کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

مەلا بەختیار:بەكاك مەسعودمان وت دژەتیرۆر هەولێر لەداعش دەپارێزێت و دواتریش مەخموریان ئازادكردەوە

.

07:08 PM - 10/08/2020

لەیادی رزگاركردنی مەخمور و تێكشكانی داعشدا، مەلا بەختیار بیرەوەرییەكانی ئەو داستانەی دژەتێرۆری یەكێتی دەگێڕێتەوەو رایدەگەیەنێت، هێزەكانی دژەتیرۆر شەڕێكی قارەمانانەیان لەمەخمور تۆمار كردو دەشڵێت: بە كاك مەسعودمان وت ئەوە دژە تیرۆر هاتووە بۆ هەولێرو دڵنیابە ناهێڵین داعش هەولێر داگیربكات.
ئەمڕۆ 10ی ئابی 2020 مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان بەبۆنەی شەشەمین ساڵەی یادی رزگاركردنی مەخمورەوە،لەپەیجی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك ڤیدیۆیەكی بڵاوكردەوەو تیایدا بیرەوەریەكانی ئەو داستانە دەگێڕێتەوە كە دژەتیرۆری یەكێتی لە مەخمور تۆماری كرد بەرامبەر بە تیرۆرستانی داعش و رزگاركردنی شارۆچكەكە لە ژێر داگیركاری داعش.
مەلا بەختیار دەڵێت: دوای ئەوەی لەلایەن كاك كۆسرەت رەسوڵەوە ئاگاداركراینەوە كە هەولێر لە مەترسیدایە، دەستبەجێ لەگەڵ برادەرانی دژەتیرۆر ( كاكە بافڵ و كاكە لاهور) قسەمان كرد، ئەوان ئامادەبون بێین و كەوتینەڕێ.
مەلابەختیار راستییەكیش بەبیر دێنێتەوە و دەڵێت: ئێستاش لەبیرمە كە چوینە هەولێرو لەپردێ تێپەڕین بەهەزاران سەیارەو خێزان رایاندەكرد، لەو قۆڵەو لە قۆڵەكانی تریشەوە خەڵك لە هەولێر رایاندەكرد، كە هێزەكانی دژە تیرۆریان بینی بەو حەماسەو بەرزكردنەوە ئاڵای كوردستان و یەكێتی، بیستم كە ورەی خەڵك بەرزبووەوە نیوەی ئەوانەی رایانكردبوو گەڕانەوە.
لەبارەی مەترسی داگیركردنی هەولێریش لەلایەن داعشەوە باسی ئەوە دەكات كە دوای چونیان بۆ هەولێر لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی كۆبوونەتەوەو لەكۆبوونەوەكەدا دڵنیایان داوەتە مەسعود بارزانی و دەڵێت: بە كاك مەسعودم وت ئەوە دژە تیرۆر هاتووە بۆ هەولێرو دڵنیابە ناهێڵین داعش هەولێر داگیربكات هێزێكی دژەتیرۆری ئەوەندەمان هەیە دەتوانین بیانشكێنین و دەشبێت بچین پەلاماری مەخمور بدەین.
لەبارەی ئازادكردنی مەخمورو چوونی دژەتیرۆر بۆ ناو مەخمور، مەلا بەختیار رایگەیاندوە: كاتێك گەیشتینە مەخمور دژەتیرۆر شەڕێكی قارەمانانەیان تۆماركرد، بەڕاستی قارەمانیەتی لەوە زیاتر نابێت كە دژەتیرۆرو پێشمەرگە لە مەخمور دژی داعش تۆماریكرد، كە دژەتیرۆر سایلۆكەی مەخموری گرت، تەپڵی سەركەوتن لە مەخمور لێدرا.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە