کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

هاوڵاتانی لوبنان داوا لە فەرەنسا ئەكەن وڵاتەكەیان بخاتەوە ژێر ركێفی خۆی

.

09:27 PM - 06/08/2020

 سەرچاوەكانی هەواڵ بڵاویانكردەوە زیاتر لە 36 هەزار هاوڵاتی لوبنانی ئیمزایان لەسەر یاداشتێك كردووە و تێیدا داوا دەكەن كە فەڕەنسا بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەكەیان.
ئەم داواكارییە هاوكاتە لەگەڵ سەردانەكەی ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنسا كە بە مەبەستی دەربڕینی هاوخەمیی بۆ كەسوكاری قوربانییانی تەقینەوەكەی بەیروت سەردانی وڵاتەكەی كردبوو. دەزگاكانی راگەیاندنی جیهان بڵاویانكردۆتەوە لەو یاداشتەدا داواكراوە بۆ ماوەی 10 ساڵی داهاتوو لوبنان بخرێتە ژێر ركێفی فەڕەنساوە، ئەویش بەهۆی ئەو قەیرانە سیاسی و ئابوورییەی بەرۆكی وڵاتەكەیانی گرتووە. یاداشتەكە مشتومڕی زۆری لە نێو بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە لوبنان دروست كردووە، لە كاتێكدایە بەشێكیان داواكارییەكە بە ناپاكی نیشتمانیی وەسف دەكەن و بەشەكەی تریش پشتیوانی لەو داوایە دەكەن و پێیانوایە كە هیچ كاتێك لوبنان سەربەخۆ نەبووە و گەڕانەوەش بۆ ركێفی فەڕەنسا بە رێگەچارەیەك دەزانن بۆ رزگاركردنی وڵاتەكەیان لەو قەیرانانەی لە سایەی بێمتمانەیی چینی فەرمانڕەوای لوبنان دروست بووە. لە دوای یەكەمین جەنگی جیهانییەوە لوبنان خرایە ژێر ركێفی فەڕەنساوە و ساڵی 1943ش بە ئیمزاكردنی بەڵێننامەی نیشتمانیی لوبنانی سەربەخۆیی وڵاتەكە راگەیەندرا.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە