کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

دابەزینی نرخی نەوت هەلێكە بۆ وڵاتانی تازە گەشەكردوو كە ڕێژەی هەژاری كەم بكەنەوە

.

08:53 PM - 17/04/2015

سەرۆكی بانكی نێودەوڵەتی رایدەگەیەنێت، دابەزینی نرخی نەوت هەلێكە بۆ وڵاتانی تازە گەشەكردوو كە ڕێژەی هەژاری كەم بكەنەوە جیم یۆنگ كیم سەرۆكی بانكی نێودەوڵەتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە وانشتۆن رایگەیاند: لەسەدا 70ی هەژارانی جیهان، لە وڵاتانی تازە گەشەكردوو دەژین كە زۆربەیان هاوردەكاری نەوتن، لەبەرئەوە پێویستە دابەزینی نرخی نەوت وەكو هەلێك ببینن بۆ كەمكردنەوەی ڕێژەی هەژاری.
داواشیكرد وڵاتانی تازە گەشەكردوو هێدی هێدی پاڵپشتیەكانی حكومەت بۆ سەرچاوەكانی وزە كەم بكەنەوە‌و ئەو پارەیەی لەو ڕێگەیەوە بۆیان دەگەڕێتەوە لە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان‌و پیشەسازیدا بیخەنەگەڕ بەوتەی سەرۆكی بانكی نێودەوڵەتی، نزیكەی یەك ملیار كەس كە دەكاتە لەسەدا 14 پۆینت 5ی دانیشتوانی جیهان لەخوار هێڵی هەژاریەوە دەژین، واتە داهاتی رۆژانەیان لە دۆلارێك‌و 25 سەنت كەمترە، ئەوەش لەكاتێكدایە كە ڕێژەی هەژاری لەساڵی 2008دا لەسەدا 18 پۆینت 6 بووە.
جیم یۆنگ كیم تەئكیدی كردەوە كە پێویستە وڵاتانی تازە گەشەكردوو پێداچونەوە بە سیاسەتی بەگژداچونەوەی هەژاری بكەن‌و بانكی نێودەوڵەتیش پشتیوانیان دەكات، بۆ ئەو مەبەستەش پێشنیازیكردوە 3 سیاسەت بۆ كەمكردنەوەی هەژاری پەیڕەو بكەن، كە ئەوانیش بریتین لە هاندانی گەشەپێدانی ئابووری، وەبەرهێنانی سەرچاوە مرۆییەكان‌و جێبەجێكردنی پڕۆژە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی كارەسات‌و قەیرانەكان.
لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2014 نرخی نەوت ڕووی لە داكشان كرد‌و نرخی یەك بەرمیل نەوت بۆ 45 دۆلار دابەزی، ئەوەش لەكاتێكدایە كە پێش ئەو وادەیە بەرمیلێك نەوت بە 115 دۆلار دەفرۆشرا.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە