کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی بەیاننامەیەكی بۆ ساڵیادی شەهیدانی 28ی تەمووز بڵاوكردەوە

.

10:39 PM - 27/07/2020

 مەڵبەندی 2ی ڕێكخستنی كەركوكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەبەیاننامەكەیدا بۆ ساڵیادی شەهیدانی 28 ی تەمووزی شاری كەركوك پەیامێكی ئاڕاستەی كەسوكاری سەربەزری شەهیدان و دانیشتوانی خۆڕاگری كەركوك و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان كرد و  ڕایدەگەیەنێت: دوانزە ساڵ بەر لەئێستا ، بەشێك لەشۆڤێنیەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هەوڵیاندا لەچوارچێوەی پڕۆژە یاسای ژمارە (24) لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان  ژمارە (36)ـی ساڵی (2008)  دۆخی كەركوك بگەڕێننەوە بۆ پێش ساڵی (2003) لە ڕووی سیاسی و دیموگرافیەوە، ئەوەش بە واتای گەڕاندنەوەی بڕیارەكانی بەعس بۆ تەعریب و تەرحیل و راگواستن.
مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی ئاماژەی بەوەكردووە: لەسەرجەم شارەكانی كوردستان بۆ پاڵپشتی كەركوك،خۆپیشاندانی ناڕەزایی لێكەوتەوە و هاوكات دانیشتوانی قارەمان و خۆڕاگری كەركوك دژی ئەو بڕیارە لەچوارچێوەی كەشێكی شارستانی و مافی دیموكراسیانەدا، ڕژانە سەر شەقام،بۆ ڕەتكردنەوەی ئەو هەوڵە  شۆڤێنێیە،بەڵام ئەفسوس تاریك پەرستەكان و شەمشەمە كوێرەكانی دژی ئازادی دەستیان چووە خوێنی هاوڵاتیانی مەدەنی،دواجار لەكردەوەیەكی تیرۆرستی و ترسنۆكانەیاندا 24 ڕۆڵەی قارەمانی كەركوكیان شەهید كرد، شایەنی وەبیرهێنانەوەیە كە نۆ كەس لەڕۆحی بەرزە فڕی شەهیدەكان لە چینی مامۆستایان بوون،جگە لەچەندین بریندار ، كەبەخوێنی ئاڵیان مێژویەكی پڕلەجوامێری و لەبیرنەكراوەیان تۆماركرد.
مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی لەساڵیادی شەهیدە سەربەرزەكانی ئەو ڕووداوە وەبیر كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەهێنێتەوە: كەسەرەنجام بەهەوڵ و ئیرادەی پۆڵاینی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و یەكگرتوویی حزبە كوردستانیەكان،كەركوكیەكان بەخوێنی پیرۆزیان نەخشاندیان (لێرە ناڕۆین )و لەكۆتاییدا بەهەوڵ و كۆششی   هەڤاڵی هەمیشە زیندوو سەرۆك مام جلال ڤیتۆی بەكارهێنا و خەونی شۆڤێنیەكانی لەگۆڕنا و پڕۆژە یاساكەی ڕەتكردەوە، لەكۆتاییدا ئیرادەی ڕاستەقینەی گەلەكەمان سەركەوت.
لەكۆتایی بەیاننامەكەشدا مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان تەئكید لەوە دەكاتەوە: ئەم ئەزموونە پێمان دەڵێ بەیەكڕیزی و یەكگرتوویی دەتوانین ئەم دۆخە نەخوازراوەی ئێستا تێ پەڕێنین.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە