کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

سبەى سەعات ١٢ى نیوەڕۆ زانکۆلاین بۆ دەرچوانى پۆلی دوانزه‌ی ئامادەیی کارا دەکرێت

.

10:58 PM - 09/10/2020

سبەى سەعات ١٢ى نیوەڕۆ زانکۆلاین بۆ دەرچوانى پۆلی دوانزه‌ی ئامادەیی کارا دەکرێت
بەڕێوەبەرایەتى ڕاگەیاندنى وەزارەت
پرۆسه‌ی وه‌رگرتنی ده‌رچوانی پۆلی دوانزه‌ی ئاماده‌یی له‌ زانكۆ و پەیمانگاكانی هه‌رێمی كوردستان دەستپێدەکات و، لە سبەینێوە شەمە ڕێکەوتى (١٠/١٠/٢٠٢٠) سەعات (١٢)ى نیوەڕۆ، زانكۆلاین بۆ ماوەى (١٠) رۆژ بۆ دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى ده‌كه‌وێته ‌كار.
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایدەگەیەنێت، لە سبەینێوە ڕۆژى شەمە كه‌ ده‌كاته‌ ڕێكه‌وتی (١٠/١٠/٢٠٢٠) له‌ سه‌عات (١٢)ی نیوەڕۆ وێبسایتی (www.regayzanko.com) بۆ دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی تا سەعات (١٢)ى شەوى ڕۆژى (١٩/١٠/٢٠٢٠) واتە بۆ ماوەى (١٠) ڕۆژ کارا دەکرێت، به‌وه‌ش ده‌رچوانی پۆلی (١٢)ی ئاماده‌یی لەو ماویە ده‌توانن فۆرمی وه‌رگرتن له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كان پڕبكه‌نه‌وه‌و پێشكه‌شی بكه‌ن، هه‌روه‌ك ده‌رچوان ده‌بێ بەبەكارهێنانی هەمان ناوى بەکارهێنەرو وشەى تێپەڕ (یوزەرنەیم و پاسۆرد) كە پێشتر له‌ خوێندنگەکانیان وه‌ریانگرتۆته‌وه‌ ده‌توانن فۆرمی وه‌رگرتن پڕبكه‌نه‌وه‌.
بۆ خوێندنى تایبەتیش، زانکۆ و پەیمانگا تایبەتەکان دەتوانن فۆڕم بەسەر خوازیاران لەخوێندنى تایبەت دابەش بکەن.
سەبارەت بەپلانى وەرگرتن بۆ خوێندنى ئەمساڵ بەهەر سێ سیستەمى خوێندنى (گشتى، پارالێڵ، ئێواران)، لە زانکۆ حکومیەکان بریتییە لە (٥٤٥٣٧) کورسى، کە بۆ یەکەمجارە لە مێژوى وەرگرتن لەهەرێمى کوردستان پلانى وەرگرتن بگاتە ئەو ژمارەیە، هاوکات پلانى داواکراوى زانکۆ و پەیمانگا تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان بریتیە لە (٢٧٦٣٠)کورسى خوێندن.
سەبارەت بەژمارەى دەرچووانى پۆلی دوانزەى ئامادەیى کە ناوەکانیان لە وەزارەتى پەروەردە بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕەوانە کراوە بریتیە لە: (٧٢٢٦٤) دەرچو، کە (٤٦٢٨٨) دەرچوى زانستى و(٢٤٣٧٩) دەرچوى وێژەیی و (١٦٣٧) دەرچوى بەشە پیشەییەکانن، سەرەڕاى ژمارەیەکى زۆرى دەرچوانى ساڵى رابردو کە لەهیچ شوێنێک ناویان دەرنەچوە ئەمانەش مافى پێشکەش کردنیان هەیە کە سیستمەکە ڕێگەى پێشکەش کردنیان پێدەدات.
بۆ به‌رچاوڕونی زیاترى ده‌رچوانی پۆلی دوانزه‌و ئاشنابونیان به‌سیستمه‌كانی وه‌رگرتن (زانكۆلاین، پارالێل، ئێواران) پێویستە سەیرى ئەو ڤیدیۆ فێرکاریە بکەن کە لەسەر وێبسایتى (www.regayzanko.com) داندراوە، هاوکات بۆ هەمان مەبەست دەتوانن لەسەر هەمان وێب سایت ڕێبەرى وەرگرتن بە وردى بخوێننەوە وەک بنچینەیەک بۆ پڕکردنەوەى فۆرمەکانیان، هەروەهاش دەتوانن سەردانى مەڵبەندەکانى ڕاوێژکارى زانکۆکان بکەن بۆ وەرگرتنى ڕونكردنه‌وه‌ی پێویست له‌سه‌ر چۆنیه‌تی پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمی وه‌رگرتن به‌سیستمه‌ جیاوازه‌كان، کە ئه‌مه‌ش ده‌ره‌فه‌تێكی گرنگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دەرچوان به‌ر له‌وه‌ی فۆرمی وه‌رگرتن پێشكه‌ش بكه‌ن و ئاگاداری ورده‌كارییه‌كانی سیستمه‌كه‌ بن و هەوڵ بدەن خودى خۆیان فۆڕمەکان پڕبکەنەوە، و ڕو لەو سەنتەرانە نەکەن کە فەرمى نین و تەنها بۆ دەستکەوتنى بڕێک پارە فۆرم بۆ دەرچوان پڕ دەکەنەوە.
سەبارەت بە هەبوونى پەیج و ئەکاونت بەناوى زانکۆلاین و ناوەندى وەرگرتن، وەزارەتى خوێندنى باڵا ڕایدەگەیەنێت ستافى وەرگرتن هیچ جۆرە پەیج و ئەکاونتێکى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نیە بەناوەکانى زانکۆلاین و ناوەندى وەرگرتن یان هەر ناوێکى دیکە، بەڵکو تاکە مینبەرى گەیاندنى ڕێنماییەکانى ئێمە لەڕیگەى سایت و پەیجى فەرمى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستییە.
هاوپێچ: مەرج و ڕێنماییەکانى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان (٢٠٢٠-٢٠٢١) مەرج و ڕێنماییەکانى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان (٢٠٢٠-٢٠٢١)

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە