کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

لەقۆناغی چارەكی كۆتایی چامپیۆنس لیگ ئەتڵانتا روبەروی پاریس سان جێرمان دەبێتەوە

.

09:23 PM - 11/08/2020

لەوەرزێكی جیاوازدا و لەكاتی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەرتاسەری جیهان ركابەریەكانی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا هەنگاو بەهەنگاو لەكۆتایی نزیك دەبێتەوە  چوارشەممە قۆناغی چارەكی كۆتایی ئەو خولە بەناوبانگەی ئەوروپا بەیاری نێوان هەردوو یانەی ئەتڵانتای ئیتاڵی و پاریس سان جێرمانی فەرەنسی دەستپێدەكات یاریەكەش لەیاریگای نور لەشاری لشبۆنەی پایتەختی وڵاتی پورتوگال ئەنجام دەدرێت  ئەتڵانتای خاوەن ئەنجامە چاوەروان نەكراوەكان لەیەكەم بەشداری كردنی لەچامپیۆنس لیگ و دوای كردنە دەرەوەی یۆڤانتۆس و ناپۆلی تاكە یانەیە نوێنەرایەتی ئیتاڵیا دەكات كە نازناوی ئەو پاڵەوانێتی یە لەساڵی 2010وە نەگەراوەتەوە ئیتاڵیا بەدیاری كراوی لەدوای بەرزكردنەوەی نازناوەكە لەلایەن ئینتەرمیلانەوە  ئامادەكاریەكانی ئەتڵانتا لەژێر سەرپەرشتی جیان پییرۆ گاسپرینی راهێنەری بەئەزمون بۆ ئەو یاریە گرنگ و چارەنوسسازە ئەنجامدرا بەتایبەت كە بەبریاری یوفا تەنها یەك یاری ئەنجام دەدرێت جیاواز لەوەرزەكانی رابردوو كە لەرێگەی یاری چون و گەرانەوە یانەی براوە دیاری دەكرا  بۆ ئەو یاریە لەریزەكانی یانە ئیتاڵیەكە كە ئەم وەرزەی كاڵچۆی لەپلەی سێیەمی ریزبەندی كۆتایی پێ هێنا پییر لویجی گۆلینی گۆڵچی بەهۆی پێكانەوە و جۆسیپ ئیلیچیچ بەهۆكارێكی تایبەت بەشداری ناكەن بەڵام ئەوە كاریگەری زۆری لەسەر ئاستی ئەو یانەیە نابێت كە یاریزانەكانی لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتی یە جیاوازەكان لەم وەرزە 118 گۆڵیان تۆمار كردووە لەناویاندا هەریەكە لە دۆڤان زاباتا و لویس مۆریالی یاریزانانی كۆڵۆمبین  كە هەریەكەیان 19گۆڵیان تۆمار كردووە  جیاوازی سروشتی ئەم وەرزە هیوای زیاتری بەئەتڵانتا بەخشیوە بۆ بەردەوام بون لەخەونی یەكەم بەشداری لەو پاڵەوانێتی یە كە لەمێژووە درێژەكەی كەتەمەنی 112 ساڵە تەنها یەك نازناوی هەیە ئەویش جامی ئیتاڵیایە لەساڵی 1963/ رێگای گەیشتنی ئەتڵانتا بۆ ئەم قۆناغە ئاسان نەبوو بەجۆرێك لەیەكەم 3 یاری لە قۆناغی كۆمەڵەكان روبەروی شكست بۆوە بەڵام بەزەحمەت رێگاكانی بڕی و ئێستا بووەتە تاكە نوێنەری ئیتاڵیا / لەبەرامبەردا پاریس سان جێرمان لەژێر سەرپەرشتی تۆماس تۆشێلی راهێنەری ئەڵمانی ئامادەكاریەكانی بۆ ئەم یاریە ئەنجامدا بەو ئامانجەی بتوانێت بەربەستی ئەتڵانتا ببڕێت و بلیتی گەیشتنە قۆناغی پێش كۆتایی دەستەبەر بكات  تۆشێلی راهێنەر رەنگە لەم یاریەدا پلانێكی جیاوازی هەبێت لەو شێوەیەی پێشتر پشتی پێ دەبەست بەجۆرێك وا پێشبینی دەكرێت لەپلانی 4 – 3 – 3 پەنا بۆ پلانی 4 – 4 – 2 ببات لەپێناو قەرەبو كردنەوەی ئەو بۆشاییەی لەهیڵی هێرش بردن بۆی دروست بووە بەهۆی دوركەوتنەوەی ئەنخل دی ماریای ئەرجەنتینی بەهۆی سزای راگرتنەوە و گومان لەبەشداری كردنی كیلیان مباپێ هەرچەندە بەشداری لەراهێنانەكان كردەوە بەڵام وا پێدەچێت لەسەرەتاوە بەشداری نەكات و لەسەر كورسی یەدەگ دانیشێت  ئەمە جگە لەبەشداری نەكردنی ماركۆ ڤیراتی بەهۆی پێكانەوە و تاكە هیوای پاریسیەكان نەیمار داسیلڤای بەرازیلی یە بۆ سەركردایەتی كردنی بردنەوەی یانەكە و گەیشتن بۆ قۆناغی پێش كۆتایی بۆ یەكەم جار و لەدوای ساڵی 1995وە  ئەوەی جێگای مەترسی یانەكەی پاڵەوانی فەرەنسایە تا ئێستا نەیتوانیوە لەچامپیۆنس لیگ لەیانە ئیتاڵیەكان بباتەوە و ئەمە جاری یەكەمیشە روبەروی ئەتڵانتا دەبێتەوە

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە