کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

لاهور شێخ جەنگی پێشوازی لە باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق دەكات

.

10:10 PM - 24/09/2020

ئێوارەی ئەمرۆ لاهور شێخ جەنگی ، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە نوسینگەی تایبەتی خۆی لە شاری سلێمانی پێشوازیكرد لە مارتن هووس ، باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق وەفدێكی هاورێی.
لە دیدارێكدا گفتوگۆكرا لەبارەی دوایین پەرەسەندنەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لە رووی سیاسی و ئەمنی و ئابورییەوە.

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق پیرۆزبایی لە لاهور شێخ جەنگی كرد بۆ هەڵبژاردنی وەك هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان ، لای خۆیەوە لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بۆ بەستن و سەركەوتنی كۆنگرە كرد و رایگەیاند یەكێتیی بە قۆناغێكی سەختدا تێپەری و توانرا كۆنگرەی نوێبونەوەی بەسترێت ویەكێتییەكی نوێی بێتە ئاراوە ، ئێستا یەكێتیی بە پەیرە و پرۆگرام و پەیكەربەندیەكی نوێوە هەنگاو دەنێت بۆ خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.

لە بەشێكی تری دیدارەكەدا لاهور شێخ جەنگی ڕوانین و هەڵوێستەكانی خۆی لە بارەی پەیوەندیەكانی نیوان هەرێم و بەغدا دووپاتكردەوە و رایگەیاند گرتنە بەری دیالۆگ و زمانی هاوبەش تاكە رێگەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەركردنی تەواوی كێشەكان و رێككەوتنێكی گشتگیر لە نێوان هەردوولادا بە رەچاوكردنی دەستور.
لاهور شێخ جەنگی پشتیوانی خۆی و حزبەكەی دوپاتكردەوە بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئارامیی لە عێراقدا  و رایگەیاند" یەكێتیی وەك هێزێكی سیاسی سۆشیال دیموكرات هەمیشە فاكتەرێك بوە بۆ بەردەوامی پرۆسەی سیاسیی و چەسپاندنی ئارامیی و ئۆقرەیی  لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا و  لەسەر ئەو سیاسەتەش بەردەوامدەبێت."

لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بە پەیوەندیەكانی نێوان یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كرد كە وەك دوو هیزی سەرەكی لە هەرێمی كوردستاندا بەردەوامن لەسەر بیروراگۆڕینەوە و گەیشتن بە لێكگەیشتنی هاوبەش لەبارەی كۆی پرسەكان، بەتایبەت ئەو بابەتانەی كە تێروانینی جیاوازیان لەسەرە.
لاهور شێخ جەنگی راشیگەیاند" وەك یەكێتیی دەمانەوێت شەریك و هاوبەشێكی راستەقینەبین لە حكومەتدا و بەشداربین لە هەموو جومگەكانی حكومرانیدا و بنەمای شەفافیەت لە داهات و سەرچاوەكانیشدا رەچاوبكرێت"

لە كۆتایی دیدارەكەدا باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق سوپاسی تێروانینە واقیعی وهەڵوێستەكانی لاهور شێخ جەنگی و یەكێتیی كرد  كە خزمەت بە پرۆسەی سیاسیی و هاوڵاتیان دەكات.

 

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە