کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی پێشوازی کرد لە گەورە ئابوریناسی جیهانی تۆماش سێدلاچێک

.

06:25 PM - 25/10/2020

قوباد تاڵەبانی پێشوازی کرد لە گەورە ئابوریناسی جیهانی تۆماش سێدلاچێک
قوباد تاڵەبانی لەگەڵ دکتۆر تۆماش سێدلاچێک گەورە ئابوریناسی جیهانی و کۆماری چیک کۆبووەوە و تاوتوێی چۆنیەتی بووژانەوەی ئابوری هەرێمی کوردستانیان کرد.
قوباد تاڵەبانی لە نووسینگەی خۆی پێشوازی کرد لە گەورە ئابوریناسی جیهانی و كۆماری چیك تۆماش سێدلاچێک كە لەسەر بانگهێشتی جێگری سەرۆك وەزیران بۆ راوێژی ئابوری و ئەنجامدانی زنجیرەیەك دیدار و چالاكی هاتووەتە هەرێمی كوردستان.
سەردانی ئەم ئابوریناسە كە خاوەنی چەند خەڵاتی نێودەوڵەتییە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی کۆماری چیک بووە و ئامانجی سەردانەکەش پێشكەشكردنی ڕاوێژە بە هەرێمی کوردستان لەبارەی چۆنییەتی فرەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات و پەرەپێدانی ئابوری و دووركەوتنەوە لە پشتبەستن بە نەوت وەك تاکە سەرچاوەی بودجە.
لە کۆبوونەوکەدا کە ئەمڕۆ (یەكشەممە 25 تشرینی یەكەمی 2020) بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆک وەزیران دۆخی ئابوری هەرێم و پلان و ئامانجەکانی حکومەتی هەرێمی بۆ پێشخستنی ئابوری و فرەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتی بۆ تۆماش سێدلاچێک روونکردەوە و بە گرنگییەوە باسی سودوەرگرتن لە ئەزمونی کۆماری چیکی کرد کە نمونەیەکی سەرکەوتوویان پێشکەش کردووە لەڕووی بووژانەوە و پەرەپێدانی ئابورییەوە.
لەلای خۆشیەوە تۆماش سێدلاچێک ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ بەخشینی بەرچاوڕوونی بە حکومەتی هەرێم بۆ چۆنیەتی گواستنەوەی ئەزمونی کۆماری چیک و وڵاتانی هاوشێوە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لە پشتبەستن بە تاکە سەرچاوە رزگاری بێت.
ئەم سەردانە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی جێگری سەرۆکی حکومەتدایە بۆ چۆنییەتی گواستنەوەی ئەزمونی وڵاتانی سەرکەوتوو کە هەر لەم چوارچێوەیەشدا لەگەڵ چەندین وڵات لە هەوڵدایە بۆ گواستنەوەی ئەزمونی ئەو وڵاتانە لەڕووی کشتوکاڵ و حکومەتی ئەلەکترۆنی و چەندین بواری دیکەی حکومڕانی.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە