کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

پەرلەمانی عیراق داوای راگرتنی هاوردەی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان دەكات

.

10:29 PM - 09/07/2020

لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانی عیراق رایدەگەیەنێت، بازاڕەكانی ناوخۆ پڕبوون لە بەروبوومی بیانی بەڵام بەرهەمی ناوخۆیی بە هەرزانترین نرخ دەفرۆشرێت، هەروەك داوا لە سەرۆك وەزیران دەكات، هاوردەكردنی بەرهەمی كشتوكاڵی‌و ئاژەڵی قەدەغە بكات.
(سەلام شەمەری) سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمان عیراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، جووتیارانی عیراقی توانیویانە بەشێكی زۆر لە بەرهەمە كشتوكاڵیی‌و ئاژەڵییەكان بگەیننە ئاستی خۆژێنی، بۆیە پێویستە لەسەر حكومەتی عیراق هانی جووتیاران بدات، ئەمەش تەنها بە پێدانی شایستە داراییەكانیان نابێت، بەڵكو بەوە دەبێت كە لە بازاڕەكانی ناوخۆدا بەرهەمی بیانی كێبڕكێی بەرهەمی ناوخۆیی نەكات‌و نرخەكەشی بەجۆرێك بێت كە هەموو كەس بتوانێت بیكڕێت، بەڵام بەداخەوە دەبینین كە بازاڕەكانی ناوخۆ پڕبوون لە بەرهەمە هاوردەكراو كە نرخەكەشیان زۆرە، بەڵام بەرهەمی ناوخۆیی بە هەرزانترین نرخ دەفرۆشرێت.
سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانی عیراق باسی لەوەشكردوە، گرنگە حكومەتی عیراق هیچ بڕگەیەكی تایبەت بە بەرهەمە كشتوكاڵی‌و ئاژەڵییەكان نەخاتە نێو هیچ رێكەوتنێكی لەگەڵ وڵاتانی جیهان، بۆ ئەوەی كەرتی كشتوكاڵ گەشە بكات‌و بەرهەمەكەی پێداویستی ناوخۆ پڕبكاتەوە‌و ئەوەشی لێی زیادبوو بینێرێتە دەرەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە