.
08:42 PM - 25/09/2020
ئه‌و ته‌ڵاقه‌ی کە نه‌كه‌وت
سه‌ركێشی ڕیفراندۆم كه سێ ساڵ پێش ئێستا له ده‌ره‌وه‌ی كۆده‌نگی نیشتمانی و شه‌رعیه‌تی په‌رله‌مان، وه‌ك جۆرێک له خۆسه‌پاندنی سیاسی و پارێزگاریكردن له‌كورسییەک به‌ده‌م قاشكردنی سێوێكه‌وه ئه‌نجامدرا، هیچ نه‌بوو جگه له‌مه‌ترسی خستنه سه‌ر ده‌ستكه‌وته‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک له سه‌فقه‌یه‌كی ژێربەژێری شکستخواردوودا، ئه‌و سیناریۆ فاشل و بڕیاره هه‌ڵه و ناستراتیژییە، ئه‌و ده‌ست له‌پشتدانە هه‌رێمی و لوتبه‌رزی سیاسییە، ئەو ملنه‌دانە بۆ خواستی دڵسۆزان و دۆست و هاوپه‌یمانان بوو بەهۆی له‌ده‌ستدانی نیوه‌ی خاكی كوردستان.
یادی ئه‌و شانۆگه‌رییه‌ی كه خۆم هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه به (فڕفڕاندۆم) ناوم بردووه وا ئێستا هەمدیس له‌لایه‌ن هه‌مان ئه‌و كه‌سانه‌وه كه هه‌میشه شانازییان به‌خیانه‌تەوه كردووه بەناوی كوردایه‌تی به‌خه‌ڵكی ده‌فرۆشنه‌وه و جارێک به تاپۆی ڕه‌ش و جارێكی تریش به‌كارتی گوشار ناوی ده‌به‌ن، خۆ ئه‌گه‌ر له‌ڕووكه‌شدا جۆرێک بوو بێت له‌ختوكه‌دانی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی خه‌ڵكی كوردستان، ئه‌وا له‌ناوه‌ڕۆكدا جۆرێک بووه له خۆچه‌ماندنه‌وه و ڕاده‌ست بوون به ویستێكی هه‌رێمی، بۆ یٔه‌وه‌ی كه‌ركوكی قودس و خاكی به‌خوێن ڕزگاركراوی كوردستان بخه‌نه شەڕێکی نابه‌رامبه‌ر و دواجار پارێزگاری له‌و باڵانسه سیاسییه بكه‌ن کە بەرژەوەندی خۆیانی تێدا پارێزراو بوو، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و ئه‌سحابی فه‌خامه‌تانه‌ی به‌زمانی كوردی و له‌میدیاكانی خۆیانه‌وه ڕیفراندۆمیان به‌كوردایه‌تی ده‌رخواردی خه‌ڵك ئه‌دا، له‌به‌رده‌م زوومی کامێرای كه‌ناڵه عه‌ره‌بی و جیهانییه‌كان شه‌رمنانه دووپاتییان ئه‌كرده‌وه، كه‌ئەوان عێراقییه‌كی عه‌یار بیست و چوارن و ئه‌وه‌ی ڕوویدا ڕاپرسییه‌كی ئاسایی بوو بۆ زانینی خواستی خه‌ڵک، له‌كاتێكدا ئه‌و دوو فاقییه له‌به‌یانكردن خۆی جۆرێكه له‌سوكایه‌تی به ویستی نه‌ته‌وه‌یه‌ک، چونكه له‌دێرزه‌مانه‌وه كورد و بزوتنه‌وه سیاسییه‌كه‌ی به‌شۆڕش و خوێن به‌خشین خواستی سه‌ربه‌خۆیی به‌یانكردووە و پێویستی به‌هیچ تاقیكردنه‌وه و یٔه‌زموون كردنێكی تر نه‌بوو ...!!
خۆ ئه‌وكاتیش هاوارمان كرد كه كاكه سه‌ربه‌خۆیی بەپەنجە ڕاوەشاندن و خۆ گیڤ کردنەوە به‌ده‌ست نایه‌ت، چاره‌نووسی میلله‌تێک بەعینادی تەسلیمی قه‌ده‌ر ناكرێت و نابێت گەردن و گەرووی میللەتێک و خاکەکەی بە ھەڕەشەی لەناوچوون بسپێردرێت.
ئه‌وكاتیش ووتمان بەهۆی شەڕی داعش و ئه‌و هاوسۆزییه نێوده‌وڵه‌تییەی بۆ عێراق هه‌یه، هه‌ر سه‌ركێشیه‌ک به‌ته‌نها بریتی نابێت له‌ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و وه‌ستانه‌وه به‌ڕووی عێراقدا، به‌ڵكو یه‌كسانیش ده‌بێت به‌وه‌ستانه‌وه به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی، به‌ڵام به‌په‌نجه ڕاوه‌شاندن و حساب نەکردن بۆ نامه‌كه‌ی (تیله‌رسن) كه زۆر چاو‌دێر وه‌ك به‌ڵێنی بڵفۆڕ پێناسه‌یان ده‌كرد وه‌ڵام دراینه‌وه …!!
ئەو رۆژگارەی ھاوشێوەی بارام بەگ پەیامنێر و بێژەر و پەرلەمانتار و سیاسی و سەرۆکیش سەری زمان و بنی زمانییان تەڵاقدانی عێراق بوو، نەیاندەزانی هەژموون و بەرژەوەندی سیاسی وڵاتان و ھاوکێشە نێودەوڵەتیەکانی ئەم ناوچەیە، زۆر لەوە ئاڵۆزتر و قوڵترە بەو نەفەسە یاری بە ھەموو شتێکەوە بکرێت، سەرکێشی بەدەستکەوتەکانەوە کورد لەعێراقدا لە شەریک و ھاوبەشێکەوە ده‌كات بە شاگرد، ئه‌و كات ووترا كه هه‌موو موسته‌الزمازتێكی سه‌ربه‌خۆییمان هه‌یه كه‌چی دوو هه‌فته‌ی نه‌برد بینیمان كه نه‌ک چاره‌كه مووچه‌شمان پێ نادرێت به‌لكو چڵه په‌ڵپینه‌كیش له‌بازاڕدا ده‌ست ناكه‌وێت تا هه‌ر هیچ نه‌بێت سه‌رچۆپی گێڕان بیگرنه ده‌ست بۆ ته‌واوكردنی شاییه‌كه‌یان ..!!
عاجباتیه‌كه‌شی لەوەدا بوو بە بۆنە و بێ بۆنە خۆیان دانیان پێداده‌نا کە یٔەوان بۆ سەربەخۆیی ڕیفراندۆمیان ئەنجام نەداوە، بەڵکو بۆ زانینی ڕای خەڵک و تاقیکردنەوە ئەو زه‌ماوه‌نده‌یان سازداوە كه‌چی ئینجاش هه‌ندێک هه‌ر به‌رده‌وام بوون له‌پاسپۆرت سوتاندن و سێ به‌سێ ته‌لاق دانی به‌غدا ..!!
هه‌ر چه‌ند مانگێكیش دوای هات و هاواری سه‌ربه‌خۆیی، ئاڕاستەی سوكانیان به‌ره‌و به‌غداد گۆڕی و كه‌وتنه شه‌ڕی وه‌رگرتن و ده‌ستهێنانی پله و پۆست و له چاوتروكانێكدا (ئه‌ی ره‌قیب) بوو به (موتنی) ...!!
شاناز ئیبراھیم ئەحمەد
٢٥-٩-٢٠٢٠
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە