لە رێوڕەسمێكدا لە گۆڕستانی رەحیماوای شاری كەركوك، تەرمی رۆژنامەنووس و میدیاكار هەڵكەوت عەزیز، بە خاك سپێردرا.
رۆژی دووشەممە، هەڵكەوت عەزیز، لێپرسراوی نوسینگەی كەناڵی رووداو و پەیامنێری كەناڵەكە لە بەغداد، بەهۆی رووداوێكی هاتووچۆوە لەسەر رێگەی بەغداد بەسرە بەسەختی بریندار بوو. لەگەڵ گەیشتنی بەنەخۆشخانە لە پارێزگای دیوانییە بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستدا.
هەڵكەوت عەزیز، بەمەبەستی كارێكی میدیایی لەسەر رووداوێكی هاتووچۆ لە شاری بەغدادەوە بەرەو شاری بەسڕە بەرێكەوتبوو، بەڵام لە رێگادا بەهۆی پێكدادانی ئۆتۆمبێلەكەی لەگەڵ بارهەڵگرێكدا بەسەختی بریندار بوو و دواتر گیانی لەدەستدا، تەرمەكەشی رەوانەی پزیشكی دادی دیوانیە كراو دواتریش تەرمەكەی تەسلیمی هاوڕێ و هاوكارەكانی كرایەوە، ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی بەرچاو لە چین و توێژ و هاووڵاتیان تەرمی ئەو رۆژنامەنووسە لە گۆڕستانی رەحیماوای شاری كەركوك بەخاك سپێردرا.
هەڵكەوت عەزیز، یەكێك بوو لەرۆژنامەنووسە بەتواناكانی بواری میدیای كوردی، بەكۆچی دوایی رۆژنامەنووسان و هاوكارانی و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانیشی خەمبار و نیگەرانكرد، هەر بەو بۆنە خەمناكەوە كەناڵی ئاسمانی گەلی كوردستان پرسەو سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و هاوڕێ و هاوكار و تەواوی رۆژنامەنووسانی هەرێمی كوردستان دەكات.