کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

وادەی ناردنی 320 ملیار دینارەكەی هەرێم لەلایەن بەغداوە راگەیەندرا

.

06:14 PM - 23/09/2020

بڕیارە سبەینێ‌ حكومەتی عیراق دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەرانی بكات‌و لەگەڵ ئەوەشدا 320 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران ڕەوانەی هەرێمی كوردستان بكات.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی عیراق رایگەیاند: وابڕیارە رۆژی پێنج شەممە دەست بەدابەشكردنی مووچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەرانی عیراق بكرێت، لەو چوارچێوەیەشدا بڕی 320 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان خەرج دەكرێت.
پێشتریش شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق بەگەلی كوردستانی راگەیاندبوو: ناردنی 320 ملیار دیناری مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هیچ كێشەیەكی بۆ دروست نەبووە، بەڵام بەهۆی دواكەوتنی دابەشكردنی مووچە لە بەغدا، ناردنی ئەو بڕە پارەیەش بۆ هەرێمی كوردستان دواكەوتووە.
هاوكات بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست گەلی كوردستان كەوتووە، ئەگەر بەغدا لە سبەینێوە دەست بە دابەشكردنی مووچە بكات، ئەوا تاوەكو رۆژی یەك شەممەی داهاتوو پارەكەی بەغدا دەگاتە هەولێر، بەگەیشتنی پارەكەش وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان لیستی مووچەی مانگی نیسانی وەزارەتەكان رادەگەیەنێت ‌و دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە