کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

كۆمەڵەی جووتیاران حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆمەتبار دەكات

.

05:45 PM - 15/07/2020

كۆمەڵەی جووتیاران حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆمەتبار دەكات
سەرۆكی كۆمەڵەی جووتیارانی عیراق، حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆمەتبار دەكات بەوەی كەرتی كشتوكاڵی عیراقی لەناوبردووە‌و لەرێگەی دەروازە سنورییەكانەوە رێگە بە هاوردەكردنی هەموو بەروبوومێكی كشتوكاڵی دەدات. (جەبار عەبادی) سەرۆكی كۆمەڵەی جووتیارانی عیراق رایگەیاند، وەزارەتی شارەوانی عیراق چەند مەرجێكی قورسی بەسەر جووتیاراندا سەپاندوە، یەكێك لەوانەش ناچاركردنیانە بە بەشداریكردن لە زیادكردنی ئاشكرای عەلوەكان، بەبێ‌ ئەوەی كاریگەری زۆری لەسەر بەرزكردنەوەی نرخی سەوزە‌و میوە هەبێت.
 وتیشی، دەروازە سنورییەكانی عیراق سەرجەمیان كۆنترۆڵ كراون، بەڵام هاوردەكردنی بەروبوومی كشتوكاڵی لە دەروازەكانی هەرێمی كوردستانەوە، كەرتی كشتوكاڵی عیراقی وێران كردوە. سەرۆكی كۆمەڵەی جووتیارانی عیراق تەئكیدیشی كردەوە، كێبڕكێیەكی نادادپەروەر لەنێوان بەرهەمی هاوردە‌و بەرهەمی ناوخۆیی هەیە، بۆیە پێویستە لەسەر حكومەتی فیدراڵی رێگە بە هەرێمی كوردستان نەدات كە زیان بە كەرتی كشتوكاڵی عیراق بگەیەنێت‌و دەروازە سنورییەكانی بەتەواوەتی دابخات.
ئەوە لەكاتێكدایە لە هەرێمی كوردستان بڕێكی زۆر بەروبوومی كشتوكاڵی بەرهەم دەهێندرێت‌و جووتیاران كێشەی ساغ نەبوونەوەی بەرهەمەكانیان هەیە، وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستانیش بۆ پاڵپشتی لە بەرهەمی ناوخۆیی‌و جووتیاران، هاوردەكردنی چەندین بەرهەمی كشتوكاڵی قەدەغەكردوە‌و هەندێك بەرهەمیش كە هاوردە دەكرێن بڕێكی زۆر باجی گومرگیان دەخرێتەسەر.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە