کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

سوڵتان هاشم و ئیسک و پروسکی ئەنفالکراوەکانمان

.

09:12 PM - 21/07/2020

سوڵتان هاشم و ئیسک و پروسکی ئەنفالکراوەکانمان

د. بەختیار شاوەیس

لە گرتوخانەی حوتی پارێزگای زیقار و بە جەڵتەی دڵ لە تەمەنی 75 ساڵیدا سوڵتان هاشم وەزیری بەرگری ڕژیمی پێشوو کۆچی دوایی کرد.
هاشمی تاوانباری دۆسیەی ئەنفالی دوێنێ و پاڵەوانی ئەمڕۆی ناو هەندێک میدیا و شاشەکانی تەلەڤزیۆن کە هەزاران کەس ئامادەی ناشتنەکەی بوون، کۆتایی بەژیانی هات و حوکمی لەسێدارەدانەکەیشی جێبەجێنەکرا.
ئامادەبوونی خەڵکانێک لە عەشیرەت و کەسوکارەکەی لەمەراسیمی ناشتنەکەی تاڕادەیەک ئاساییە، بەڵام ئەوەی کە نائاساییە و جێگەی هەڵوێستە لە سەرکردنە ئەوەیەکە؛
 1- لە لایەن هەندێک لە نوێنەر و سیاسەتمەدار و دەسەڵاتدارانەوە، سوڵتانی تاوانبار کرایە پاڵەوان و بەشکۆ و شەهامەتەوە باس لەڕابردووی دەکرا و بەپەخشان و شانامەوە دەیانلاواندەوە، هەروەک لەشکرێک لە سۆشیال میدیا و ڕاگەیاندنی بەرخۆر و سێبەر لەم پڕۆسەی بەپاڵەوانکردنەدا درێغیان نەکرد.
2- ئەم جۆرە دیمەن و ڕوداوانە کە تیایدا جەلاد دەکرێ بەقوربانی، ئیتر هیچ مانایەک بۆ قوربانیەکان نامێنێتەوە و بۆ لەمەودوا لەبری ئەوەی داوای هێنانەوەی ئێسک و پروسکی دایک و خوشک و براو منداڵە ئەنفالکراوەکانمان بکەین لەحکومەتی عیراق، کە تائێستا لەبیابانەکانی عەرعەر و نوگرە سەلمان و سەماوە و خواروی عیراق جێماون، دەبێ بڵێین ببوورن ئەوانە کەسوکاری ئێمە نین و مخریب ن و حاشا ئێمە نایانناسین !!!
3- کاتێک کە جەلادێکی وەک سوڵتان هاشم دەکرێتە شەهید و حکومەتیش زیتەی چاوی دێت و هەندێک لەنوێنەرەکانی پەرلەمان وەک ڕەمزی قارەمانیەتی جەلادێکی سەردەمی ڕژێمی بەعس دەیناسێنن، ئیتر ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە لەدوای ساڵی 2003 ڕژێمەکە تەنها بەدەموچاوەکان گۆڕاوە، ئەگەر نا لەهەندێک شوێن و جومگەدا هەمان عەقڵیەت و بیرکردنەوەی بەعسیانە بونی هەیە.
4- هەروەک لەلایەکی دیکەوە فەشەلی سیاسی و ئیداری و ئابووری  هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سەدامی خوێنمژە کە ئێستا لە حوکمدان، ئەگەر نا چۆن هەندێک لەسیاسی بەم شێوەیە بیردەکاتەوە و گەندەڵی حیزبە دەستڕۆشتوەکانە کە بەشێک لەڕای گشتی بەرەو گەڕانەوەی سەدامیەکان دەڕوات.
5- دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق لە ساڵی 2007 بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ سوڵتان هاشم دەرکردووە، بەتاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی. ئێستا دەبێ ئەو دادگایە وەڵاممان بداتەوە کە داخۆ ئەو ڕاست بووە یان ئەوانەی کە ئێستا سوڵتان هاشمیان لێکردوینەتە پاڵەوان.

ماوەتەوە بڵێم؛ ئەگەر سەدام حسەین ئیعدام نەکرایە، دڵنیام ئەو سیاسی و نوێنەر و دەسەڵاتدار و زوڕناژەنانە دەچوون دەستیان دەگرت و دەیانخستەوە سەر کورسیەکەی لە کۆشکی سەلام، چونکە بەداخەوە پێدەچی کۆمەڵگەی عیراقی حەزی بەم جۆرە حوکمە بێت. ڕێک وەک ئەوەی کە کەنعان مەکیە باسی دەکات.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە