کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

گالبرێس: سه‌رۆك مام جه‌لال له‌هه‌موو قۆناغێكدا رۆڵی گرنگی هه‌بووه‌

.

03:03 PM - 17/04/2015

سه‌رۆك مام جه‌لال له‌ سلێمانی، پێشوازیكرد له‌ باڵیۆز پیته‌ر گالبرێس دیپلۆماتی ناسراوی ئه‌مریكاو دۆستی دێرینی سه‌رۆك مام جه‌لال و گه‌لی كوردستان.

له‌و دیداره‌دا سه‌رۆك مام جه‌لال به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ به‌خێرهاتنی دۆستی دێرینی خۆی و گه‌لی كوردستان و گه‌لانی عیراقی كرد. پیته‌ر گالبرێس-یش سوپاسی ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی دیداره‌كه‌ی كردو شادمانی خۆی ده‌ربڕی به‌دووباره‌ بینینی دۆستی دێرینی خۆی و رابه‌ری دیموكراسی له‌ عیراق و كوردستان و خۆشحاڵبوو كه‌ سه‌رۆك تاڵه‌بانی ته‌ندروستی زۆرباشه‌و له‌به‌ره‌وپێشچوونی به‌رده‌وامدایه‌.

هه‌ر له‌و دیداره‌ دۆستانه‌یه‌دا، كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ د.له‌تیف ره‌شید راوێژكاری پێشكه‌وتووی سه‌رۆك كۆماری عیراق و د.نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری كه‌ركوك و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاماده‌بوون، رووناكی خرایه‌سه‌ر بارودۆخی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی كه‌ له‌ژێر كاریگه‌ریی هه‌ژانێكی فره‌جه‌مسه‌ری و هه‌مه‌لایه‌نه‌دایه‌، له‌وباره‌یه‌وه‌ گالبرێس گرنگی و بایه‌خی رۆڵی سه‌رۆك مام جه‌لالی خسته‌ڕوو كه‌ له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا چه‌نده‌ ئه‌هه‌میه‌تی هه‌یه‌، چونكه‌ به‌ڕێزیان له‌هه‌موو وێستگه‌و قۆناغه‌كاندا رۆڵی گرنگی هه‌بووه‌، به‌وپێیه‌ی به‌درێژایی نزیكه‌ی 60 ساڵ به‌ڕێزیان خه‌باتیان كردووه‌ له‌پێناوی هێنانه‌كایه‌ی سیستمێكی دیموكراسی فره‌یی فیدرالی له‌ عیراقدا، له‌و خه‌باته‌شدا رۆڵی رابه‌رو سه‌ركرده‌یه‌كی ژیرو حه‌كیمی بینیوه‌، بۆیه‌ ئاگاداری هه‌موو كێشه‌كانه‌و شاره‌زای رێگه‌چاره‌كانیشه‌.

گالبرێس ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ سه‌رۆك مام جه‌لال له‌دوای رووخانی دیكتاتۆریه‌ت، رۆڵی مه‌زنی هه‌بووه‌و هه‌م چه‌تری هه‌موو عیراقییه‌كان بووه‌، هه‌م له‌ كوردستان رۆڵێكی بێوێنه‌ی بینی بۆ چه‌سپاندنی یه‌كڕیزیی و ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیانی هێزه‌كان وه‌ك چۆن له‌ئاستی عیراقیشدا چه‌تری كۆكه‌ره‌وه‌ بووه‌، له‌ داڕشتن و نووسینه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی ده‌ستوورێكی دیموكراسی بۆ عیراقی نوێ و بنیاتنانه‌وه‌ی عیراق له‌سه‌ر بنه‌ماكانی دیموكراسی و یه‌كسانی و ئازادیی رۆڵێكی دیارو به‌رچاوی هه‌بووه‌ كه‌ هه‌رگیز له‌یادناكرێت.

له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌شدا باڵیۆز گالبرێس ئومێدو گه‌شبینی ده‌ربڕی بۆ زیاتر باشبوون و به‌ره‌وپێشچوونی ته‌ندروستی سه‌رۆك مام جه‌لال كه‌ له‌ ئایینده‌دا باشتر به‌دیداری ئه‌م رابه‌ره‌ شادبێت، كه‌ چاكه‌كانی هه‌میشه‌ له‌ یاده‌وه‌رییه‌كاندایه‌.

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە