کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

سەرۆك كۆمار تەئكید لەگرنگی پشتیوانی لە عێراق بۆ راگرتنی پێشلكارییە سەربازییەكانی توركیا دەكاتەوە

.

08:44 PM - 08/07/2020

لە میانی پێشوازیكردنی لە ژمارەیەك لە باڵیۆزی وڵاتانی عەرەبیدا.. سەرۆك كۆمار تەئكید  لەگرنگی پشتیوانی لە عێراق بۆ راگرتنی پێشلكارییە سەربازییەكانی توركیا دەكاتەوە.  د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق  لەكۆشكی بەغدا پێشوازیكرد لە ژمارەیەك باڵیۆزی وڵاتانی عەرەبی.
لە دیدارەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی عیراق لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و فراوانكردنی ئاسۆی هاریكاری بونیادنەر لە تەواوی بوارەكان، بەجۆرێك زامنی پاراستنی بەرژەوەندی هاوبەش بكات.
هەر لە دیدارەكەدا سەرۆك كۆمار تەئكیدیكردەوە دەوڵەتی عیراق خاوەن سەروەری پرۆژەیەكی نیشتیمانییە كە ئاشتی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی عیراق دەپارێزێت، هەروەها ئاماژەشیكرد بۆ ئەوەی سەقامگیری عیراق كۆڵەكەییەكی گرنگە بۆ ئارامی ناوچەكە. لە بەشێكی تری دیدارەكەدا سەرۆك كۆمار دووپاتی لەوە كردەوە عیراق دەوڵەتێكی خاوەن كاریگەرییە لەسەر ئاستی ناوچەكەو جیهان، بۆیە پێویستە رێز لە سەروەری عیراق بگرن و دەستوەرنەدەنە كاروباری ناوخۆیی لە پێناو بونیادنانی پەیوەندییەكی بەهێز لەسەر لێكگەشتنی هاوبەش.
 لە تەوەرێكی تری دیدارەكەدا سەرۆك كۆمار تەئكیدیكردەوە لەگرنگی پشتیوانیكردنی كاروانی چارەسەری ئاشتییانە بۆ تێپەڕاندنی قەیران و گرژییەكان لە ناوچەكەدا، بەجۆرێك ببێتەمایەی بەرقەراربوونی ئاسایش و سەقامگیری بۆ گشت وڵاتانی ناوچەكە، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد ناكرێت عیراق ببێتە بەشێك لە سیاسەتی جەمسەرگیری.
راشیگەیاند: عیراق پەرۆشی سەنگی پێگەكەیەتی لە ناوچەكەدا لە سۆنگەی مێژووی و دێرینی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا، كاری جددیش دەكات بۆ ئەوەی ژینگەیەكی ئارام بێتە كایەوە كە بەرژوەندی و ئامانجی هاوبەش بەیەكەوە گرێ بدات، كە لەو رێگەیەوە پێشكەوتن و گەشەسەندن و خۆشگوزەرانی ئابووری بۆ سەرجەم گەلانی ناوچەكە بێتەكایەوە.
هەروەها تەئكیدیكردەوە لە پێویستی راگرتنی پێشلكارییە سەربازییەكانی توركیا بۆ سەر خاكی عێراق، كە پێشێلكردنی سەروەری عێراق و ئاسایشی ناوچەكە، هەروەهاستایشی هەڵوێستی وڵاتانی دۆست و كۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی كرد لە پشتیوانی عێراق بەرامبەر  پێشلكارییە بەردەوامەكانی توركیا و بەرقەراربوونی ئاسایش و ئارامی لە عێراق دا.
سەرۆك كۆمار تیشكی خستەسەر ئەوەی پێویستە كار و هەماهەنگی هاوبەش ئەنجام بدرێت لە پێناو دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ كێشە سنوورییەكانی نێوان هەردوو وڵات بە رێگەی دیبلۆماسی و گفتوگۆی جددی و هەماهەنگی هاوبەش.
لە لای خۆیانەوە باڵیۆزانی وڵاتانی عەرەبی پشتیوانی خۆیان بۆ هەوڵەكانی عێراق دووپاتكردەوە لە بارەی پارێزگاریكردن لە سەروەری و خاكەكەی بەرامبەر بە هەر دەستوەردانێكی دەرەكی، دووپاتیشیان كردەوە لەسووربوونی وڵاتەكانیان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانیان و فراوانكردنی ئاسۆی هاریكاری و هەماهەنگیەكانیان و لە بارەی چەندین بابەتی گرنگی هاوبەش ووتوێژ كرا.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە