کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ریفراندۆم و ١٦ ی ئۆکتۆبەر

.

01:56 AM - 17/10/2020

ریفراندۆم و ١٦ ی ئۆکتۆبەر

ئەریوان سیوەیلی

١٦ ی ئۆکتۆبەر بەرئەنجام و لێکەوتەی بڕیارێکی نادروست و کاڵفامانەی بەشێک لە سەرکردایەتی سیاسی کورد بوو، کە پێیان وابوو بە دەستڕاوەشاندن و ھەڕەشە و گوڕەشەی بێ بنەما و بەڵێنی ھەنگوینی، دەوڵەتی کوردی لە خەونێکی رەنگاڵەییەوە دەکەنە راستی.
سابوون لە بن پێدان و چەپڵەڕێزانی ژمارەیەک شوێنکەوتووی بەرژەوەندپارێز، بووە کڵاوی مەکسیکی و چووە سەریان، کە بەو ھۆیەوە ھەم خۆیان لە لوتکەی دەسەڵات ھاتنەخوارەوە، ھەم دۆزی کوردیان سەد ساڵ ھێنایە دواوە.
١٦ ی ئۆکتۆبەر ھێندە پیلانێکی دوژمنکارانە و گەمژانە بوو، کە ئەگەر ژمارەیەک لە سەرکردە و فەرماندە سەربازییەکانی یەکێتی نەبوونایە، وەک ئەوەی خەونی پێوە دەبینرا، شاری کەرکوک و ھەندێ لە ناوچە کێشەلەسەرەکان، بە تایبەت ئەو ناوچانەی بە جێگا نفوزی یەکێتی ناودەبرێن، بە شێوەیەک خاپور دەکران، بە سەد ساڵی تر بنیاتنەدەنرانەوە، وەک کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان و شاری موسڵ، بۆیە ھەر کات باس لە ریفراندۆم و ١٦ ی ئۆکتۆبەر دەکرێت دڕدۆنگ دەبن و دەکەونە تۆمەت بەخشینەوە.
ئەوەی جێگای سەرسوڕمان و شەرمە، ئەوەیە کە بۆ داپۆشینی ئابڕووچوونی دەرئەنجامی ریفراندۆم، یەکێتی بە خیانەت تۆمەتبار دەکەن و خۆیان وەک بێ گوناھ پیشان دەدەن، لە کاتێکدا ھۆکاری ھەموو روداو و کارەساتەکان ھەر خۆیان بوون، چونکە لە کاتی خۆیدا گوێیان بۆ راوبۆچوونی لایەنە سیاسییەکانی تری کوردستان و خەڵکانی بە ئەزموون و وڵاتانی دراوسێ و دۆست، و بەڵێنی وڵاتێکی گەورەی وەک ئەمریکاش نەگرت، کە ھەموان وتیان کاتی ریفراندۆم نییە.
کە کارتەکەش لە دەستیانا سووتا، خۆیان ئاسا ھەموو سەنگەرەکانیان چۆڵ کرد و ھێزەکانی یەکێتیان بە تەنھا جێھێشت و ژمارەیەک پێشمەرگەی قارەمانی یەکێتی لەو شەڕە نابەرابەرەدا شەھید و برینداربوون.
وا دەبێژن کە یەکێتی خیانەتی کردووە و کەرکوکی چۆڵ کردووە، تۆ بڵێی خەڵک بەو رادەیە گێل بێت بڕوا بەو درۆ شاخدارەیان بکات، باشە ئەی ناوچەکانی تری کەرکوک کە ھێزی یەکێتی لێنەبووە، کێ دای بەدەستەوە، ئەی شنگال و ئەو ناوچانەی تری سنوری مووسڵ كە ھێزەکانی خۆیانی لێ بوو کێ دای بەدەستەوە.
ئەگەر بمانەوێت خیانەت و پشتکردنە میللەت ببژێرین، ئەوا بێھیوایی تەنگمان پێ ھەڵدەچنێت، دەکەوینە گومانێکی قووڵەوە کە چۆن شەمەندەفەری ئەم ھەموو خیانەتە تا ئێستا رێی کردووە و بە پشت بەستن بە وڵاتانی دوژمن، تا ئێستای ھێناوە.
وتەیەک ھەیە دەڵێت: مێژوو دوو جار خۆی دووبارە دەکاتەوە، جاری یەکەم وەک تراژیدیا و جاری دووەم وەک مەھزەلە. ئەوانیش لە شکستی ٧٤ دا وەک تراژیدیا کوردیان ھیوابڕاو کرد و ئاشبەتاڵیان کرد و لە ٣١ ی ئاب و ١٦ ی ئۆکتۆبەریشدا، وەک دوو مەھزەلە ھەمان کارەساتیان بە سەر کوردا ھێنایەوە.
لە نزیکترین پێشھاتیشدا ئەوەتا جارێکی تر لە گەڵ حکومەتی عیراق کە جاران دەیانووت با دوو دراوسێی باش بین، رێککەتن دەکەن و شنگالیان تەسلیم دەکەنەوە، تەنھا لە بەر ئەوەی ھێزێکی تری کوردستانی لەو سنورە دووربخەنەوە.
ھەموو ئەوەی بە سەر میللەتەکەماندا ھاتووە و دێت، دەرئەنجامی سیاسەتی ھەڵە و کلک گرێدان و گەندەڵی و پاوانخوازی ئەوانە، بۆیە پێویستە بۆ لەمەودوا خەڵک ھەڵوێست وەربگرن و ھێزێکیش ھەبێت بڵێت: بەس و بوەستن.
لە ئێستادا زۆرینەی خەڵکی کوردستان و تەنانەت لایەنە سیاسییەکانیش چاوی ئومێدیان لە سەرکردایەتی نوێی یەکێتییە کۆتایی بەو ملھوڕی و نادادییە بێنێت کە ساڵانێکە بەرۆکی ئەم وڵاتەی گرتووە و بەردەوام ژمارەی نەھامەتییەکان زیاد دەکات.
بۆیە لە یادی ١٦ ی ئۆکتۆبەردا، جگە لەوەی درود بۆ رۆحی شەھیدانی ئەو کارەساتە دەنێرین، چاوی ئومێد لەوەیە سەرکردایەتی نوێی یەکێتی، چیتر ئەو تۆمەتانە قبوڵ نەکات و سور بێت لە سەر ئەوەی کە بۆ میللەتەکەمان ئاشکرا بێت، خیانەتکار کێیە و کێیە کە تا ئێستاش رێگرە لە ئاساییکردنەوەی دۆخی شاری کەرکوک و دانانی پارێزگارێکی کورد تا بەشێک لە کێشەکانی ئەو شارە چارەسەر بکرێن. پێویستە چیتر یەکێتی شان نەداتە ژێر ئەو بارەی ئەوان لە شیرینیەکەی دەخۆن و خۆیانی لە سەر دەوڵەمەندتر دەکەن، لە ساڵیادی خیانەتەکانی خۆشیاندا کۆمەڵێک کۆیلەی دەمپیس بەردەدەنە مێژووی پڕ سەروەری یەکێتی و سەرکردەکانی و دەڕشێنەوە.

٢٠٢٠/١٠/١٦

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە