.
03:09 PM - 16/10/2020
وەڵامێک بۆ شاخەوان عەبدوڵڵا
جەمال ئارێز
شاخەوان عەبدوڵڵا کادری پارتی دیموکراتی کوردستان و کۆنە پەرلەمانتاری بەغدای ئەو حزبە بابەتێکی نووسیووە سەبارەت بە رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ و رۆژانی دواتر، و بەدڵی ئەو بەرپرسانەی حزبەکەی کە درەنگانی شەوی پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر بەخۆیان و هێزەکانیانەوە و بە نهێنی کەرکوکیان بەجیهێشت ، کە پێموابێت ئەم نووسینەی بەڕێز شاخەوان تەنها (کۆپی پەیستی) بابەتێکی دوو ساڵی رابردووی خۆیەتی و تەنها پاشوپێشی بە هەندێک رستەو بڕگە کردووە، ئەگەرنا هەمان قەوانە سواوەکەی دوو سێ ساڵی رابردووە.
مادام "شاخەوان" بە خاڵ هۆکارەکانی ریزبەند کردووە ئێمەش هەوڵدەدەین بە خاڵ وەڵامی بدەینەوە تا بۆ ساڵێکی تر بەشوێن هۆکاری دیکەدا بگەڕێت و بزانێت کە ئەمە سەردەمی زوو نییە تەنها رادیۆی دەنگی کوردستانی عیراق هەبێت و خەڵکی کوردستان بێ ئاگابن و تاکە سەرچاوەی زانیاری ئەو رادیۆیەیە بەڵکو ئێستا سەردەمی جیهانگیرییە و نەک رادیۆ خەریکە تەلەفزیۆنیش لە کاروانەکە بەجێ دەمێنێت و ئەرشیفی هەموو رووداوەکانی پاش و هاوکات و دوای ١٦ی ئۆکتۆبەریش لە یوتیوب و هەموو لایەک دەست دەکەوێت، بۆیە قسە ریزکردن بۆ رازیکردنی دڵی ئەم و ئەو ئاسانە، بەڵام قەناعەت پێکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە وشە ریزکردن نابێت. بۆیە با خاڵ بەخاڵ وەڵامت بدەمەوە:
یەکەم: هەمووان دەزانین رۆژێکی کارەساتبار و ناخۆشە بەڵام لەسەر چ بنەمایەک یەکێتی تەخوین دەکەیت ئەی هەڤاڵ لاهوور دوو ساڵە داوای پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە و ئاشکراکردنی تۆمەتبارانی کردووە بۆچی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت کە سەرکردەی باڵای حزبەکەی جەنابتن خۆیان لەو داوایە لادەدەن؟
دووەم: ئێمەش دەڵێین ئەو رێکەوتنە هیچ باساوێک هەڵناگرێت چونکە رێکەوتن لە تەمموزی ٢٠١٦ کراوە بەبێ ئاگاداریی و لەبەرامبەر ٤٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکا، ئەوە یەکێتی بوو خیانەتی لێکرا و شەوی پێشتر پشتی چۆڵکرا و بەبێ ئاگاداریی لەو وردەکارییە ماوەی چەند سەعاتێک بەرگریی کرد و نزیکەی ٤٠ شەهیدی بەخشی ئینجا لە رێکەوتنەکە ئاگادارکرایەوە.
سێیەم: لەخاڵی دووەم وەڵامی ئەوەمان دایتەوە کە بەبێ شەڕ کەرکوک رادەست نەکراوە، بەڵکو ئەوە پرسیارەکەیە کۆی هێزەکان بۆچی هەر بەشەو کەرکوکیان بەسەر پێشمەرگەکانی یەکێتیدا بەجێهێشت کە لەبەرەی پێشەوەی جەنگەکەدا بوون، ویستیان بە گورگان خواردوویان بدەن و بەو هۆیەوە هەم هەموو پێشمەرگەکان تیابچن و هەمیش هەموو ئەو شوێنانەی بەرگریی لێدەکرێت وێران بکرێت و وەک شەڕی گرتنەوەی موسڵ لە دەست داعش کەرکوک داری بەسەربەردییەوە نەمێنێت.
چوارەم: بەڵێ راستت فەرمووە چونکە خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان نائومێدبوون لەوەی ئەو حزبەی بەزۆر ریفراندۆمی سەپاند بەسەر کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکاندا، هەر ئەو حزبە ساڵێک پێشتر خەباتی پێشمەرگەو چارەنووسی کوردی لەو ناوچانە فرۆشتووە بە ٤٠٠ ملیۆن دۆلاری ساڵانە و شەوی ١٥ی ئۆکتۆبەریش بەبێ تەقە دوای دووساڵ هەڵێنجانی نەوتەکەی شاری بە پەنهانی چۆڵکردووە.
پێنجەم: ئەوەشیان راستە چونکە بۆ خەڵکی کوردستان ئاشکرابوو کە بەشێک لە نوێنەرەکانی لەبەغدا ئەمسالی بەڕێزتانە و لەلایەک سوێند بە پاراستنی یەکپارچەیی عیراق دەدات و مووچەی زەبەلاح دەخاتە تەنکەی باخەڵییەوە، و لەلایەکیش خۆی دەکاتە عەڕابی سەربەخۆیی کوردستان و ئیدیعای تەڵاقدانی عیراق دەکات، ئیتر دوای ئەوە بڵێی بەرپرسانی عیراق بەهەمان شێوازی جاران مامەڵە لەگەڵ کورددا بکەن؟
شەشەم: کەس نکوڵیی لە قارەمانێتی پێشمەرگە نەکردووە کێشە فەرماندە باڵا حزبییەکانە و ئەوە فەرماندە پارتییەکان بوون هەر لەشەوی بەر لە ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بە ئیعازی سەرەوە هەموو پێشمەرگەو فەرماندە مەیدانییە پارتییەکانیان بەناوی بەرگریی لە خۆرئاوای کەرکوک کێشایەوە و پێش دەستپێکردنی هێرشەکانیش پاشەکشەتان پێکردن بۆ پردێ و لەوێشەوە بۆ بازگەی شێراوا.
حەوتەم: بەڵی وایە خۆی ریفراندۆم پرۆسەیەکی دیموکراتیی ئاشتیخوازانەیە، بەڵام ئەوەی لە کەمپین و بانگەشەکانی ریفراندۆمی کوردستاندا لەلایەن سەرۆکی حزبەکەی بەڕێزتانەوە کرا، لە سویسرا و نەرویژ و سوید نەبوو، بەڵکو لە عیراقێکی دەورەدراوە بەو وڵاتانەی کە هەریەکەی پارچەیەک لخاکی کوردستانیان داگیرکردووە و هەریەکەشیان چەندین شۆڕشی کوردیان بەئاگرو ئاسن لەناوبردووە، ئیتر ئەو تەحەدیی و سنگ دەرپەڕاندنانە چۆن لە سەرۆکی حزبەکەت قبووڵ دەکەن، پێشمان وانییە سەرۆکی حزبەکەت ئەوەندە لە سیاسەت نەزانێت کە لێکەوتە و کاردانەوەی ئەو تەحەدییاتانە چی دەبن، بەڵکو ئەمە دەردەکەوێت کە ئەوە ئەشڵی مەقسەدە و ئەو هۆکاری سەرەکیی ئەو پەرچەکردارە توندەی هێزەکانی عیراق بوو لەو پرۆسەیەدا.
هەشتەم: بێگومان هەر رووداوی ١٦ ئۆکتۆبەر نییە کە کاریگەریی هەبووە، بەڵکو ئەوە سەنگی کوردی دابەزاند کە دەیانی ئەمسالی جەنابت خۆتان کردبووە عەرابی سەربەخۆیی کوردستان و تەڵاقدانی عیراق، بەڵام لەدوای تووڕەبوونی بەرپرسانی بەغدا دەستبەجێ بەرپرسێکی باڵای حزبەکەت وتی: ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان نەبووە بەڵکو تەنها بۆ زانینی بۆچوونی خەڵکی کوردستان بووە و ئێوە مانانیش ملی رێگەتان گرتەوەبەر بۆ بەغدا بۆ وەرگرتنی مووچەی مانگی ئەیلولی ٢٠١٧ و لەوێ داواکرا لیژنەی لێکوڵینەوەتان لەسەر پێکبهێنرێت، ئەوەش دوو هەفتە بەرلە رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەربوو، لەوێوە سەنگ و پێگەی کوردتان کە بەغدا لەق کرد.
نۆیەم: بەڵێ میدیاکانی حزبەکەی بەڕێزت لە نێوەی رووداوەکەوە باسی مەسەلەکەی کرد و زۆربەی خەڵکی کوردستانی چەواشەکرد، بۆیە زۆرێک لە میدیای حزبەکانی دیکەش جا بە ترغیب بێت یان بە تەرهیب کەوتنە داوی میدیا بەبەرنامەکەی جەنابتانەوە و بێگومان ئەوەش کاریگەریی کردە سەر پەیوەندیی حزبەکان، بەڵام سەرەنجام دەرکەوت ئەوانەی وتتان وانییە هەموو حزبەکان ئامادەبوون بۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بێنە کەرکوک تا پارێزگارێکی کورد دابنرێت ، تەنها ئێوە ئامادەنەبوون، لەلایەکەوە کەرکوک بە داگیرکراو لەلایەن عیراقەوە ناودەبەن و لەلایەکەوە شەڕی پۆستی سەرۆک کۆماری ئەو عیراقە داگیرکەرە دەکەن، بۆیە وای لێهاتووە کەس متمانەی بەکەس نەماوە راست دەفەرموویت.
دەیەم: ملدانی زۆربەی حزبەکانی هەرێم بە یەکێتی و گۆڕان و یەکگرتوو کۆمەڵیشەوە لەترسی تەخوینی میدیاکانی ئێوە بەناچاریی هاتنە بازنەی ریفراندۆمەوە، ئەوەش کارێکی کرد کە عەرەبیش لە بەغدا بە هەردوو پێکهاتەی سوننە و شیعەوە هەموو ناکۆکییەکانی خۆیان وەلانا و بەناچاریی هاوپەیمانییان لەگەڵ یەکتریدا کرد بۆ تێکشکاندنی ئەو "یەکگرتووییە کوردییە "ی لە ریفراندۆمدا خۆی دەنواند.
یازدە: ئێوە لەوکاتەی خۆتان شەڕی پۆستی سەرۆک کۆمار و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عیراقیشیان دەکرد لەدوای ریفراندۆم و ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، رێگربوون لە نوێنەرانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و بەرپرسە کوردەکان لە ئیدارەو ئەنجومەنی شارەکە و جگەلەوەش لە سەرەتای رووداوەکانەوە کە خەڵکی شارەکە هێدی هێدی دەگەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان، لە میدیاکانی خۆتانەوە ئیدیعای دەرکردن و هەڵکوتانە سەر ماڵە کوردەکانتان دەکرد تا چیتر خەڵکی شارەکە نەگەڕێنەوە.
دوازدەهەم / ئەگەر سەرکردەکانی حزبەکەی بەڕێزتان کەمێک لە خواستە دەسەڵاتخوازییەکانی خۆیان ببوردنایە لەمێژبوو پارێزگارێکی کورد بۆشارەکە دانرابوو، بەڵام ئێوە دەتانەوێت یان دەبێت ئەوە ببێت کە ئێوە دەتانەوێ یاخود کوردستان وێران دەبێت یان چی دەبێت بابببێت، ئەگەرنا چ رەوای حەقە پۆستەکانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت، جێگری سەرۆک و سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عیراق وەزیری دەرەوەی عیراق هێشتا خیشتان لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماریش کردووە و لە رقی ئەوە پۆستی پارێزگاری کەرکوکتان پەکخست! ئیتر مەیکەنە پاساوی رووداوی ١٦ ی ئۆکتۆبەر.
سێزدەهەم / قوربان بەر لە شازدەی ئۆکتۆبەریش لەسایەی سەری ئێوەو وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەکانی کابینەکانی پێشووەوە سامانی نەوتی کەرکوک هەر بەتاڵان دەرۆیشت و پارەکەشی دەچووە گیرفانی تورکیا و هەندێک لەو ملیشیایانەوە کە کردبووتانن بە پاسەوانی بیرە نەوتەکان و سەربە بەرپرسەکان بوون تەنانەت نە خەڵکی کوردستان و نە خەڵکی کەرکوکیش سوودیان لێ دەبینی، بەڵکو لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەریشەوە ئەرکی گواستنەوەی نەوتەکە بۆ تورکیا هەر لەئەستۆی کۆمپانیای "کار"ی نزیک لە حزبەکەتدایە.
ئێمەش بەو دوعایە دەڵێین ئامین و روورەشی بۆ خۆفرۆشان و نەفرەت لە داگیرکەرانی کوردستان.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە