کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

مەڵبەندی 2ی یەكێتی لە كەركوك راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

.

02:17 PM - 02/08/2020

مەڵبەندی 2ی كەركوك بانگەوازێكی ئاراستەی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی عیراق و لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدراڵ و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كرد و تێیدا بانگەوازێك بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدراڵ و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كردووە و تێیدا هاتووە بە داخەوە لە كاتێكدا هاونیشتمانییانی كەركوك و دووزخورماتوو سەرقاڵی بەڕێكردنی بۆنەكانی جەژنی قوربانن، لەم كاتەدا و بەدەر لە رێوشوێنە دەستوری و یاساییەكان بەشێك لە عەرەبە هاوردەكان كە لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عیراقەوە كەركوك و دەوربەریان بەجێهێشتوە و پێشتر لە چوارچێوەی سیاسەتی بەعەرەب كردن هێنرابونە كەركوك ناوچەكانی دەوروبەری، جارێكی تر و بە مەبەستی بە عەرەب كردنەوەی ناوچەكانی (حەڤتەغار و مەهاوش و كولیتەپەی سەر بە شارۆچكەی داقوق) بەهێزێكی زۆرە هاتوونەتەوە سنورەكەو دەیانەوێ دووبارە لە سەر زەوی و زاری كوردی رەسەنی دانیشتووی ئەو ناوچانە نیشتجێ بكرێنەوە!
لەم رووەوە داوا لە سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیڕان و وەزیری ناوخۆی عیراقی فیدڕاڵ و، نەتەوە یەكگرتووەكان و سەرجەم رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی تر دەكەین كە بە پەلە رێگە لەم دەستدرێژی و داگیركارییە بگرن و رێگە نەدەن ئاشتی كۆمەڵایەتیی بشێوێنرێ و پەیوەندی لە مێژینەی نێوان پێكهاتە رەسەنەكانی كەركوك تێكبدرێ. ئێمە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەرلەبەری ئەم هەڵسوكەوتە داگیركارییە رەتدەكەینەوە و بە سەرەتایەكی مەترسیداریشی دەزانین بۆ لێكترازانی نێوان پێكهاتەكان بە تایبەتیش نێوان كورد و عەرەب، لەو رووەوە داوا لە هێزە ئەمنییەكانیش دەكەین بە پەلە رێوشوێنە دەستورییەكان بگرنەبەر و رێگە لەم داگیركارییە بگرن و لایەنگیری نەكەن!
لەم سۆنگەیەوە هەموو لایەك ئاگادار دەكەینەوە كە بە هیچ شێوەیەك رێگە نادەین دەست بۆ زەوی و زاری كورد ببرێ و لەو پێناوەدا هەموو رێو شوێنێك دەگرینەبەر و ئامادەی هەموو شێوازێكی خەباتی مەدەنی و سیاسین، هەر ئەمڕۆش لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوك و پەرلەمانتارەكان لە سەرخەت بوونە بۆ ئەو مەبەستە و پەیوەندییان بە بەڕێز سەرۆك كۆمار و وەزیری ناوخۆ و لایەنەكانی ترەوە كردووە و لە بەرامبەردا ئەوانیش بەڵێنیان داوە بە دەستور و یاسا چارەسەری ئەم كێشەیە بكەن و هەر رێوشوێنێك پێویست بوو بگرینەبەر‌ بە مەبەستی كۆتایی هێێنان بەم كێشەیە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە