کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ئاسودەیی لەكوێیە ؟

.

08:12 PM - 18/10/2020

ئاسودەیی لەكوێیە ؟
هەڵگورد جەلال
نەوەی ئێمە، نەوەیەكین پێدەچێت قەدەرمان لەگەڵ جەنگدا بێت، چونكە  لەجەنگی عیراق و ئێراندا لەدایك بووین، هەرزەكاریمان كەوتە جەنگی كوەیتەوەو گەورەبونیشمان جەنگی عیراق و كامڵیشمان جەنگی داعش... تەنانەت ئەو كارتۆنانەشی لەو سەردەمەدا نمایشدەكران ئەوانیش تەنها كلتوری جەنگیان پێ دەناساندین و تۆوی توندوتیژی و زەبرو زەنگیان تێدا دەچاندنین، بۆ نمونە( عدنان و لینا، مغامرات الفچا، ساسۆكی، رجل الحدیدی).
هەر لەمنداڵییەوە بۆ هەرزەكاری و لەوێشەوە بۆ گەنجێتی و كامڵیمان، هەڵوەدای بەدەستخستنی چنگێك ئاسودەیی و مشتێك خۆشبەختی بوین، بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێت نەمان دۆزییەوە،
سەرەتا واماندەزانی،  ئاسوودەیی لەناو (ئۆتۆمبیلەكەی ساندیبێل) یان داری جادووی پیاوە جادووگەرەكەی ناو زنجیرەی (نێڵز)دایە، دواتر پێمان وابوو گەر ( قەڵاكەی  عەللام  ) بڕوخێت و (قائید گاندال) بكوژرێت ئەوا ئاسودەیی دەدۆزینەوە، بەڵام نائومێدبوین...
لەنەوەدەكاندا، كە تەنها دەیەیەكی تەمەنمان بەڕێ كردبوو، گیرۆدەی جەنگی كوەیت و راپەرین و كۆڕەوو ئاوارەیی و گەمارۆی ئابوری بوین، واماندەزانی، خۆشنودی لەنێو كتێبەكانی  (بەختیار عەلی) و  گۆرانییەكانی (دیاری قەرەداغی و داریوش) و شانۆییەكانی (ئەحەی كڕنوو) و (ئاوایی بێكەسە)دا خۆی حەشارداوە....
وەلێ، نەمانزانی، گوێگرتن لە (داریوش و دیاری)، خوێندنەوەی (بەختیار عەلی)،  و  رامان لە (ئاوایی بێكەسە)، ئەو كەمە ئاسودەییەشی هەمانبوو، لێیان سەندین، چونكە پەنجەرەی لۆژیكیان بۆ خستینە سەر پشت.
دەیەیك دواترو لەسەرەتاكانی هەزارەی سێیەمدا، كە هەڕەتی گەنجێتـیمان بوو، بووینە نەوەیەكی لەت، لەنێوان دەستگرتن بەو كلتورەی پێی گەورەكرابوین، یان بوون بەبەشێك لەكلتوری مادیگەراو بەرژوەندخوازییانەو راكردن بەرەو كلتورێكی نوێ، كەتارادەیەك بەئێمە نامۆبوو، 11ی سێپتەمبەرو جەنگی عیراق، سەرەتای ئەو هەزارەیەبوو لەتەمەنمان، كۆمەڵێك خەونی رەنگاو رەنگ و جیاوازمان بە ژمارە جوانەكانی ئەو هەزارەیەدا هەڵواسیبوو، بەڵام ئەفسوس درەنگ  لە (داریوش)  تێگەیشتین بۆچی وتی " ئەوەی لەسەدەی بیست و یەكدا بەئاسودەیی بژی، بێگومان بەهەڵە لەدایك بووە".
ئیتر قسەیەكم نیە لەسەر دەیەی دووەمی هەزارەی سێیەم، كە بەقەیرانی دارایی و خنكانی گەنجان و جەنگی داعش، دەستی پێكردو ئێستاش كەلەبەردەم دەرگای دەیەی سێیەمیشداین، هێشتا تەپ و تۆزی جەنگی داعش و ئاڵۆزییەكانی كوردستان بەسەر هەناسەمانەوە ماوە،
بەڵام قسەكەی لەسەر ئەوەیە،
لەنێو ئەم هەموو جەنگەدا، ئەم نەوەیەی ئێمە، لەكوێدا بەدوای ژیاندا دەگەڕێت، لەكوێ گوێ قوڵاخی ئارامییەو تاكەی سواڵی تۆزێك ئاسودەیی دەكات؟
نەمزانی، پەلی ئاسودەیی، بەكام دار سنوبەری گۆیژەوەبوو وا سوتاو نەماندۆزییەوە، تێنەگەیشتین لەوەی، خۆشنودی، بەجانتای شانی كام گەنجی شارەكەوە كەوتە نێو ئاوی ئیجەو بۆئەبەد ونمان كرد؟
هێندەی تێگەیشتین، ئاپارتمانە بەرزەكان و ئۆتۆمبێلە گران بەهاو مۆبایلە زیرەكەكانیش،نەیانتوانی كەمێك ئاسودەییمان بۆ بدۆزنەوە... بۆیە ئێمە گرفتی نەبوونی رۆحمان هەیە، رۆحی ئەو شتانەمان لەدەستداوە، كە دەشێت ببنە هۆی بەدەستهێنانی ئاسوودەیی و ئارامی و خۆشنودی.  
دەشێت گەر (وردكار)ییانە مامەڵە لەگەڵ كەسەكان و حاڵەتەكاندا بكەین و كەمێك رۆحیان بەسەردا بپرژێنین، دەشێت سەرەتاتكێیەك لەگەڵ ئەو ئاسودەییو خۆشنودییەدا بكەین، كە هەموومانی شەتەك داوەو دڵەكوتەی پێ خستوین..
با چیتر دەست بەژیانەوە بگرین و (بیانوو) بۆژیانكردن و بەدەستخستن و بەخشینەوەی ئاسودەیی بدۆزینەوە نەك بۆ دوركەوتنەوە لەژیان

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە