کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

هەڤاڵ مەلا بەختیار، لەگەڵ سەرۆكی پارتی هاوپەیمانی دیموكراتی هەنگاریا كۆبۆوە

.

08:03 PM - 17/04/2015

ئەمڕۆ (17/4/2015) لەبۆدابستی هەنگاریا‌و لەبارەگای سەرەكی پارتی هاوپەیمانی دیموكراتی، هەڤاڵ مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، بەیاوەری هەریەك لە گۆران ئازاد

، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، رەنگین عەبدوڵڵا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران‌و د.شۆڕش عەبدولغەفور، نوێنەری یەكێتیی لەهەنگاریا، لەگەڵ جورجان فەرەنس، سەرۆكی پارتی هاوپەیمانی دیموكراتی، جۆرج كاكوك، ئەتێلا ئەرا كۆڤاج، ئەندامی سەكردایەتی‌و لێپرسراوی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتەكە كۆبۆوە.
لەدیدارەكەدا، هەڤاڵ لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، رەزامەندی پەرلەمانی هەنگاریای لەسەر بڕیاری ناردنی هێز بۆ كوردستان‌و هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگەی، بەهەڵوێستێكی مێژووی ناوبرد لەدژی تیرۆریستان‌و لەپێناو بەردەوامی دیموكراسی‌و ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە لەساڵی (2002)دا سەرۆك مام جەلال لەئەمریكا رایگەیاندووە كە دەبێ‌ دیموكراسی لەتەواوی جیهاندا گەشە بكات، بۆ ئەوەی بتوانین رووبەڕووی نەیارانی دیموكراسی ئازادی ببینەوەو وتیشی: یەكەم حزبی سیاسیش بووین لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، كە لەدوای كارەساتی یانزەی سێپتێمبەر رامانگەیاند كە لەبەرەی دژی تیرۆرین.
رونیشیكردەوە، كە لەئێستادا كوردستان بەقۆناغی گوزەری دیموكراسی‌و پرسیارە نوێیەكاندا تێدەپەڕێت‌و باوردۆخی ئێستای هیچ بەشێكی كوردستانیش، وەك قۆناغی رابردووی پێش جەنگی سارد نییە، كە ئەوكاتە هیچكام لەحكومەتەكان وەك گەلانی جیهان سەیریان نەدەكردین‌و رونیكردەوە كە جگە لەهەڵوێستی مرۆڤایەتی، هیچ جۆرە ستراتیژێكیان بۆ دۆخی گەلەمان نەبووە.
هەڤاڵ لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، لەچوارچێوەی ئەو گۆڕانكارییانەی هەلومەرجی ئێستای ناوچەكەدا لەئارادایە، ئاماژەی بۆ شكستی یەك لەدوای حكومەتەكان لەناوچەكە كردو، لەو بارەیەشەوە، تێڕوانینەكانی سەبارەت بارودۆخی سوریا‌و خەباتی گەلەكەمان لەرۆژئاوای كوردستان خستەڕوو، تەئكیدیی كردەوە كە كورد‌و هێزی پێشمەرگەی كوردستان، ئێستا لەناوچەكەدا رووبەڕووی داعش‌و مەترسییەكانی تیرۆریستان بوینەتەوە‌و هێزێكی كاریگەرن بۆ پاراستنی ئاسایشی نەك ناوچەكە، بەڵكو جیهان‌و رایگەیاند: كورد، وەكو هەموو گەلانی ناوچەكە لەسەركەوتنی گەورە‌و ئاییندەیەكی گەشی لەبەردەمدایە‌و وتیشی: چیتر مێژوو ناگەڕێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم، بۆیە پێویستە بەگرنگیی زیاترەوە لەرۆژهەڵات بڕوانرێت‌و لەرۆژهەڵاتیشدا پێویستە بایەخی زیاتر بەكورد پرسی نەتەوەیی‌و مافە دیموكراسییەكانی بدرێت.
هەڤاڵ لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، قۆناغی گوزەری دیموكراسی‌و بەردەوامی گەشەی پرۆسەكەی لەكوردستان بەگرنگ بۆ عیراق‌و رۆژهەڵاتیش زانی‌و بەئاماژەكردنیش بۆ گفتوگۆكان لەسەر دەستوری كوردستان‌و سیستمی پەرلەمانی، زانیاری پێویستی سەبارەت بەكۆی بارودۆخی كوردستان‌و پرۆسەی دیموكراسی لەكوردستاندا خستەڕوو.
لەلایەن خۆشییەوە، جورجان فەرەنس، سەرۆكی پارتی هاوپەیمانی دیموكراتی، (كە بۆ دوو خول سەرۆك وەزیرانی هەنگاریا بووە)، سوپاسی شرۆڤەو خوێندنەوەكانی هەڤاڵ مەلا بەختیار كرد، سەبارەت بەبارودخی كوردستان‌و عیراق‌و ئەو هەلومەرجەی ئێستا لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و بەتایبەت وڵاتانی عەرەبی لەدوای شەڕی یەمەنەوە هاتۆتە ئارا.
هاوكات ئاماژەی بۆ ئەزمونەكانی مێژووی رابردووی ئەوروپا‌و گەشە‌و چەسپاندنی دیموكراسی كردو رونیكردەوە كە: ئەو نەتەوانەی دەوڵەتیان نییە، بۆ چەسپاندنی دیموكراسی دەبێ‌ باجی زیاتر بدەن.
جورجان فەرەنس، لەبەشێكی تری گفتوگۆكەیدا، ئاماژەی هەلومەرجی وڵاتەكانی رۆمانیا‌و سلۆڤاكیا‌و بارودۆخی وڵاتەكەی كردو رونیكردەوە، ئەگەرچی هەنگاریا سەد ساڵە دامەزراوە، بەڵام هێشتا خەڵك قەناعەتی تەواوی نییەو كێشەو گرفتی خۆی هەیە.

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە