کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

لاهور شێخ جەنگی: یەكێتی دەكەینەوە بە یەكێتیەكەی جاران

.

04:34 PM - 14/10/2020

وەک پێشتر بەڵێنم دابوو، لە دوای کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی سەردانی هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان بکەم و لە نزیکەوە چاوم بە کادر و هەڤاڵان و بنکەی جەماوەری بکەوێت و گوێ لە خواست و داواکارییەکانیان بگرم، سەرەتا لە هەولێری قەڵا و منارەوە دەستمان پێکرد، لەو چوارچێوەیەشدا ڕۆژی دووشەممە 12ی 10ی 2020 سەردانی دەڤەری ڕاپەڕینم کرد، بەر لەهەموو شتێک دەمەوێت لەناخی دڵمەوە سوپاسی ئەمەک و وەفاداری و دڵسۆزی خەڵکی قارەمان و تێکۆشەری دەروازەی ڕاپەڕین و پشدەر بکەم بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لێیان کردین.
لە کاتێکدا کە خەڵکی سنورەکە نیگەرانن بەرامبەر بە کەمی خزمەتگوزاریی و بێ مووچەیی و چەندین کێشەی تر، بەڵام هێشتا بە ئومێدەوە چاویان لە حزبەکەی خۆیانە و هیوایان لەسەر هەڵچنیوە کە خزمەتیان بکات.
لە دەستپێکی سەردانەکەماندا لە ڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕین، بە یاوەری هەڤاڵانم لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەڤەرەکە، مەڵبەندی ڕێکخستنی ٢٤ی ڕاپەڕینمان بەسەر کردەوە و لەگەڵ ئەنجومەنی مەڵبەند و هەموو کۆمیتەکانی سنورەکە کۆبوومەوە و لە نزیکەوە گوێم لە سەرنج و پێشنیار و داواکاریی هەڤاڵان و کادیران گرت و بەڵێنم پێدان کە پشتیوان و هاوکاریان بم تا بە هەموومان یەکێتیی بخەینەوە سەر شاڕێی خۆی و بیکەینەوە بە حزبی جەماوەر.
دواتر سەردانی ناحیەی چوارقوڕنەمان کرد و نەخۆشخانەی تایبەت بە نەخۆشییە گوازراوەکانمان بەسەرکردەوە، سوپاسی خێرخوازانمان کرد کە دەستی هاوکاریان ڕاکێشاوە بۆ دروستکردنی ئەو نەخۆشخانەیە، وێڕای ئەوەی کۆمەڵێک پێداویستی پزیشکیمان پێشکەش کردن کە ڕێکخراوی مرۆیی (مام) دابینی کردبوو، بەڵێنمان پێدان کە ئەو پێداویستیانەی کە هێشتا تەواو نەکراون، بۆیان دابین بکەین  و بە زووترین کات نەخۆشخانەکە بخرێتە خزمەتی هاوڵاتیانی دەڤەرەکە بۆ چارەسەرکردنی تووشبوانی کۆرۆنا.
لە بەشێکی تری دیدار و کۆبوونەوەکانماندا لەگەڵ لێپرسراوی یەكە ئیدارییەكانی سنوری بیتوێن و پشدەر و ڕاپەڕین کۆبووینەوە، وێڕای گوێگرتن لە كێشە و گرفتەكانیان ئامادەیی خۆمان پیشاندا کە هاوكاری تەواویان دەبین، داواشم لێکردن کە بەشێوەیەكی باشتر لە ڕابردوو كار و خزمەتەكانیان چڕتر بكەنەوە.
پاشان بەجیا زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەمان ئەنجامدا لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە و ئەفسەر و پلەدار و مامۆستایانی ئایینی  و چەندین کەسایەتی سنوری پشدەر و بیتوێن، هەمان ڕۆژ گوزەرێکمان کرد بەناو بازاڕدا، چاومان بە کاسبکار و گەنجان و هەموو چین و توێژەکان کەوت، لە نزیکەوە ئەو حەماسەتە و خۆشەویستییەمان بینی کە هاوڵاتیانی سنورەکە بۆ یەکێتییەکەیان هەیانە، ئێمەش ڕامانگەیاند پشدەر و بیتوێن لە هەموو سەردەم و قۆناغەكانی خەباتدا لانكەی شۆڕش و قوربانیدان بوون، بۆیە خزمەتكردنی ئەم دەڤەرە و دانیشتوانەکەی، ئەركی سەرشانی هەموانە، بە تایبەت حكومەتی هەرێم، هەر بۆیە سەردانەکەشمان  گەڕاندنەوەی یەکێتییە بۆ ناو شەقام و جەماوەر، بەڵێنمان دووپاتکردەوە ئەوەی لە تواناماندا بێت وەکو حزب بۆیان جێبەجێبکەین و ئەوەی لە حکومەتیشە لە ڕێگەی تیمی یەکێتییەوە داواکارییەکانیان بگەیەنین و هەوڵی جێبەجێكردنیان و چارەسەركردنیان بدەین.
هەر لە چوارچێوەی سەردانەکەماندا ڕۆژی سێشەممە 13ی 10ی 2020، شاری قه‌ڵادزێمان بەسەرکردەوە، لەبەردەم هەڤاڵان و کادیران و جەماوەری شارەکە ڕامانگەیاند، یه‌كێتیی‌ هه‌ڵقوڵاوی‌ نێو خه‌ڵكی‌ كوردستانه‌ و لە دوای سەرکەوتنی کۆنگرە و لەگۆڕنانی خەونی نەیاران، به‌هیممه‌ت و هه‌وڵی كادیره‌ دڵسۆزه‌كان و كه‌سوكاری‌ سەربەرزی شەهیدان، یەکێتیی دەکەینەوە بە یەکێتییەکەی جاران.
باسمان لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کرد کە لە دوای کۆنگرە ڕێگربووە لە كۆبوونه‌وه‌‌ جه‌ماوه‌رییەکانمان، بەڵام لەهەمانکاتیشدا له‌ هه‌ر شوێنێك زۆنی‌ مه‌ترسی‌ بوو و پێویستی‌ به‌ پێداویستی‌ ته‌ندروستی‌ بوو خۆمان مه‌یدانی‌ له‌وێ‌ بووین له‌گه‌ڵ‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ خۆمان تا وره‌یان به‌رزبكه‌ینه‌وه‌ و پێداویستییه‌كانیشیان دابین بكه‌ین. جەختمانکردەوە کە ئێمه‌ ده‌بێ له‌ناو خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ خۆمان، له‌گه‌ڵ‌ ئێش و ئازاره‌كانیان بین و له‌ پشتی‌ كورسی‌ و مێزه‌كانمان دانه‌نیشین وه‌كو جاران چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌وه‌ بكه‌ین خه‌ڵك سه‌ردانمان بكات، به‌ڵكو ده‌بێت خۆمان به‌ره‌وپیری كێشه‌كانی‌ خه‌ڵك بچین.
هاوکات ئاماژەمان بۆ دۆخ و گوزەرانی مووچەخۆران کرد و ڕامانگەیاند کە دەبێت چاكسازی لە بۆرییەكانی نەوتدا بكرێت، زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار بە ناوی كرێی كۆمپانیاكانەوە ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت، بۆیە دەبێت چاكسازی لە بۆرییەكانی نەوتدا بكرێت، نەك حكومەت مووچەی فەرمانبەرێك كە 300 هەزار وەردەگرێت كەمبكاتەوە و بڵێت چاكسازیم كردووە. جەختمانکردەوە لە جێبەجێكردنی پرۆژەی لامەركەزی ئیداری و دارایی كە پێشتر یەكێك بوو لەو بنەمایانەی حكومەتی لەسەر بنیادنرابوو.
باسمان لەوەکرد کە یەكێتیی ئەم شێوازەی ئێستای حكومڕانی قبوڵ نییە، چونکە كاتێك لە دەڤەری ڕاپەڕین خۆپیشاندان دەكرێت خەڵك ڕەخنە لە یەكێتی دەگرێت، كەواتە مادەم لە ڕەخنەلێگرتندا پشكی شێرمان بەردەكەوێت، دەبێت لە بڕیاردانی حكومەتیشدا پشكی شێرمان هەبێت.
لە کۆتاییدا هەموو یەکێتییەکان دڵنیا دەکەمەوە کە یەكێك لە ئەجێندای كارەكانمان لە دوای كۆنگرە، بەسەركردنەوە و چوونە ناو خەڵكە، بۆیە سەردانی هەموو شار و قەزاكان دەكەین و دەچینەوە ناو جەماوەرەکەی خۆمان، کە یەکێتی لەناو ئەوانەوە هەڵقوڵاوە و هەمیشە لەگەڵ ئێش و ئازارەكانیاندا بووە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە