کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ماڵئاوا پیاوە ماندونەناسەکە

.

03:55 PM - 12/11/2020

ماڵئاوا پیاوە ماندونەناسەکە ..
بەكر فەتاح
چل رۆژ لەمەوپێش بێ وادە ماڵئاواییت کرد، چل رۆژ لەمەوپێش بێ خواحافیزی کۆچت کرد، نا بەتەنھا بە جەستە لە ناومان نیت، ھەمیشە بە روح لە لامانی..
قەت ئەوەندە دەستەوسان نیم لە نوسین، ئاخر نازانم چی بنوسم، باسی ژیانی منداڵیت بکەم کە دەستەو یەخە لە گەڵ ئەو رۆژگارە رەشەی بێدەرەتانی بێ باوکی لە جەنگێکی بێ کۆتایی بویت، ئەو کاتەی زوو ئامادەیی پیشەسازیت ھەڵبژارد بۆ ئەوەی زوو تەواوی کەیتو قوتی ئێمەی پێ دابین بکەیت، خۆ تۆ لە ئامادەییش بەشێکی رۆژەکەت تەرخان کردبوو بۆ کاسپی، نازانم تۆ چۆن فریای ئەوھەموو کارە ئەکەوتیت؟ بیرمە وەستای دروستکردنی خانووبەرە بویت، وەستای بۆێە بوویت، تۆ ھەموو رەنگەکانی بۆیەکانت خۆش ئەویست بەڵام خۆشەویسترین لە ھەموویان رەنگی چەکوش و داسەکەی کۆمەڵەی رەنجدەران بوو، بیرم دێ یەکەم نامەی نوشتەییت دامێ تا تەسلیمی کاک ئەحمەد مەولود شەھیدمەلا عەلی بکەم کە ھاوپۆلم بوو لە ساڵی ١٩٧٣لە ئامادەیی سلێمانی ، پرسیم ئەمە چییە؟ ووتت نامەیەکی تایبەتە، بیرت دێ لێت نەبوومەوە تا بەدرێژی باسی کۆمەڵەت بۆ کردم؟ بیرت دێ پاش کارەساتی ١٩٧٥ لەگەڵ ھاورێکانت بریارتان دابوو درێژە بە خەبات بدەن؟ بیرت دێ کە ھاتیتەوە شار دیسان دەستتت کردەوە بەکار،  نوسینگەی بەڵێندەرایەتیت دامەزران دەیان لە ھاورێکانت لەو نوسینگەیە کاریان دەکرد؟ بیرتە سەرەرای ئەوەی کە بەڵێندەر بوویت بەڵام ھەروەکو کرێکار رەفتارت دەکرد؟ بیرت دێ لە ١/٥/١٩٧٦ لەو ئەنگوستە ساڵەدا کە ھەڵۆ باڵی خۆی لێ تەوق بوو تۆ لەگەڵ ھاورێکانت ویستت رێپێوانی کرێکاران بگۆریت بۆ پرۆتێست دژی رژێم؟ بیرت دێ کە لەو رووبەرووبونەوە گیرایت و ١٧ شەو لەژێر ئەشکەنجەی ئەمن ھیچت نەدرکان؟ بیرت دێ کە جەلادەکان پێیان ووتی تۆ بەڵێندەری حەقت چییە بە سەر کرێکارەوە؟ بیرت دێ کە لە ساڵی ١٩٨٢ جارێکی تر زیندانیان کردیت، ئەوەیان من لەشاخ بووم ( ئەزانی کە چوومە شاخ لە بارەگای کاک نەوشیروان بووم ساڵی ١٩٨٠ یەکەم کەس کاک نەوشیروان ھەواڵی تۆی لێ پرسیم ئەزانی کە لە ساڵی ١٩٩٦ توشی شیرپەنجە بوویت مام بانگی کردم فەرمووی ھەر چۆنێک بێت ،عەلی م بۆ چاەرەسەر بکە) با ھاورێ زیندانیەکانت ھەڵوێستەکانت بگێرنەوە،
بیرت دێ یەکێک لە ئەندامانی کۆنگرەی یەکێتی ساڵی ١٩٩٢ ھەستا ووتی عەلی فەتاح کەی بووە بە یەکێتی؟ کاکە عەلی گیان بە ئارامی بنوو ، بە ئارامی بنوو ، کەس وەک تۆ سەربازی گوم ناو نییە، ئەگەر مۆنومێنتی سەربازی گومناو لە ووڵاتەکەم دروست بکەن تۆ ئەستێرەیەکی نەخشاوی لەسەر مۆنومێنتەکە..لێم ببورە لەم نەھاتە ساڵی کۆرۆنا رێگام نادات یادی چلەی شایستە بە تۆ رێک بخەم.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە