کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ئەنجومەنی وەزیران: هەفتەی داهاتوو بڕیار لە دابەشكردنی مووچە دەدرێت

.

06:35 PM - 12/08/2020

ئەنجومەنی وەزیران: هەفتەی داهاتوو بڕیار لە دابەشكردنی مووچە دەدرێت

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی‌و قوباد تاڵەبانی سەرۆك‌و جێگری سەرۆك وەزیران كۆبوەوە‌و تیایدا بارودۆخی دارایی‌و مووچەی فەرمانبەران‌و ئەنجامی گفتوگۆكان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی تاوتوێكرا.
لە راگەیەندراوێكیشدا حكومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەكردوە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە لەسەرەتای هەفتەی داهاتووەوە بڕیار لە میكانیزم‌و چۆنێتی دابەشكردنی مووچە بدات، بۆ ئەوەی دەست بە دابەشكردنی مووچە بكرێت بەپێی ئەو توانا داراییەی لەبەر دەستە.
وەك لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، ئەنجومەنی وەزیران هەوڵەكانی وەفدی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بەباشی هەڵدەسەنگێنێ، بەجۆرێك هیچ بیانوویەكی نەهێشتۆتەوە بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن، لەپێناو دابینكردنی مووچە‌و شایستە داراییەكانی مووچەخۆران، بەجۆرێك كە هەموو مەرجەكانی بەغدای لە چوارچێوەی دەستوور قبوڵ كردووە، بەڵام بەداخەوە حكومەتی فیدراڵی زیاتر لە 3 مانگە ئامادە نییە هیچ بڕە پارەیەك وەك مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت، ئەمەش وایكردووە حكومەتی هەرێم، نەتوانێت شایستەی دارایی مووچەخۆرانی خۆی خەرج بكات، بەم هۆیەوە دۆخ و گوزەرانێكی نالەبار بۆ مووچەخۆرانی هەرێم دروست بووە.
ئەنجومەنی وەزیران وەفدی باڵای دانوستانكاریشی ڕاسپارد درێژە بە دانوستانەكان بدەن بۆ گەیشتن بە ڕێكەوتن، لە بەرامبەردا ئەوە بەرپرسیارێتی حكومەتی فیدڕاڵیە شایستەی دارایی هەرێم ڕانەگرێت. هەروەها داوا لە سەرۆك كۆماری عێراق‌و وەزیر‌و نوێنەرانی هەرێمی كوردستان دەكات كە داكۆكی لە ماف و شایستە دارایی و دەستوورییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بكەن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە