کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

لە یەك هەفتەدا بانكی ناوەندی توركیا 2 ملیار دۆلاری لە دەستداوە

.

08:07 PM - 25/09/2020

 بەپێی راپۆرتی خراوەرووی بانكی ناوەندی توركیا، بەتەنها لەماوەی یەك هەفتەدا بانكەكە بڕی زیاتر لە 2 ملیارو 122 ملیۆن دۆلاری لە یەدەگی دارایی خۆی لە دەستداوەو، لەبڕی 45 ملیارو 281 ملیۆن دۆلار یەدەگی داراییەوە، كۆی ئەو یەدەگە لە دراوە گرانبەهاكان بۆ 43 ملیارو 159 ملیۆن دۆلار كەمیكردووە.
دابەزینی یەدەگی دارایی بانكی ناوەندی توركیاش لە كاتێكدایە، ئێستا بەهۆی دابەزینی بەهای لیرەی توركیەوە حكومەتی ئەنكەرە فشارێكی زۆری لەسەر بانكەكە دروستكردوە بۆ ئەوەی بەو یەدەگە داراییەی هەیەتی پاڵپشتی لەبەهای دراوەكە بكات، ئەمە لەكاتێكدا بەتەنها لەماوەی ئەمساڵدا لیرەی توركی لەبەرامبەر دراوە گرانبەهاكانی تردا بەرێژەی سەدا 23 بەهاكەی خۆی لەدەستداوەو بەیەكێك لە دراوە خراپەكان هەژمار دەكرێت.
جێی ئاماژەیە، ئابوری  توركیا لەساڵی 2018وە رووبەروی قەیرانی گەورەبۆتەوەو حكومەتە خۆجێیەتیەكان و دامەزراوە حكومیەكانیش نەیاتوانیوە رێگری لە زیاتر خراپبوونی دۆخی ئابوری و دارایی توركیا بگرن، ئەمە لەكاتێكدا ئێستا توركیا بۆ هاوسەنگكردنەوەی دۆخی داراییەكەی بەردەوام پەنا بۆ كەمكردنەوەی نرخی سودی سەر قەرزەكان دەبات و رێگەشی بەهاوڵاتیانی بیانیداوە بەئاسانكاری زۆرەوە یەكەی نیشتەجێبون لەوڵاتەدا بكڕن.
بەپێی رۆژنامەی جمهوریەتی توركیاش، بانكی ناوەندی توركیا لەمانگی كانونی یەكەمی ساڵی 2013دا خاوەنی زۆرترین بڕە یەدەگی دارایی بووە كە گەیشتۆتە 115 ملیارو 144 ملیۆن دۆلارو تا كۆتایی ساڵی رابردووش بڕی ئەو یەدەگە بۆ 81 ملیارو 240 ملیۆن دۆلار كەمیكردوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە