کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

بریكاری وەزارەتی ناوخۆ: لە بڕیارەكانماندا ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان لەبەرچاودەگرین

.

10:52 PM - 24/10/2020

بریكاری وەزارەتی ناوخۆ لەدیدارێكیدا لەگەڵ دامودەزگا و نوێنەری لایەنە پەیوەندیدارەكان لەدەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ، ڕایدەگەیەنێت " هەركەس كێشە و ئاستەنگ دروست بكات ڕووبەڕووی یاسای دەكەینەوە".

ڕۆژی 24/10/2020، چەتۆ ساڵح بریكاری وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەئامادەبوونی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و فەرماندەی لیوای یەكی پاراستنی سلێمانی و بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ و بەرێوەبەری پۆلیسی پێنجوێن و سەرۆكی سەندیكای شۆفێران لە باشماخ لەگەڵ ئەنجومەنی شۆفێرانی دەروازەكە كۆبۆوە.
لە كۆبونەوەكەدا، بەوردی كێشەكانی شۆفێرانی ئۆتۆمبێلی(تاك و بارهەڵگری گەورە) گفتوگۆی لەسەر كرا و دواتر ڕێوشوێنی پێویست بۆچارەسەركردنیان دیاریكرا، لای خۆشیەوە، بریكاری وەزارەتی ناوخۆ بە جەختكردنەوە لەپێویستی جێبەجێكردنی خاڵە چارەسەرییەكان لەلایەن دامودەزگا و لایەنە پەیوەندیدارەكان، باسیلەوەكرد كە لەهەموو هەنگاو و بڕیارەكانماندا بەرژەوەندی گشتی و ژیان و گوزەرانی ئێوەی شۆفێران و هاوڵاتیان لەبەرچاو دەگرین.
چەتۆ ساڵح، لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، ڕاشیگەیاند: رێگا بەهیچ كەس نادەین لەدەرەوەی یاسا و رێوشوێنی كارگێڕی، دەستوەردان لەكاروباری دەروازە سنورییەكان بكات، دەروازەی باشماخ-یش بەپێی یاساو بەڕێكەوتن و هەماهەنگی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران كارەكانی رێكخراوەو بەرێوەدەبرێت، بۆیە هەركەس كێشە و ئاستەنگ دروست بكات ڕووبەڕووی یاسای دەكەینەوە، لەو ڕوانگەیەوە دەبێت شۆفێران و كاسبكارانی دەروازەكانیش تەنها بەرژەوەندی كەسی خۆیان نەبینن، بەڵكو دەبێت زیادەڕۆی بۆ سەر بەرژەوەندی گشتی نەكەن.
لەكۆتایی كۆبوونەوەكەدا، شۆفێران و ئەنجومەنی شۆفێرانی دەروازەكە سوپاسگوزاری خۆیان بۆ بریكاری وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم دەربڕی لەبەرامبەر بەدەنگەوەهاتن و چارەسەركردنی كێشەكانیان و بەڵێنی هەماهەنگیاندا بۆ باشتر جێبەجێكردنی رێكارەكان و ئەو بەرپرسیارێتیەی دەكەوێتە ئەستۆی شۆفێران

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە