کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

بەرشەلۆنە لە تۆرینۆ شكستی بەیۆڤانتۆس هێنا

.

02:08 PM - 29/10/2020

یاریگای ئەلیانز ستادیۆم بووە شانۆی بەیەك گەیشتنی هەردوو یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی و بەرشەلۆنەی ئیسپانی لەیاری لوتكەی كۆمەڵەی حەوتەم لەجەولەی دووەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا، یاریزانانی بەرشەلۆنە بەخێرایی فشارەكانیان لەسەر گۆڵی یۆڤانتۆس دروستكرد و میرالیم پیانیچ یەكەم هەرەشەی لەسەر گۆڵی یانەكەی پێشوی دروستكرد، بەڵام چیزنی گۆڵچی بەرپەرچی دایەوە و ئەنتوان گریزمانیش شوتێكی ئاراستەی گۆڵ كرد و بەر ستونی گۆڵەكە كەوت.
لەدەقیقەی 14 دا عوسمان دیمبلی تۆپێكی لەمیسی وەرگرت و یاریزانێكی یۆڤانتۆسی بڕی و بەشوتێك كە بەر قاچی یەكێك لەیاریزانانی خانمەپیرەكە كەوت توانی گۆڵی یەكەم و پێشكەوتن تۆمار بكات.
عوسمان دیمبلی و ئەنتوان گریزمانی یاریزانانی بەرشەلۆنە لەدەقیقەی 35 دا هەلێكی راستەقینەیان لەدەستدا بۆ تۆماركردنی گۆڵی دووەم و گێمی یەكەمی یاریەكە بەتاكە گۆڵەكەی دیمبلی كۆتایی هات.
لەگێمی دووەمیشدا یانەی یۆڤانتۆس كە بێ بەش بوو لەتواناكانی كریستیانۆ رۆناڵدۆی پورتوگالی بەهۆی تووش بوونی بەڤایرۆسی كۆرۆنا نەیتوانی بگەرێتەوە كەشی یاریەكە و یاریزانانی بەرشەلۆنەش بەردەوام بوون لەفشاركردن.
میسی لەدەقیقەی 62 نزیك بوو گۆڵی دووەم تۆمار بكات، بەڵام شوتەكەی بەلای راستی ستونی گۆڵەكە چووە دەرەوە، لەدەقیقەی 75 میسی ئەستیستێكی جوانی بۆ گریزمان كرد و ئەو هێرشبەرە فەرەنسییە شوتێكی ئاراستەی گۆڵەكەی چیزنی كرد و تۆپەكە بەلای ستونی گۆڵەكە چووە دەرەوە.
لەدەقیقەی 85 كێشەكانی یۆڤانتۆس زیادی كرد دوای ئەوەی دیمیرالی بەرگریكار دووەم كارتی زەردی وەرگرت و لەلایەن ناوبژیوانەوە بەكارتی سور كرایە دەرەوە.
 پێش كۆتایی هاتنی كاتی یاسایی یاریەكە بەیەك دەقیقە ناوبژیوان لێدانێكی پەناڵتی بۆ بەرشەلۆنە ئەژماركرد دوای ئەوەی بیرناردیسكی لەناو ناوچەی سزا ئانسۆ فاتی خست و لیۆنێل میسی كاپتن لێدانەكەی بەسەركەوتویی جێبەجێی كرد و گۆڵی دووەمی پێ تۆماركرد.
 لەساتەكانی كۆتایی یاریەكە پاولۆ دیبالا لێدانێكی راستەوخۆی جێبەجێ كرد، بەڵام هیچ مەترسیەكی دروست نەكرد و یاریەكەش بەبردنەوەی بەرشەلۆنە بە 2 گۆڵی بێ بەرامبەر كۆتایی هات، بەو بردنەوەیەش یانە كەتەلۆنیەكە بە6 خاڵ پێشەنگی ریزبەندی گرت و یۆڤانتۆسیش بە3 خاڵ لەپلەی دووەم مایەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە