.
08:38 PM - 23/09/2020
نۆزدە ساڵ بەسەر کارەساتی خێڵی حەمە تێپەر دەبێت و لە رۆژێكی وەكو ئەمرۆدا لە 23ی ئەیلولی ساڵی ٢٠٠١ دا دوژمنانی رووناكی و ئارامی و ئاسایش بێگوێدانە بەھاکانی مرۆڤایەتی ، تیرۆرستانی جندالاسلام و انصار الاسلام دەستی رەشی تیرۆریان گەیاندنە گوندی خێڵی حەمە و بە شێوەیەكی دڕندانە و نامرۆڤانە 43 پێشمەرگەی ی.ن.ك-یان لە ناوچەی شارەزوور بەدیلی شەهید كرد و دواتر تەرمەکانیان شێواندن.
لە كاتێكدا یادی ئەو کارەساتە دەكەینەوە وەك سەرۆکایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خۆمان بە قەرزاری خوێنی شەھیدان دەزانین و سەری رێز لە ئاست گەورەیی ئەو شەھیدانە و شەھیدانی شەڕی تیرۆر و سەرجەم شەھیدانی كوردستان دادەنەوێنین.
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان !
یەکێتی وەک لایەنی سەرەکی و یەکەمی قوربانی دەستی تیرۆر و شەڕی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ھەمیشە لەبەرەی پێشەوەی دژبەتاریک پەرستان و دوژمنانی ئازادی بووە، یەکێتی یەکەم ھێزی کوردستان و عێراق-یش بوو لەدژی تیرۆر وەستایەوە لە خانەقین تا مەخمور و لە رۆژئاوا و کۆبانیش هێزی پێشمەرگەو دژەتیرۆر و ھێزەکانی ئاسایش و ناوخۆ رووبەڕووی داعش بونەوە و بەسەریا زاڵبوون و سەدان شەھیدیشمان بەخشی بەکوردستان، لەداھاتووشدا بەردەوام دەبین و ھەموو ھەوڵێکمان بۆ سەقامگیری سیاسی و ئارامی و پاراستنی ھەرێمەکەمانە
چونکە ناکرێت مەترسی سەرھەڵدانەوەی تیرۆرو خۆڕێکخستنەوەیان لەبەرچاونەگیرێت چونکە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەبێ یەکڕیزی نابێت و تا کۆتاییھێنان بە رەگ و ریشەی بیری توندڕەویی، تیرۆر بەردەوام دەبێت.
بۆئەوەش پێویستی بەردەوامی و ھەماھەنگی زیاتری ھەمەلایەنەی نێوان ھێزەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق و ھاوپەیمانان دووپاتدەکەینەوە و بەپشتیوانی خەڵکی خۆمان کوردستانەکەمان دەپارێزین و مەرامی ناحەزان و تیرۆریستان لەگۆڕدەنێین و کاربۆ کوردستانێکی ئاوەدانترو ئارامتردەکەین.
لەمڕۆژەدا بە پێویستیشی دەزانین ھەموولایەک دڵنیابکەینەوە كە گوزەرانی خانەوادەی شەھیدان بە ئەولەویەتی كارەكانمان دادەنێین و بەردەوام دەبین لە ھەوڵەكانمان بۆ باشترکردنی بژێوی ژیانیان و خزمەتکردنی زیاتریان.
دووبارە سەری رێزو نەوازش لەسەر کێلی سەربەزی شەھیدانی کارەساتی خێڵی حەمەو شەھیدانی کوردستان دادەنەوێنین و رێزی بێ پایانمان بۆ کەسوکارە سەربەرزەکانیان.
سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە