کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

هێزەكانی ئەمریكا لە پێنج بنكەی سەربازی ئەفغانستان كشاونەتەوە

.

08:14 PM - 14/07/2020

زاڵمای خەلیلزاد نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ كاروباری ئەفغانستان لە تویتێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاندووە 135 رۆژ بەسەر ئیمزاكردنی رێككەوتننامەی ئاشتی نێوان واشنتۆن و تاڵیبان تێپەڕ دەبێت، بەپێی ئەو رێككەوتننامەی ئەمریكا لەو وادەیە هێزەكانی بۆ هەشت هەزار و 600 سەرباز لە وڵاتە كەمدەكاتەوە.
زاڵمای خەلیلزاد ئاماژەی بەوەشكرد ئەمریكا پابەندبووە بە جێبەجێكردنی قۆناغی یەكەمی رێككەوتننامەكەوە، بۆ ئەو مەبەستەش هێزەكانی لە پێنج بنكەی سەربازی ئەو وڵاتە كەمكردۆتەوە، لەهەمانكاتدا هێزەكانی هاوپەیمانێتی باكووری ئەتڵەسی بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریكادا هێزەكانیان لەو وڵاتە كەمكردوەتەوە.
لەلایەكی ترەوە فەرماندەیەكی باڵای هێزەكانی ئەمریكا كە نەیویست ناوی خۆی ئاشكرابكات بە كەناڵی تەلەفزیۆنی تۆلۆ نیوزی ئەفغانی راگەیاندووە ئەو بنكانەی كە هێزەكانی ئەمریكا لێیكشاونەتەوە، دەكەونە ناوچەكانی هەڵمەند، ئەوروزگان، لوغمان، باكتیكا.
29ی مانگی شوباتی ئەمساڵ زاڵمای خەلیلزاد، نێردەی تایبەتی ئەمریكا لە ئەفغانستان، رێككەوتنێكی لەگەڵ مەلا عەبدولغەنی بارادار، بەڕێوەبەری سیاسی بزووتنەوەی چەكداری تاڵیبان لە دەوحەی پایتەختی قەتەر ئیمزاكرد، بەپێی رێككەوتنەكە هێزەكانی ئەمریكا لە 14 مانگدا لە خاكی ئەفغانستان دەكشێنەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە