتەكەمان ، هەروەها بەرێگەی شارستانی یاسایی تەواوی هەوڵ و كۆششمان دەخەینەگەڕ بۆ بەرگریكردن لە ناسنامە و دۆزە رەواكەمان.
هەر شاد بن

ژمارەیەك لە كەسایەتی رۆشنبیری و چالاكوان و كەسایەتی ئاینی ئێزدی لە هەرێمی كوردستان و عیراق و جیهان

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە