کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

پێشمەرگە و سوپای عیراق ناوەندی ئۆپراسیۆن لە ناوچە جێناكۆكەكان پێكدەهێنن

.

06:39 PM - 06/07/2020

وەفدی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عیراق بڕیاریاندا، دوو ناوەندی ئۆپراسیۆنی سەرەكی و چوار ناوەندی ئۆپراسیۆنی هەماهەنگی لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی عیراق لە كەركوك و  موسڵ و مەخمور و خانەقین پێكبهێنن و هەر یەكێكیش لەو ناوەندانە 15 ئەفسەری كوردی تێدا دەبێت و بەوەش كار لەسەر پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیانەش دەكەن كە لەناوچە جێناكۆكەكاندا هەیە.
لەو بارەیەوە محەمەد عوسمان لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی كەركوكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان راگەیاند: پێشتر لیژنەیەكی هەماهەنگی لەنێوان وەزارەتەكانی پێشمەرگەو بەرگری هەبوو، بەڵام ماوەی زیاتر لەساڵێكە كارەكانیان وەستاوە، ئێستا بەبڕیاری مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق ئەو لیژنەیە دەستبەكار بۆتەوە، وتیشی: لیژنەكە جگە لەوەی لەچەند رۆژی رابردودا لەبەغدا كۆبوونەتەوە، لە ماوەی داهاتووشدا لەهەولێر كۆبوونەوەیەكی تر دەكەن و بڕیاریشیانداوە دوو ناوەندی ئۆپراسیۆنی سەرەكی و چوار ناوەندی ئۆپراسیۆنی هەماهەنگیان لە (كەركوك، موسڵ، مەخمور، خانەقین) هەبێت.
لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی راشیگەیاند: هەر یەكێك لەو ناوەندانەی ئۆپراسیۆنەكان 15 ئەفسەر كاری تێدا دەكات، ئەوەی كەركوك لەبنكەی سەربازی كەیوان دەبێت و كار لەسەر ئەوەدەكەن ئەو بۆشاییە ئەمنیانەی لەنێوان هەردوولا هەیە پڕی بكرێنەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە