دوای كۆتاییهاتنی پرۆسەی گواستنەوەی زیندانییانی داعش لە سوریاوە بۆ عیراق، بەغداد هەوڵە دیبلۆماسییەكانی بۆ رازیكردنی وڵاتان بە وەرگرتنەوەی هاوڵاتییەكانیان دەستپێكردووە، بەڵام ژمارەیەك لەو وڵاتانە رەتیانكردووەتەوە هاووڵاتییەكانیان وەربگرنەوە، ئەوەش لە داهاتوودا مەترسیی ئەمنی بۆ عیراق دروستدەكات.
لەوبارەیەوە خالید شوانی وەزیری دادی عیراق، لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ ئەلبروس كوتراشیف، باڵیۆزی روسیا لە بەغداد، تەئكیدیی لە گرنگیی رێكخستنی دۆسییەی زیندانییانی داعش لەڕێگەی رێككەوتنی یاسایی روون بەپێی رێكارە پەیڕەوكراوەكان كردەوە، لەبەرامبەردا باڵیۆزی روسیا ئامادەیی وڵاتەكەی پیشاندا بۆ گەیشتن بە رێككەوتن، كە زیندانییانی روسیا لە زیندانەكانی عیراق بگەرشێنێتەوە بۆ وڵاتەكەی و رایگەیاند، ئامادەن بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ عیراق لەبارەی زیندانییانی داعش.
هاوكات هیشام عەلەوی، بریكاری وەزارەتی دەرەوەی عیراق رایگەیاند، هەندێك لە وڵاتان ئامادەییان پیشانداوە هاووڵاتییەكانیان كە لە ڕیزی داعشدا بوون، وەربگرنەوە، هەندێك وڵاتی تریش داواكەی عیراقیان رەتكردووەتەوە. فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا (سێنتكۆم)، دوای سەرهەڵدانی شەڕو پێكدادان لەنێوان هەسەدە و حكومەتی سوریا، لە رۆژی 21ـی كانوونی دووەمەوە پرۆسەی گواستنەوەی زیندانییەكانی داعشی لە زیندانەكانی ژێر دەستی هەسەدەوە بۆ عیراق دەستپێكرد، لەماوەی 23 رۆژدا 5 هەزار و 704 زیندانی گواسترانەوە بۆ عیراق.