کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

سەرۆک کۆمار: زامنکردنی مافی ھاووڵاتیان و مووچەخۆران بە شەفافیەت و دوور لە ململانیی سیاسی و گەندەڵی

.

09:05 PM - 13/08/2020

سەرۆک بەرھەم: ناكۆكییە بەردەوامەكان لەبارەی بابەتە داراییەكانی نێوان بەغداو هەولێر لەسەر مافی هاوونیشتمانیانی هەرێمی كوردستان لە رووی یاساییەوە رەت دەكەینەوە.

سەرۆك كۆمار د. بەرهەم ساڵح لە نزیكەوە چاودێری وردەكاری و كاردانەوە فەرمییەکانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵی كردووە، لەبارەی دەرئەنجامی گفتوگۆ بەردەوامەكانی نێوان هەردوولا لە ماوەی دوو مانگدا بۆ گەیشتن بە پاكتاوكردنی دارایی كە لەو رێگەیەوە بەشە بودجە لە بودجەی ساڵانەی هەرێم بنێردرێت.

لە میانەی بەیاننامەیەكدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٠/٨/١٣ دەرچووە سەرۆک بەرھەم جەختیكردووەتەوە كە پشتیوانی و بە شێوەییەكی وردو بەردەوام چاودێری گفتوگۆ بەردەوامەكانی كردوە بۆ گەیشتن بە پاكتاوی یاسایی دادپەروەرانە بۆ ئەو بابەتە، كە زۆربەی ئاستەنگەكانی لە رێگەی گفتوگۆوە لەم چەند رۆژەی رابردوو نەهێڵراون و كەم كراونەتەوە.

سەرۆك كۆمار سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا لەبەرامبەر ئەو راگەیەنراوانەی كە تیایدا گرژی نیشان دەدرێت و رەنگدانەوەی راستی گفتوگۆكان نییە و ئەو راستیەش ناخاتە روو كە كە ئومێدی ئەوە دەكرێت لە كۆتای ئەم هەفتەیە بگەنە رێکكەوتن و چارەسەرێكی دادپەروەرانە و یاسایی پەیڕەو بكرێت كە مافی گەلانی عێراق بپارێزێت و لە ناویشیاندا مافی هاووڵاتیان لە فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی كوردستان.

ھاوکات سەرۆك كۆمار ئاماژەیكرد بۆ ئەو پشتیوانییەی كە لە سەرەتاوە كردوویەتی بۆ گەیشتن بە پاكتاوێك كە زامنی گەیشتنی بودجە و دارایی حكومەتی فیدراڵ بكات، بۆ هەرێم لە ناویشیاندا مافی هاووڵاتیانی هەرێم و بە دڵنیایەوە لە رێگەی پەیرەوكردنی بنەمای شەفافیەت و پشت بەستن بە دەقە یاساییەكان كە هیچ بۆشاییەك بۆ گەندەڵی و ساختەکاری ناهێڵێتەوە.

سەرۆك د. بەرهەم ساڵح رایگەیاند زامنكردنی مووچەی هاووڵاتیانی عێراقی و لە نێویشیاندا هاووڵاتیانی هەرێم مافێكی دەستورییە و لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەكان پێویستە زامنی ئەو مافە بكەن و دەستاو دەستی پێنەكەن بەگوێرەی بەرژەوەندی سیاسی و خودی یان بەشێوەی ناشەرعی و نا یاسایی.

سەرۆک بەرھەم جەختیكردەوە كاریگەری ناكۆكییە بەردەوامەكان لەبارەی بابەتە داراییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر مافی هاوونیشتمانیانی هەرێمی كوردستان لە رووی یاساییەوە رەت دەكەینەوە و پێویستە هەست بە ئازاری مەترسیداری هاووڵاتیانی هەرێم بكرێت، لەبەر رۆشنایی ئەم قەیرانەی ئێستا و داوای كرد كە بە زوترین كات بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و بەرژەوەندی هاووڵاتیان بخەنە پێش بەرژەوەندی خودی و سیاسییەوە.

سەرۆك بەرهەم ھەروەھا دووپاتیكردەوە لەسەر دەست پێكردنی پەیوەندییەكان بۆ نەهێشتنی ئەم قەیرانە نوێیە و گێڕانەوەی بابەتەکە بۆ چوارچێوەی یاسایی لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی گشتی.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك كۆمار

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە